10
مایکرۆسۆفت 2, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

مایکڕۆسۆفت بە فەرمی ئامێری دووانە ڕوونمای Surface Neo ـی ڕاگەیاند

لە کۆنگرە تایبەتەکەی ئەمڕۆیدا، مایکرۆسۆفت پەردەی لەسەر ئامێرێکی نوێی لادا کە بە شۆڕشێکی نوێی لە دونیای ئامێرە زیرەکەکان وەسفکرد، ئەویش ئامێری دووانە ڕوونمای Surface Neo ـیە. Surface Neo خاوەن دوو ڕوونمای 9 ئینجییە کە بە ڕاگرەیەک بەیەکەوە لکێندراون و 360 پلە دەچەمێنەوە بۆ لای یەکتری. کێشی Surface Neo تەنها 655 گرامە و لە هەردوو لای ڕوونماکەیەوە 5.6 میلیمەتر ئەستورە.

جگە لەوەی ئەم ئامێرە خۆی دوو ڕوونمای هەیە و دەتوانرێت سود لە ڕوونمایەکی وەربگیرێت وەکو تەختەکلیل، ئەوا تەختەکلیلێکی لاشەیی واتە Physical ـیشان بۆ بەرهەمهێناوە و بە ئامێرەکەوە دەلکێت و زیرەکە. هەروەک ئامێرەکە پشتگیری لە پێنوسی Surface Pen دەکات و دەتوانرێت بە ئامێرەکەوە بلکێندرێت.

جیاواز لە ئامێرەکانی تریش Surface، ئەم ئامێرە بە وەشانێکی تایبەتی ویندۆز 10 بەناوی Windows 10X کار دەکات کە بۆ دوو ڕوونمایی گونجێندراوە و بە تایبەت دیزاین کراوە بۆ ئامێرە دووانە ڕوونماکان.

لە ناو ئەم ئامێرەدا، پڕۆسێسەرێکی تایبەت بە ئامێرە دوو ڕوونماکان هەیە بەناوی Intel Lakefield. هەروەک مایکرۆسۆفت پێی وایە ئەمە تەنها ئامێرێکی تر نییە، بەڵکو جۆرێکی نوێ و هاوپۆلێکی نوێیە لە دونیایی تەکنەلۆژیادا.

ئەم ئامێرە لە پشووی هاوینی ساڵی 2020 بەردەست دەبێت، ئەمەش واتای وایە مایکرۆسۆفت کاتی باشیان لەبەردەمە بۆ باشترکردنی ئەم ئامێرە و بەردەستکردنی خزمەتگوزاری و ئەپی زیاتر و زیاتر تاوەکو کاتی ڕاگەیاندنی.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ