10
شاومی 26, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

شاومی کار لەسەر گەشەپێدانی یەکەمین مۆبایل دەکات کە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەبێت بە ڕوونی 8K

لەم ماوەیەی ڕابردوودا، کۆمپانیای شاومی چینی زۆرترین ئامانجی لەسەر پەرەپێدانی کامێرای مۆبایلە زیرەکەکانی بووە. ئاشکرا بوو کە کۆمپانیاکە کار لەسەر گەشەپێدانی یەکەمین مۆبایل دەکات کە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەبێت بە ڕوونی 8K و چوارچێوەی 30fps.

لە چەند کۆدێکی ئەپی MIUI camera لە ڕووکاری MIUI 11 ـدا ئاشکرابوو کە مۆبایلی داهاتووی شاومی توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆکانی بە ڕوونی 8K و چوارچێوەی 30fps و وردی نیشاندانی 7,680 بە 4,320 پێکسڵی دەبێت. تەنانەت لە نێو کۆدەکانی ئەپی MIUI camera ـدا وێنۆچکەی 8K 30fps ـیش بەدی کراوە.

لە ئێستادا تەنها پڕۆسێسەرەکانی Exynos 9820 و 9825 ـی کۆمپانیای سامسۆنگ پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 8K دەکەن، وا دیارە شاومی لە مۆبایلە نوێیەکەدا پڕۆسێسەری داهاتووی Qualcomm بەکاردەهێنێت.

تاوەکو ئەم ساتە بە تەنها مۆبایلەکانی Nubia Red Magic 3 و Asus ZenFone 6 و ROG Phone 2 پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 8K دەکەن تاوەکو چوارچێوەی 24fps و کەمتر، شاومی دەیەوێت بەسەر سەرجەم مۆبایلەکاندا بکەوێت و یەکەمین مۆبایل بە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 8K و چوارچێوەی 30fps ـەوە ڕابگەیەنێت.

بۆچونی تۆ