10
ڕێنمایی 29, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

کۆمەڵێک هەنگاو بۆ دوورکەوتنەوە لە بە فیڕۆدانی کات لە یوتیوب و نقوم بوون لە تەماشاکردنی

پێش چەندین ساڵ لەمەوبەر ماڵپەڕی یوتیوب بەو شوێنە ناسرابوو کە ڤیدیۆی ئاژەڵەکان یاخود کەوتنی خەڵکی بە شێوەی پێکەنیناوی تێدا تەماشا دەکرا، لەم سەرەتا سادەیەشەوە یوتیوب دەستی پێکرد و ئێستاش یەکێکە لەو ماڵپەڕانەی زۆرترین بینەر و سەردانیکەری هەیە و تەنانەت لە ماوەی خوێندنەوەت بۆ ئەم دێڕەدا ڤیدیۆی دەیەها کاتژمێر لە ماڵپەڕەکەدا بەرزکراوەتەوە.

بێگومان وەک ئاشکرایە تۆی بەکارهێنەر بەشێکیت لە یوتیوب هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەو خوارزمیەیە ماڵپەڕی ناوبراو بەکاریدەهێنێت بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەر و پێدانی پێشنیاری دیاریکراو بە بەکارهێنەر، ئەمەش وا دەکات بەکارهێنەر چەندین کاتژمێر لە تەماشاکردنی ڤیدیۆکاندا بە فیڕۆ بدات.

هەربۆیە بە پێویستم زانی لەم بابەتەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ بدەم و تایبەتی بکەم بەوەی چۆن کۆنتڕۆڵی کاتەکانمان بکەین لە ماڵپەڕی یوتیوبدا و بتوانین تەماشاکردنی یوتیوب بکەینە شتێکی بەسوود لە جیاتی ئەوەی ببێتە کونێکی ڕەش و کاتەکانمان بخوات!

10 هەنگاو بۆ دوورکەوتنەوە لە بەفیڕۆدانی کات لە یوتیوب:-

یوتیوب بە بەردەوامی مەکەرەوە و کات و حاڵەتی دیاریکراوی بۆ دابنێ

ئەم هەنگاوە یەکەم و دەتوانم بڵێم گرنگترینیانە چونکە ڕۆشتنە نێو یوتیوب وەک هاتنە دەرەوە نیە لێی و زۆر ئاسانە چەندین کاتژمێر لە دەست بدەیت بێ ئەوەی بزانیت یاخود هەستی پێ بکەیت. هەر بۆیە باشترە کاتی تەماشاکردنی یوتیوب دیاری بکەیت بە نموونە لە بەیانیان یاخود ئێواران بەمەش ڕێژەیەکی دیاریکراوت دەبێت بۆ ئەو کاتەی بە فیڕۆی دەدەیت، هەروەها ئەم ڕێژە دیاریکراوەش لەوانەیە کاتی دەرچوونت لە ماڵ بۆ شوێنی کار بێت یاخود کاتی پێش خەوتن بێت.

لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر دەتەوێت تەماشای یوتیوب بکەیت بۆ خۆشی یاخود کات بەسەر بردن ئەوا پێش دەست پێکردن دڵنیاببەوە لەوەی هیچ کارێک یاخود ئەرکێکت نیە ئەنجامی بدەیت بۆ چەند کاتژمێری داهاتوو چونکە دواخستنی هەر کارێک بۆ پاش تەماشاکردنی ڤیدیۆ زۆرینەی کات دەبێتە هۆی بیرچوونەوە بۆ ئەرکەکەت، هەر بۆیە دڵنیاببەوە لە نەبوونی هیچ کارێک کە پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی بدەیت چونکە لە کۆتاییدا دوادەکەویت یاخود بە تەواوی لە بیری دەکەیت ئەنجامی بدەیت.

ئەوەی دەتەوێت ڕاستەوخۆ بە شوێنیدا بگەڕێ نەوەک بە شێوەیەکی گشتی

زۆرینەی کات هەموومان بە مەبەستی گەڕان بۆ پێکهاتەیەکی تایبەت سەردانی یوتیوب دەکەین و دەمانەوێت ئەنجامێکی بەسوود بەدەست بهێنین، بەڵام بێگومان ئەنجامەکانی گەڕانیش زۆر کات لە ئامانجە سەرەکییەکەت کە بۆی گەڕاویت لات دەدات و پێکهاتەی جیاواز و هەڕەمەکیت بۆ دەردەکەوێت ئەمەش بێگومان دوژمنی سەرەکی هەر بەکارهێنەرێکە کە دەیەوێت کاتی بەفیڕۆ نەدات.

هەر بۆیە هەمیشە هەوڵبدە ئەوەی دەتەوێت بە شوێنیدا بگەڕێیت بە تەواوی وشەکانی دیاری بکەیت و هەرگیز یەک وشە بەکارمەهێنە بۆ گەڕان چونکە لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی پێکهاتەی گشتی و هەڕەمەکی دەبیتەوە.

لەگەڵ گەڕانەکانت Filter بەکاربهێنە

یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی لای زۆرینەمان فەرامۆش کراوە پاڵاوتەر یاخود فلتەری یوتیوبە لە کاتی ئەنجامدانی گەڕانەکان، ئەم فلتەرانە یاریدەدەرێکی زۆر باشن بۆ دیاریکردنی ئەو پێکهاتەیەی دەتەوێت بە شوێنیدا بگەڕێیت بە شێوەیەک دەتوانیت بەرواری بەرزکردنەوەی ڤیدیۆکە یان جۆری ڤیدیۆکە فیلم بێت یاخود زنجیرە بێت یان تەنانەت ماوەی ڤیدیۆکەی چەندە بێت سەرجەمیان دەتوانیت دیاری بکەیت.

هەر بۆیە گەر دەتەوێت ئەو پێکهاتەیەی مەبەستە بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر دەستت بکەوێت ئەوا بێگومان فلتەرەکانی گەڕان بەکاربهێنە.

کاتێکی دیاریکراو دابنێ بۆ گەڕان بە شوێن ئەوەی دەتەوێت و پێوەی پابەند بە

لە حاڵەتێکدا گەر دەتەوێت بگەڕێیت بە شوێن شتێکی دیاریکراو یان زانیارییەک لە یوتیوب ئەوا پێویستە ئاگادارکەرەوەیەکی خێرا دابنێیت هەتاوەکو پاش ماوەیەکی دیاریکراو ئاگادارت بکاتەوە. ئەم ئاگادارکەرەوەیەش بێگومان زۆر گرنگە چونکە لە ڕێگایەوە بەکارهێنەر دەگێڕێتەوە سەر ئەو پێکهاتەیەی دەیەوێت بۆی بگەڕێت و ڕێگری دەکات لە بێسەروشوێن بوونی لە ماڵپەڕەکەدا.

باشترین شێوازیش بۆ ئەمە دانانی دوو ئاگادارکەرەوەیە یەکێکیان بۆ 15 خولەکی داهاتوو بێت و ئەوی دیکەش بۆ 30 خولەک بێت، لێرەشدا مەبەست لە ئاگادارکەرەوەی یەکەم بیرخستنەوەی بەکارهێنەرە بۆ ئەو شتەی دەیەوێت بە شوێنی بگەڕێت و ئاگادارکەرەوەی دووەمیش بۆ ئەوەیە گەر بەکارهێنەر لە ماوەی ئەو 30 خولەکەدا نەگەیشتە ئەنجامێک ئەوا چیدیکە هەوڵی بۆ نەدات چونکە چیدیکە ناگاتە ئەو پێکهاتەیەی مەبەستی بووە.

ڕێگە مەدە ناونیشان و وێنەی هەڵخەڵەتێنەری سەر ڤیدیۆکان سەرنجت ڕابکێشن

ئەگەر بە شوێن پێکهاتەیەک بگەڕێیت تەنانەت بە زمانی ئینگلیزی یان کوردی یان هەر زمانێکی دیکە ئەوا بە دڵنیاییەوە پێکهاتەی هەڵخەڵەتێنەر لە دەوروبەرت دەبن، بەڵام ئەگەر بێتە سەر پێکهاتەی یوتیوبی کوردی ئەوا لێرەدا دەبینیت شتەکە مەترسیدارتر و بگرە بەربڵاوترە چونکە هەتاوەکو ئێستاش زۆرینەی خاوەن کەناڵە کوردییەکان لە یوتیوب لە ڕێگای ناونیشان و وێنەی سەر ڤیدیۆ (thumbnail)ـی هەڵخەڵەتێنەر بینەر پەیدا دەکەن.

هەر بۆیە زۆر سادەیە تۆی بینەر هیچ ڤیدیۆیەک مەکەرەوە کە هەڵگری ناونیشانی وەک “زۆر سەرنج ڕاکێشە!!!” “ببینە چ ڕوویدا” “شۆک شۆک” وە چەندینی دیکەش کە دڵنیام زۆرینەی کەوتوونە بەرچاومان.

تایبەتمەندی Watch Later بەکاربهێنە یان لیستێکی تەماشاکردن دروست بکە

لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە هەندێک سەخت بێت تەماشای ڤیدیۆیەکی پێشنیارکراوی یوتیوب نەکەیت کە هەڵگری ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشە یاخود بەرهەمی کەناڵێکە کە گرنگ و خۆشەویستە لە لات، ئەمەش بێگومان لە کاتی گەڕانت بۆ پێکهاتەیەکی بەسوود لە یوتیوب ڕووبەڕووت دەبێتەوە بەڵام تۆی بەکارهێنەر دەتوانیت لە ڕێگای تایبەتمەندی Watch Laterـەوە ڤیدیۆکە لە کاتێکی دیکەدا تەماشا بکەیت.

لێرەشدا مەبەستمان لەم تایبەتمەندیە زیادکردنی ڤیدیۆکەیە بۆ بەشی Watch Later و پاشان بینەربوونی لە کاتێکی دیکەدا کە هیچ ئەرک و کارێکت نیە، لەگەڵ ئەمەشدا تۆی بەکارهێنەر دەتوانیت لیستی جیاواز و تایبەت بە هەر پێکهاتەیەک دروست بکەیت و ڤیدیۆ پێشنیارکراوەکانی بۆ زیاد بکەیت هەتاوەکو دووبارە و لە کاتێکی گونجاودا بینەریان ببیت.

هەمیشە لە بەشی لێدوانەکان یان کۆمێنتەکان دووربکەوە

ئەگەر شتێک هەبێت زیاتر لە خوودی پێکهاتەکە کات بە فیڕۆبدات ئەوا لێدوانەکانە چونکە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا و لە کاتی خوێندنەوەت بۆ لێدوانەکات دەبینیت کاتێکی زۆرت بە فیڕۆداوە لە خوێندنەوەی هەندێک شتی بێکەڵک یاخود گفتوگۆ و دەمەقاڵێی قووڵ. لە خراپترین حاڵەتیشدا لەوانەیە خۆت ببینیتەوە لە دەمەقاڵێیەکدا و چەندین کاتژمێر بە فیڕۆبدەیت بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ کەسانێک نایان ناسیت و لەسەر کۆمەڵێک شتی لاوەکی کە لەوانەیە پەیوەندی بە ڤیدیۆکەشەوە نەبێت.

بێگومان ئەگەریش ئەو ڤیدیۆیەی تەماشاشی دەکەیت کوردی بێت ئەوا خوێندنەوەی لێدوانەکان خۆی بۆ خۆی تاوانێکی گەورەیە چونکە پێکهاتەی ڤیدیۆکە هەرچییەک بێت ئەوا هەمیشە لە لێدوانەکان بینەری کەسانێک دەبیت جنێو بە یەکتر دەدەن و دەمەقاڵێ لەسەر بابەتی سیاسی و چینایەتی و هتد دەکەن بێ هۆکاریش بێگومان! لە ئەنجامیشدا وات لێدەکات ڤیدیۆکە بە بیر ئاڵۆزییەوە جێبهێڵیت تەنانەت ئەگەر بابەتی دەمەقاڵێکەش گرنگ نەبێت لە لات.

لیستی پێشنیارکراوەکان بشارەوە و تایبەتمەندی AutoPlay ناچالاک بکە

لە حاڵەتی ئاساییدا ماڵپەڕی یوتیوب خۆکارانە هەڵدەستێت بە کارپێکردنی ڤیدیۆیەکی دیکە پاش تەواو بوونی ئەو ڤیدیۆیەی تەماشای دەکەیت ئەم تایبەتمەندییەش بێگومان مەبەست لێی هێشتنەوەی بەکارهێنەرە بۆ درێژترین ماوە لە نێو ماڵپەڕەکەدا، هەر بۆیە وەستاندنی ئەم تایبەتمەندییە لە گرنگترین کارەکانە بۆ گێڕانەوەی چەندین کاتژمێری بە فیڕۆدراو.

شتێکی دیکەش پێویستە ئاماژەی پێبکەین شاردنەوەی لیستی پێشنیارکراوەکانە بە تەواوەتی چونکە بە شاردنەوەیان بەکارهێنەر دەتوانێت جەخت لەسەر ئەو ڤیدیۆیە بکات کە دەیەوێت تەماشای بکات و بیرو بۆچوونی بۆ پێکهاتەی دیکە نەچێت. هەڵبەتە بەداخەوە لە ئەپی مۆبایلدا ئەندامدانی ئەم کارە مەحاڵە بەڵام لە وێبگەڕی کۆمپیوتەردا دەتوانیت ئەنجامی بدەیت ئەمەش لە ڕێگای زیادکراوەیەکە بۆ وێبگەڕەکەت بە ناوی Magic Enhancer. بێگومان زیادکراوەکە کاری دیکەی وەک دیاریکردنی بەردەوامی جۆرایەتی ڤیدیۆ بە شێوەی خۆکارانە و چەندینی دیکەشی لە ڕێگاوە دەتوانرێت پێ ئەنجام بدرێت.

ئاگاداری ئەو کەناڵانە بە سەبسکرایب یاخود بەشدارییان تێدا دەکەیت

تەماشاکردنی ڤیدیۆی کەناڵێک بەهانەیەکی بەس نیە بۆ سەبسکراب کردنی چونکە لە کاتێکدا هەندێک کەناڵ هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بە شێوەی هەفتانە یاخود مانگانە و بێگومان لەگەڵیدا گرنگی بە پێکهاتەکە دەدەن، لە هەمان کاتیشدا دەبینیت کەناڵی دیکە بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕۆژانە ڤیدیۆ بڵاودەکاتەوە لە کۆتاییشدا ئەمە وا لە تۆی بینەر دەکات خۆت ببینیتەوە لە نێو کۆمەڵێک ڤیدیۆی بێ کەڵک و بە فیڕۆدانی کاتێکی زۆر.

نموونەش بۆ ئەمە کەناڵی لیستەکانە وەک Watch Mojo و Top10s و چەندینی دیکە، ئەم کەناڵانە بە بەردەوامی هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و بەرزکردنەوەیان هەرچەندە هەندێک کات لەوانەیە هەڵگری ناونیشانی سەرنجڕاکێش بن بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێکهاتەکانیان خراپ و بێ کەڵکن، هەر بۆیە گەر بینەری کەناڵی لەم شێوەیە بیت ئەوا لەوانەیە پاش کاتژمێرێک خۆت ببینیتەوە تەماشای ڤیدیۆیەک دەکەیت لەسەر “باشترین 10 جۆری پیتزا لە جیهان” یان “سەیرترین ئەو جلانەی ئەستێرەکانی هۆڵیوود پۆشیویانە” بە پوختی ئەم جۆرە کەناڵانە خاوەنی پێکهاتەی ئاست نزم و بە فیڕۆدەری کاتن.

هەندێک لەو جۆرە کەناڵانەی پێویستە بە هەموو شێوەیەک دووربکەویتەوە لێیان:-

  • ڤیدیۆی کاردانەوەکان Reaction: ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە زۆر سەیرن تەنانەت پێکهاتە نین و بە شێوەیەکە کەسێک هەڵدەستێت بە تەماشاکردنی ڤیدیۆیەک لەگەڵیدا کاردانەوەی خۆی بۆ ڤیدیۆکە تۆمارکردووە
  • ڤیدیۆ درامییەکان: لەگەڵ بوونی چەندین یوتیوبەری بەناوبانگ کە زۆرینەیان وەک ئەستێرەیەک لە ئێستادا دەردەکەون زۆرینەی کات کێشە و گیر و گرفت دەکەوێتە نێوانیان، هەر بۆیە دەبینیت بە ڤیدیۆ وەڵامی یەکتر دەدەنەوە و ئەویان بەرامبەرەکەی تۆمەتبار دەکات و قسەی پێ دەڵێت
  • ڤیدیۆی ڤڵۆگەکان: وشەی فڵۆگ کورتکراوەی Video Blogـە بە واتای ئەوە دێت کەسێک هەڵدەستێت بە تۆمارکردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و هەوڵدەدات بە شێوازێکی سەرنجڕاکێشانە دەربکەوێت، هەرچەندە زۆرینەی کات ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە هەڵگری پێکهاتە و ناوەڕۆکی ساختەن و هیچ ڕاستییەکیان نیە و بێگومان بێ کەڵکن
  • ناونیشانە سەرنجڕاکێشەکان: بە ڕاستی لە لای خۆم ئەم جۆرەیان بێتامترین و بێ کەڵکترینیانە و ئاشکرایە لە یوتیوبی کوردیشدا چەندە بەربڵاوە بە شێوەیەک دەبینیت کەناڵێک تەنها بۆ کۆکردنەوەی بینەر هەڵدەستێت بە دانانی ناونیشانی بریقەدار یاخود بێ کەڵک، نموونەیەک بۆ جۆرەش وشەی “شۆک شۆک”ـە بە شێوەیەک هەرچیەک ڕووبدات ئەگەر گرنگیش نەبێت دەبێت ئەم وشەیەی لەگەڵ بێت.

لە کۆتاییشدا ڕای تۆی خوێنەر چییە و چ ڕێگایەک بە باشتر دەزانیت بۆ دوورکەوتنەوە لە ڤیدیۆ بێکەڵکەکان؟

بۆچونی تۆ