10
مایکرۆسۆفت 2, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

مایکرۆسۆفت ئامێری Surface Pro X ـی بە پڕۆسێسەری SQ1 ـەوە ڕاگەیاند

ئەمڕۆ سەرباری ڕاگەیاندنی دوو نەوەی نوێ لە زنجیرەی Surface Pro و Surface Laptop، مایکرۆسۆفت پەردەی لەسەر بەرهەمێکی نوێ بە ناوی Surface Pro X بە پڕۆسێسەرێکی تایبەت بە خۆی بە ناوی SQ1 ـەوە لادا.

ئامێری Surface Pro X خاوەن ڕوونمایەکی 13 ئینجە و لاشەیەکی تەنکی هەیە. وەکو ئامێرەکانی دیکەی Surface، پشتگیری لە تەختەکلیلی Type Cover و پێنوسی Surface Slim دەکات. هەروەک بە وەشانی تەواوی ویندۆز 10 کار دەکات. Surface Pro X تەنکییەکەی 5.5 میلیمەترە و کێشی تەنها 760 گرامە. پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا و ڕایەڵەی LTE دەکات. ئەم ئامێرە تاوەکو 13 کاتژمێر پاترییەکەی بەرگە دەگرێت.

پڕۆسێسەری SQ1 لە لایەن کۆمپانیای کواڵکۆمەوە بە تایبەت بۆ ئەم ئامێرە بەرهەمهێندراوە کە بە وزەی 7 وات کار دەکات بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین توانست. ئەم پڕۆسێسەرە نوێیە توانای بەڕێکردنی 2 تێرافلۆپی لە هێزی گرافیک هەیە و خێراترین پڕۆسێسەری کواڵکۆمە کە تاوەکو ئێستا بۆ کۆمپیوتەر درووست کرابێت.

هەروەک ئەم ئامێرە خاوەنی بزوێنەرێکی ژیری دەستکردە (AI Engine)، کە ڕێگە بە جۆرێکی نوێی ئەپەکان دەدات لەسەر ویندۆز. لە ڕووی پەیوەستکردنەوە، ئەم ئامێرە خاوەن دوو دانە دەرچەی USB Type-C ـە لەگەڵ بوونی دەرچەی Surface Connect. شایەنی ئاماژەیە، مایکرۆسۆفت ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم ئامێرە دەتوانرێت بیرگە(هارد)ـەکەی دەربکرێت و بە ئاسانترین شێوە بگۆڕدرێت.

ئامێری Surface Pro X لە مانگی داهاتوودا بە نرخی 999$ بەردەست دەبێت. لە ئەمڕۆشەوە دەتوانرێت داواکاری کڕین بە شێوەی پێشوەختە تۆمار بکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ