ئای ئۆ ئێس 17, ئایار 2013

پرسیار لە ئێوە، وەڵام لە ئێمە. کۆمەڵە پرسیار و وەڵامی ئەم جارە لەسەر ئایفۆن و سیستەمەکەین.

PostpiQ2A1

لە زنجیرەی ئەم جارەی پرسیار لە ئێوە ، وەڵام لە ئێمە. وەڵامی ئەم کۆمەڵە پرسیارەی خوارەمان داوەتەوە. بۆ پرسیارەکانیش زۆر نەمان ویستووە شێوەکەیان تێک بدەین بەڵکو وەکو خۆیان بە کەمێک ڕێک خستنەوە دامان ناونەتەوە ئەمە لەبەرئەوەی بەمشێوەیە پرسیارەکان لەلای خەڵکی باون.

١- دەڵێن ئایفۆنی ژێرسیم ئایا مەبەست لەمە چییە؟

وەڵام:  ژێر سیم پارچەیەکە لە ڕەقە کاڵا و لە ژێر سیمی سەرەکی دادەنرێت (بۆ نمونە ئەوەی ئاسیا سێڵ یان کۆڕەک تێڵ). لە ڕاستیدا و بە شێوەیەکی تر بیڵێین ئایفۆنی ژێر سیم ئەم ئایفۆنانەن کە لە کۆمپانیای ئەپڵ خۆیەوە کراوە نیین بە ڕووی هەر سیمکاردێک دا واتە چەق بەستووی یەک سیمکاردن و بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت دروستکراون و تەنها سیمکاردەکەی ئەو لەسەری ئێش دەکات بەڵام بەهۆی ئەم ژێر سیمەوە دەتوانیت بەبێ ئەوەی بیکەیتەوە (بەزاراوە خۆماڵیەکەی خۆمان  بی ئەوەی جۆکەری) بکەیت هەر سیم کاردێکت بوێت ئیشی پێ بکەیت بە بێ گومانی لەڕێگەی ئەم ژێر سیمەوە. بیرمان نەچێت ئەم ژێر سیمانەش چەق بەستووی چەند (Modem Firmware) ێک کراون و بۆ هەموویان نابن بۆ نمونەی ئەوەی ئایفۆن ٤ جۆرێکیان هەیە تەنها تا  Modem Firmwareی 10.x.x دەبێت بۆ بەرو سەروتر نابێت. ئەمەش ڕێگەت لێ دەگرێت لە ئەپدەیتکردن و ئەپگرەید کردنی ئامێرەکەت. چونکە لەگەڵ پڕۆسەی ئەپدەیت و ئەپگرەید Modem Firmware لە خۆیەوە بەرزدەبێتەوە ئەم کات تۆ بەکارهێنانی ژێر سیمەکە لەدەست دەدەیت بەڵام چارەسەر بۆ بەرزنەبوونەوەیشی هەیە ئەویش بە بەکارهێنانی Custom Restore دەبێت.

٢- ئایا مەبەست لەinternational  چییە؟ ئەی Unlock چییە کە خەڵکی زۆر باسی لێوە دەکەن؟

وەڵام: لە ڕاستیدا ئەگەر وتیان ئەم ئایفۆنە internationalـە ئەوە واتا ئەم ئامێرە (Unlock) کراوە و جۆکەرە بەشێوەیەک تۆ ئازادیت لە هەرشوێنێک و هەر سیمکاردێک بخەیتە سەر ئەم ئایفۆنە و دەتوانیت ئیشی پێ بکەیت. بەڵام گەر بۆیەکەم جار سیمکارد دەخەیتە ناو ئایفۆنەکەت داوای چالاککردنت لێ دەکات و دوای چالاککردنەکە ئەم ئازادییەت پێ دەبخشرێت لە بەکارهێنانی هەر سیمکاردێک بتەوێت.

٣- گەر شارەزاییتان هەبێت جیاوازی چییە لە نێوان ئایفۆن ٤ لەگەل ئایفۆن ٤ ئێس واتا چ جیاوازییەکییان هەیە؟

وەڵام: جیاوازی نێوان ئەم دوو نەوەیەی ئایفۆن بەزۆری لە ڕەقەکاڵادا خۆی دەبینێتەوە و ئایفۆن ٤ ئێس لەڕووی ڕەقەکاڵاوە زۆر بەهێزترە لە ئایفۆن ٤ و ئایفۆن ٤ ئێس یارمەتی دەری کەسی بەناوی سیری لەسەری ئێش دەکات بەڵام ئایفۆن ٤ ئیش ناکات. لەم شێوەیەی خوارەوە زانیاری زیاتر:
iphone-4s-vs-4

٤- ئەی سیستەمەکان بۆ نمونە ٦.١.١ جیاوازی چییە لەگەل٦.١.٢ چ گۆرانکارییەکەی تێدا دەکرێت کە سیستەم بەرزتر دەکرێت؟

وەڵام: لە ڕاستیدا هەر جارێک کە کۆمپانیای ئەپڵ وەشانێکی نوێ دەردەکات بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پینە کردن ئەپدەیتێکی نوێ دەردەکات و ئەمەش لە ئەپدەیتێکەوە بۆ ئەپدەیتێکی تر جیاوازە. پێویستە بیریشمان نەچێت کە دوو جۆر ئەپدەیتمان هەیە، ئەوانیش سەرەکی و لاوەکی. لە سەرەکییەکاندا ئەپڵ زۆرترین گۆرانکاری و چاکسازی دێنێتە بەردەست بەڵام لە لاوەکیەکان زۆر گرنگی بەچاککردنی هەڵە و پینە کردنیان دەدات. پێویستە ئەوەش بزانین هەمیشە دوایین وەشان و ڤێرشن پێشنیارکراوە لەلایەن کۆمپانیا کەواتە بەکارهنێەران دەبێـت بەگوێرەی توانا ئامێرەکانیانی بکەنە دوایین ئەپدەیت و وەشان.

٥- دەربارەی Backup و Restore کردن، ئەم دوو پڕۆسەیە چیین؟

وەڵام: پڕۆسەی Backup کە بە بەرنامەی ئایتوینز دەکرێت. هەڵدەستێت بە پاشەکەوتکردنی داتا و زانیاریەکانی ئامێرەکەت (وێنە و ڤیدیۆ و ڕێکخستنەکانی ئامێرەکەت و ناو و تێبینی و ڕێکخستنی بەرنامە دەرەکییەکان و چەندان شتی تر) و دواتر هەر لەڕێگەی ئایتونزەوە دەتوانیت ئەم Backupـە بگەرێنیتەوە بۆ ئامێرەکەت. سەبارەت بە پڕۆسەی Restore لە ڕاستیدا ئەم پڕۆسەیە ڕاست لە پڕۆسەی فۆڕماتکردنی کۆمپیوتەر دەچێت و لەم ڕێگەیەوە دەتوانیت سیستەمی مۆبایلەکەت لە بنچینەوە دابنێیتەوە و بەمەش هەموو شتەکانت لەدەستت دەدەیت بەڵام کە پێشتر باکئەپت کردبێت ئەوا دەتوانیت دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیستۆرەکە باکئەپەکە بگەرێنیتەوە و ئامێرەکەت وەکو جاران لێ بکەیتەوە.

٦-  ئەگەر سیستەم 6.1.3 بێت دەگەرێتەوە 6.1.2 چۆن ؟

وەڵام: لە ڕاستیدا کۆمپانیای ئەپڵ لەگەڵ دەرکردنی هەر وەشانکی نوێ ئەوەی پێش خۆی (Unsigned) دەکات واتە ڕەتی دەکاتەوە و ناهێڵێت ئەوەی پێشتر لەسەر ئامێرەکان دابنرێت تەنها دوایین وەشان نەبێت. بۆیە لەکاتی هەوڵ دان بۆ هێنانەنە خوارەوەی وەشان لەڤێرشنێک و وەشانێکی بەرزەوە بۆ نزم توشی هەڵە دەبیت. شتێک هەیە پێویستە لە بیرمان بێت ئەویش فایلی SHSHـە کە بەهۆی ئەم فایلەوە دەتوانیت ڤێرشن و وەشانی Signed کراو واتە باوەڕپێکراو لەلایەن ئەپڵەوە دروست بکەیت ئەمەش چۆن دەبێـت؟ بۆ نمونە تۆ وەشانی ٦.١.٢ لەسەر ئامێرەکەتە و ئەم فایلی SHSHـەت هەڵگرتوە کە بەهۆی چەند بەرنامەیەکی دیاری کراوەوە دەبێت لەوانە TinyUmbrella و iFaith و چەندانی تر ئەوا لەم کاتەدا بەهۆی بەرنامەی iFaith وە یاخود SnowBreeze دەتوانیت Custom Restore  دروست بکەیت و ئایفۆنەکە بۆ ئەم وەشانەی فایلە  SHSHـەت بۆ هەڵگرتبوو بگەڕێنیتەوە تەنانەت ئەگەر ڤێرشنی زۆر بەرزیش هاتبێت. لەڕاستیدا ئەم پڕۆسەی گەڕأندنەوە یان دابەزاندنی ڤێرشن بەزۆری لەسەر ئایفۆن ٤ بەرەوخوار سەرکەوتووە.

٧- ئەگەر من Backup لەشتەکانی خۆم بکەم بۆ نمونە 6.1.3 کە کردمەوە 6.1.2 بە Restore  ، ئایا دواتر دەتوانم شتەکانی 6.1.3 بگەرێنمەوە سەر 6.1.2 ؟ 

وەڵام: هەرگیز باکئەپی ڤێرشنی بەرز ناتوانرێت بخرێتە سەر هی کۆن بۆ نمونە هی ڤێرشنی ٦.١.٣ بگەرێنیتەوە بۆ 6,1,2 بەڵام بیرمان نەچێت لەم کاتەشدا نابێت نائومێد بیت بەڵکو ڕێگا هەیە بۆ لێککردنەوەی باک ئەپەکە ئەویش بە بەکارهێنانی بەرنامەی iTools  یان iPhone Backup Extractor.

٨- نرخی ئایفۆن لە شاری هەولێر چەندە و لە شارەکانی تر چەندە؟

وەڵام: ئەم پرسیارە وەڵامەکەی دێاری کراو نییە بەهۆی ئەوەی نرخ لە بازاڕەکان دیاری کراو نییە و لە ناوشارێک لەشوێنێکەوە بۆ شوێنیک تر دەگۆڕێت و پاشان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر جیاوازە و باشترین چارەسەر ئەوەیە کەسی کڕیار سەرێک لە بازاڕی شارەکەی بدات.

ئەمانە کۆمەڵێک پرسیار و وەڵام بوون بۆ ئەم زنجیرەیە و ئێوەش هەر پرسیارێکتان هەیە لەڕێگەی بەشی پەیوەندییەوە بۆمان بنێرن: پەیوەندی

سوپاس بۆ کاک ئەزوەر بۆ ئەم پرسیارانە و هیوادارین وەڵامەکانمان سودی هەبووبێت. پرسیارەکان لەلایەن سەردار عبدالله وەڵام دراونەتەوە.

بۆچونی تۆ