10
سامسۆنگ 23, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

سامسۆنگ داوا لە کڕیارانی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold دەکات بە وریایی ئاگایان لە مۆبایلەکە ببێت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold ـی لە سەرانسەری جیهاندا بەردەستکرد. ئەمەش لە کاتێکدا کە وا بڕیار بوو لە مانگی 4 ـی ئەمساڵدا بەردەست بکرێت، بەڵام لەو کاتەدا چەند یەکەیەک لە مۆبایلە چەماوەییەکە بۆ ڕۆژنامەنووس و هەڵسەنگێنەران بەردەستکرا و دەرکەوت کە مۆبایلەکە کێشەی ڕوونمای هەبوو، هەر بۆیە کۆمپانیای سامسۆنگ بڕیاری دا ڕێکەوتی بەردەستکردنی دوا بخات تاوەکو بە یەکجاری سەرجەم کێشەکانی چارەسەر دەکات.

کۆمپانیای سامسۆنگ ڤیدیۆیەکی لە یوتیوب بڵاوکردۆتەوە، تێیدا داوا لە کڕیارانی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold دەکات بە وریاییەکی زۆرەوە ئاگاداری مۆبایلە چەماوەییەکەیان ببن. لە سەرەتای ڤیدیۆکە، سامسۆنگ باس لەوە دەکات کە مۆبایلە چەماوەییەکە خاوەن توێژاڵی پارێزگاریکردنی ڕوونمایە و پێویستی بە پێوەکردنی هیچ توێژاڵێکی دیکە نییە — لێکردنەوەی توێژاڵی ڕوونمای مۆبایلە چەماوەییەکە یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی ڕوونمای مۆبایلەکە بوو لە لای هەڵسەنگێنەران.

لە پاشان، ڤیدیۆکە ڕوونی دەکاتەوە کە بڕبڕەکانی مۆبایلە چەماوەییەکە پێکەوە بەستراون، هەر بۆیە پێویست دەکات کە مۆبایلەکە لە ئاو و خۆڵ بپارێزێت. کاتێک سامسۆنگ لەم دواییەدا دیزاینی مۆبایلەکەی کردەوە، کڵاوی بۆ بەشی سەرەوە و خوارەوەی مۆبایلەکە زیادکرد، بەڵام ڕوون نییە کە بۆچی تاوەکو ئێستا سامسۆنگ ترسی لە تێچوونی ئاو و خۆڵ هەیە بۆ نێو مۆبایلەکە.

لە کۆتایدا، ڤیدیۆکە دەڵێت پێویستە بەکارهێنەران مۆبایلەکە لە شوێنێکی ستراتیجی و تایبەتدا هەڵبگرن، هەروەها نابێت نزیکی کلیل یاخود پارەی ئاسن و ماددە ئاسنییەکان ببێت، ئەگەر نا زیانی پێ دەگات. هەروەها ناشبێت لە نزیک کارتە بانکییەکانەوە دابنرێت.

ڤیدیۆکە بەوە کۆتایی دێت کە دەڵێت خزمەتگوزاری Galaxy Fold Premier Service ـی سامسۆنگ یارمەتیت دەدات لە هەر پێویستییەک سەبارەت بە مۆبایلە چەماوەییەکە. ئەمە تەواوی ڤیدیۆکەیە:

پێش ئەوەی 2,000$ بە مۆبایلێک بدەیت، دوو جار بیر بکەرەوە!

بۆچونی تۆ