سامسۆنگ

لە دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر لە بەکارهێنان، کێشە کەوتە ڕوونمای چەند یەکەیەکی مۆبایلی چەماوەیی گالەکسی Fold

2 ڕۆژ پێش ئێستا کۆمپانیای سامسۆنگ چەند یەکەیەکی لە مۆبایلی چەماوەیی گالەکسی Fold ـی بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەڵسەنگێنەرەکان بەردەست کرد. بەڵام هەر لە سەرەتای 48 کاتژمێر و کەمتر لە بەکارهێنەران، ڕوونمای هەندێک لە مۆبایلە چەماوەییە 2.000$ ـییەکەی سامسۆنگ لای هەندێک لە هەڵسەنگێنەران تووشی خراپ بوون بوون.

هەندێک لەو ڕۆژنامەنووس و هەڵسەنگێنەرانەی کە مۆبایلە چەماوەییەکی سامسۆنگیان بە دەست گەیشتبوو، لە دوای ڕۆژێک یان 2 ڕۆژ لە بەکارهێنان، ڕوونمای مۆبایلەکەیان تووشی خراپ بوون بوون، بە بێ هیچ ئازاردانێک بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ڕوونماکە. بەڕێز Dieter Bohn لە پێگەی The Verge ڕایگەیاند کە گالەکسی Fold ـەکەی تووشی ئاوسان بووەتەوە لەسەر ناوەڕاستی ڕوونماکەی. ئاوسانەکە کەم نییە و ئاشکرای دەکات کە دەتوانێت بە پەنجەکانی هەستی پێ بکات.

Dieter Bohn تاکە کەس نییە کە تووشی خراپ بوونی ڕوونمای گالەکسییە چەماوەکەی بووبێتەوە. یوتوبەری بەناوبانگ بەڕێز Marques Brownlee تووشی توێژهەڵدانی چینی پارێزەری ڕوونمای گالەکسی Fold ـەکەی بووەتەوە لە بەشی خوارەوەی ڕوونماکەیدا.

هەر یەکە لە بەڕێزان Mark Gurman لە پێگەی Bloomberg و Steve Kovach لە پێگەی CNBC تووشی حاڵەتێکی جیاوازتر بوونەتەوە. بەشێکی ڕوونمای گالەکسییە چەماوەکەیان تووشی لە کار کەوتوون بوون، وە لای Mark Gurman هەندێک جار ڕووناکی ڕوونماکەی هەڵ دەبێت و دەگوژێتەوە.

سامسۆنگ دەڵێت لە ئەگەری لابردنی چینی پارێزەری ڕوونمای چەماوەکە، ئەگەری توشبوون بە زیانی ڕوونمای ئامێرەکە درووست دەبێت. بەڵام Mark Gurman و Steve Kovach چینی پارێزەری ڕوونماکانیان لانەبردوو، دوا جار تووشی حاڵەتی تێکچوونی ڕوونماکانیان هاتن.

سامسۆنگ بە فەرمی وەڵامی سەبارەت بە کێشەی ڕوونماکانی مۆبایلە چەماوەییەکەی دایەوە و وتی:

ئەو ژمارە کەمەی کە لە گالەکسی Fold بەردەست کراون تایبەتن بە میدیایەکان بۆ هەڵسەنگاندن. هەندێک سکاڵامان پێ گەیشتووە سەبارەت بە ڕوونمای سەرەکی مۆبایلە چەماوەکە. ئێمە بە تەواوی ئەو یەکانە دەپشکنین کە تووشی کێشەی ڕوونمای مۆبایلەکە هاتوون بۆ دیاریکردنی کێشەکە.

هەندێک لەو هەڵسەنگێنەرانە دەڵێن کە بە هۆی سڕینەوەی چینی سەرەوەی مۆبایلەکانیان تووشی کێشەی ڕوونما بوون. ڕوونمای سەرەکی گالەکسی Fold خاوەن تایبەتمەندی چینی پارێزەرە. کە بەشێک لە ڕوونماکە دیزاین کراوە تا ڕوونماکە لە ڕووشان و کاریگەری نەخوازراو بپارێزێت. سڕینەوەی ئەو چینە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ڕوونمای سەرەکی مۆبایلەکە.

لە دوای چەند مانگێک لە پڕوپاگەندە و زانیاری دزەپێکراو، سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی گالەکسی Fold ـی بە نرخی 1.980$ نمایشکرد. لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆمپانیاکە کڕینی بە شێوەی داواکاری پێشوەختە بۆ مۆبایلەکە بەردەست کرد. وە 2 ڕۆژ لەمەوبەر چەند یەکەیەک بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەڵسەنگێنەران بەردەستکرا و وا بڕیارە لە 26 ـی ئەم مانگەدا بە فەرمی بەردەست بکرێت.

18 نیسان، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
840