گەرمترین
3, تشرینی یەکەم 2019
زۆرینەی تایبەتمەندییە گرنگەکانی مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL دزەیان پێکرا

“هیچ مۆبایلێک تاوەکو ئێستا هێندە تایبەتمەندی و وێنەکانی دزەیان پێ نەکراوە”
ئەمە یەکەم جار نییە کە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL دزەیان پێ دەکرێت، بێگومان کۆتا جاریش نابێت تاوەکو پێش ڕاگەیاندنی. بەڵام ئەمجارە جیاواز لە جارەکانی دیکە، تایبەتمەندییەکانی هەردوو مۆبایلەکە بە جارێک و بە شێوەی لیست بڵاوکرانەوە.
بە پێی وێنەیەکی دزەپێکراو بێت کە بە دەست پێگەی 9to5Google کەوتووە، زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL ئاشکرا بوون و پێکهاتوون لە گرنگترینیان. با لە Pixel 4 دەست پێ بکەین، مۆبایلی Pixel 4 خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 5.7 ئینج لە جۆری Smooth Display بە خێرایی 90 هێرتز و بە ڕوونی +Full HD. خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 2,800 ملی ئەمپێر.
سەبارەت بە مۆبایلی Pixel 4 XL، خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.3 ئینج بە خێرایی 90 هێرتز و بە ڕوونی +Full HD. هەروەها خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 3,700 ملی ئەمپێر.
لە تایبەتمەندییەکانی دیکەدا هەردوو مۆبایلەکە هاوبەشن، بە جۆرێک کە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 ـیان لەسەر جێگیر دەکرێن و خاوەن ڕامێک دەبن بە فراوانی 6 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی بە قەبارەی 64 یاخود 128 گێگابایت. لە پشتەوە خاوەن 2 دانە کامێرا دەبن بە ڕوونییەکانی 12 و 16 مێگاپێکسڵ و خاوەن دەرچەی USB-C و تایبەتمەندی ناسێنەرەوەی دەموچاو Face unlock و تایبەتمەندی Motion Sense دەبن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئاشکرا بووە کە مۆبایلەکان بۆ ماوەی 3 ساڵ بە بەردەوامی وەشانەکانی Android ـیان بۆ ڕەوانە دەکرێت.
تاوەکو ئێستا هیچ مۆبایلێک هێندەی مۆبایلە نوێیەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL تایبەتمەندی و وێنەکانیان دزەیان پێ نەکراوە و بڵاونەکراونەتەوە. دەتوانین بڵێین پێویست بە نمایشکردنی مۆبایلەکان لە لایەن گووگڵەوە ناکات، چونکە هەر لە بچووکترین تایبەتمەندی تاوەکو دیزاین و ڕەنگ و زۆرینەیمان بۆ ئاشکرا بووە!
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای گووگڵ ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی Pixel ـی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هیواخوازین ئەم مانگە مۆبایلە نوێیەکانی گووگڵ ببینین.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.