ئای ئۆ ئێس
27, ئهیلول 2019
ئەپڵ 2 هێندە زیاتر زمانی Swift ـی لە جیاتی Objective-C لە iOS 13 بەکارهێناوە

کۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی 2014 و لە میانەی ئەنجامدانی کۆنگرەی WWDC 14 ـەدا, زمانی پڕۆگرامسازی Swift ـی ڕاگەیاند. زۆری نەبرد و زمانەکە بووە پڕخواستترین و ملیۆنان بەکارهێنەری لە خۆی کۆکردەوە، هەروەها بە ماوەی ئەو چەند ساڵە کەمە، زمانەکە هاتە ڕیزبەندی باشترین 10 زمانە پڕۆگرامسازییەکان لە جیهاندا و بە پێی چەند پێگەیەک بۆ ئەمساڵ لە پلەی 9 ـهەمدایە. زمانی Swift بە داهاتووی سەکۆیەکانی ئەپڵ ناودەبرێت.
لە ساڵی 2015 و لەگەڵ ڕاگەیاندنی iOS 9 ـدا، کۆمپانیای ئەپڵ بۆ یەکەمجار زمانی Swift ـی بۆ درووستکردنی ئەپێکی سەرەکی بەکارهێنا، ئەویش ئەپی Calculator بوو. لەو ساتەوە، بەکارهێنانی زمانەکە لە جیاتی زمانی بەتەمەنی Objective-C لە لایەن ئەپڵەوە بۆ درووستکردنی ئەپ و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان زیادی کردووە.
بەڕێز Alexandre Colucci کە لە سەردەمی iOS 9 ـەوە بە بەردەوامی ئاگاداری بەکارهێنانی زمانی Swift ـە لە لایەن ئەپڵەوە، ڕایگەیاند کە لە وەشانی iOS 13 ـی ئەمساڵدا ئەپڵ 2 هێندە زیاتر زمانی Swift ـی بۆ درووستکردنی ئەپ و خزمەتگوزارییە جیاوازەکانی دیکەی لە جیاتی زمانی Objective-C بەکارهێناوە لە چاو وەشانی iOS 12، بە شێوەیەک کە کۆمپانیاکە لە iOS 13 ـدا زمانی Swift ـی بۆ درووستکردنی 141 خزمەتگوزاری و ئەپی جیاواز بەکارهێناوە.
هەریەکە لە ئەپە نوێیەکانی Sidecar و Find My و Reminders و ئەپە داڕێژراوەکانی Health و Books و Shortcuts لە وەشانی iOS 13 بە زمانی Swift درووست کراون. چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ئەپڵ زۆرینە یاخود سەرجەم ئەپەکانی خۆی بە زمانی Swift دابڕێژێتەوە و بە یەکجاری واز لە زمانی Objective-C بهێنێت.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.