10
سامسۆنگ 3, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

چیدیکە کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلەکانی لە وڵاتی چین بەرهەم ناهێنێت

لەم دواییەدا، زۆرینەی کۆمپانیاکان بە لێشاو وڵاتی چین چۆڵ دەکەن و ڕوو دەکەنە وڵاتانی چواردەوری چین بۆ بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان یاخود ئامێرەکانی دیکەیان، جا بە هۆکاری جەنگی بازرگانی ئەمریکا و چین بێت یاخود هەر هۆکارێکی دیکە. کۆمپانیای سامسۆنگیش چووە پاڵ ئەو کۆمپانیایانە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Reuters بێت، کۆمپانیای سامسۆنگ بە یەکجاری کۆتایی بە بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانی خۆی لە وڵاتی چین هێنا و سەرجەم کارگەکانی لە وڵاتەکەدا بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەک داخست. سامسۆنگ هۆکاری کۆتایهێنانی بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانی لە وڵاتی چیندا ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە لاوازی بەرزی فرۆشی مۆبایلەکانیان لەم دواییەدا لە چین تاکە هۆکاری سەرەکی ئەمە بووە.

سامسۆنگ لە پلانیدایە کە بەردەوام بێت لە فرۆشتنی مۆبایلە زیرەکەکانی لە وڵاتی چیندا، بەڵام تەنها بەرهەمهێنانیان لە دەرەوەی ئەو وڵاتەدا ئەنجام دەدات. لە ساڵی 2015 ـەدا کۆمپانیای سامسۆنگ زۆرینەی مۆبایلە زیرەکەکانی لە وڵاتی ڤێتنام بەرهەمهێنا، ساڵی ڕابردووش کۆمپانیاکە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی لە وڵاتی هیندستان کردەوە، وا دیارە لەمەودوا لەو کارگەیە بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانی.

وا خەریکە زۆینەی کۆمپانیا دەرەکییەکانی چین لە وڵاتەکەدا دەکشێنەوە و بە تەواوی مەیدانەکە بۆ شاومی و هواوەی و کۆمپانیا چینییەکانی دیکە چۆڵ دەبێت. لە ماوەی ڕابردووشدا کۆمپانیای گووگڵ شوێنی بەرهەمهێنانی مۆبایلەکانی پێکسڵی لە چینەوە گواستەوە بۆ ڤێتنام و دەنگۆ هەیە کە ئەپڵیش شوێنی بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکان لە چینەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازێتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ