10
ئەپڵ 10, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

وێنەیەک ئاشکرای دەکات کە ئەپڵ بەمزووانە ئەپی Sleep بۆ Apple Watch بەردەست دەکات

چاوەڕوان دەکرا زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch کە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕاگەیاندرا، خاوەن تایبەتمەندی پێوانەکردنی خەو بێت. بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو. وێنەیەک کە بە هەڵە لە لایەن ئەپڵەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە ڕەنگە بەمنزیکانە تایبەتمەندی پێوانەکردنی خەو بۆ دواین زنجیرەکانی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch لە ڕێگەی ئەپێکەوە زیاد بکرێت.

لە وێنەی ڕوونمای ئەپی Alarms لە کۆگای App Store، ئەپڵ وێنەیەکی ئەپەکەی دانابوو کە لە نێویدا ئاشکرای کرد بەمزووانە ئەپی Sleep بۆ watchOS بەردەست دەکرێت. لە وێنەکەدا نووسرابوو کە کاتی خەو و خەبەربوونەوەت لە ئەپی Sleep ـدا ئەنجام بدە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەستبوونی ئەپی Sleep لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا. هەر بە زوویی ئەپڵ وێنەیەی ئەپی Alarms لە کۆگای App Store ـدا گۆڕی.

بە پێی نووسراوی وێنەی ئەپەکە بێت، ڕەنگە کە تایبەتمەندییەکە هاوشێوەی Bedtime ـی ئەپی Clock بێت لە iOS و ڕێگەت پێ بدات کاتێکی دیاریکراو بۆ ماوەی خەوتن دیاری بکەیت.

بۆ چەند ساڵێکە، دەنگۆ هەیە کە ئەپڵ تایبەتمەندی پێوانەکردنی خەو بۆ کاتژمێری زیرەکی Apple Watch زیاد بکات، لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 ـدا ئەپڵ کۆمپانیای Beddit ـی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ڕەقەکاڵای پێوانەکردنی خەوتنی کڕییەوە.

لە سەرەتاکانی مانگی ڕابردووشدا، لە لایەن سەرچاوەیەکەوە ئاشکرا بوو کە ئەپڵ کار لەسەر تایبەتمەندییەک دەکات کە بە “Time in Bed tracking” ناو دەبرا و تایبەت بوو بە پێوانەکردنی خەو. چاوەڕوان دەکرێت ئەپی Sleep هەمان کار ئەنجام بدات و ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ نوێکارییەکانی داهاتووی watchOS زیاد بکرێت.

سەرچاوە :
سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ