ئەندرۆید
27, ئەیلوول 2019
گووگڵ وەشانی Android 10 Go ـی بۆ مۆبایلە ئاست نزمەکان بە خاوەن خێراییەکی زۆرەوە ڕاگەیاند

لە پاش ئەوەی وا خەریکە 2 ساڵ تێپەڕ دەکات بەسەر ڕاگەیاندنی سیستەمی Android Go لە لایەن گووگڵەوە بۆ مۆبایلە ئاست نزم و هەرزانەکان، کۆمپانیاکە وەشانی Android 10 Go ـی بە خاوەن خێراییەکی زۆرەوە ڕاگەیاند.
گووگڵ درک بەوە دەکات کە هیچ نوێکارییەکی دیاری لە وەشانەکەدا ئەنجام نەداوە، بەڵکو بە تەواوی تیشکی خستۆتە سەر خێرایی و توانای سیستەمەکە. دەگوترێت Android 10 Go ـی نوێ لە توانایدا دەبێت بە ڕێژەی 10% ئەپەکان خێراتر بکاتەوە، هەروەها قەبارەی ئەپە بنەڕەتییەکان دەکات بە نیوە بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بڕێکی زۆری فراوانی بیرگەی بۆ بگەڕێتەوە. سیستەمەکە توانای دەبێت لەسەر مۆبایلێکی خاوەن ڕامی 1.5 گێگابایت و کەمتریش کار بکات.

هەروەکو وەشانی پێشووتری، ئەم وەشانە نوێیەی Android Go ـیش بە شێوەیەکی بنەڕەتی خاوەن ئەپەکانی Google Go ـی وەکو Gallery Go و YouTube Go و Maps Go و Google Files و زیاتر دەبێت. هەروەها پشتگیری لە هاوبەشیپێکردنی پەڕگەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئامێرەکاندا دەکات و گرنگی بە باشترکردنی زانیارییەکان دراوە.
گووگڵ سیستەمی Android Go تاوەکو ئێستا لە لایەن 500 کۆمپانیا و لە 180 وڵاتی جیاواز و لەسەر زیاتر لە 1,600 مۆدێلی جیاوازی مۆبایلی ئاست نزم و هەرزاندا بەکارهاتووە، ئەمەش مانای سەرکەوتویی سیستەمەکە ئاشکرا دەکات.
وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا دەست بکرێت بە بەردەستکردنی مۆبایلە کارکردووەکان بە وەشانی نوێی Android 10 Go.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.