ئینتەرنێت 28, ئایار 2013

پاراستن لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان،(فەیسبووك) بە نموونە! + هەندێک ڕێنمایی

PrivacyFB

پێشەکى: پرسیار و گومان لە بارەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پاراستنى زانیارى و شتە تایبەتیەکانى  ئەندامانى بەشداریکەرى ئەم تۆڕانە، کێ زانیاریەکان و بەشداریەکانم دەبینێت؟ وە کێن وێنەکانم سەیر دەکەن؟ وە کێن نووسینە کانم دەخوێننەوە؟…… هتد. لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر فەیسبوک بەوەى کە زۆرترین بەشداربووى کوردى هەیە بە بەراورد لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى تر. فەیسبووک  لە جیهاندا زۆرترین بەشداربووى هەیە زۆرترلە(٧٥٠ ملیۆن) بەشداربوو، لە مەرجەکانى بوونە ئەندامیەتى  سەبارەت بە پاراستنى زانیارى بەشداربووان وەڵامى هەندێک لەو پرسیارانەى داوەتەوە، هەندێکى تریشى هێشتۆتەوە بۆ ڕێکخستنەکانى هەژمارى ئەندامانى و سازدانى بوارى کەسیەتى( private ) . لەبەر ئەوە زۆر گرینگە مەرجە گشتى و یاساکانى بەشداربوون بەتەواویەتى بیخوێنیتەوە یان بەلانى کەم ئەو بڕگانەى کەباس لە پاراستنى زانیاریەکان دەکەن.

زانیاریەکان کامانەن:

لە هەموو تۆڕەکاندا، زانیارى تاکە کەسى وەکو ناو و ناونیشان و بەروارى لەدایک بوون و پیشەو شوێنى نیشتە جێبوون و وێنە تایبەتیەکان و هتد.ئەمانە بۆکردنەوەى هەژمار و ناسینى خۆت داوات لێکراوە بیدەیتە بەر دەست، هەندێکیان وە کو پیشە و لە دایک بوونت خۆ ویستانەیە دەتوانیت بینووسیت یان نەینووسیت جگە لەمانە لێدوانەکانت،چ لەسەر ئاستى خۆت یان هاوڕێکانت( friend ) و ئەو کەسانەى کە ڕێگەت پێداون بەشداریت بکەن ، هەروەها دانانى ئەو بەستەرLink وگرتە ڤیدیۆیانەى ئارەزوت لێیان هەیە و ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوانەى یاداشتییان دەکەیت و بە دوایى هەوڵەکانیان کەوتویت. ئەمانە هەموو زانییارى جۆراوجۆرن کە کەسایەتى بەشداربوو دییارى دەکەن خواست و ویستەکانیشى نیشان دەدەن. تۆڕێکى وەکو فەیسبوک لە مەرجى بە ئەندام بووندا، ئاماژە بە سود وەرگرتن لەم زانییاریانە دەدات بۆ بازرگانی خۆى، هەموو وێنەیەک یان هەر جۆرە گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە هەژمارەکەتدا بێت بۆی هەیە بۆ کارى بانگ هێشتى خۆى بەکارییان بهێنێت جگە لەوەى لە پڕۆژە و کارەکانى ترییاندا دەتوانن سودى لێوەرگرن.

خراپ بەکارهێنان

زۆر جار لە بەشداربووانەوە دەبیستین کە نەناسێک دەیەوێت پەیوەندى ببەستێت، یاخود نەناسێک پەیامێکى ناردووە، ئەم بارە زۆرتر بەسەر ڕەگەزى مێینە دادێت، کە هەراسان دەکرێن بە پەیام و لێدوانى تر، لەم کاتەدا دەبێت دوگمەى ئاگادار کردنەوەى فەیسبوک دابگریت، کەهەڵدەستێت بەگەیاندنى ناڕەزاییەکەى تۆ و کاردانەوەى بەڕێوبەرانى فەیسبوک بەرامبەر کەسى ناحەز، فەیسبوک پێشنییار دەکات کە ئەو کەسانە بسڕیتەوە کە لەناو لیستى هاوڕێییانن، وە دەبێت تۆش بەستیان بکەیت واتە Block ى بکەیت و پاشان ڕاپۆرت لەسەر هەڵسوکەوتییان بنووسیت بۆ فەیس بووک، بۆ ئەوەى ئەوانیش کارى بەرامبەر بکەن و هەژمارەکەیان ڕابگرن.

بازرگانیکردن بەزانیارى بەشداربووان

گومانى تێدانییە کە فەیس بوک قازانجێکى ماڵى زۆر دەکات لەڕێگەى بازرگانى کردنى زانییارى و دراوەکانى dataى بەشداربووانى تۆڕەکەى، بۆیە دەبێت باش خۆ تۆمارکردن لەم تۆڕەدا ڕێکخستنەکانى کەسایەتى و تایبەتمەندیێتى خۆت دەستکارى بکەیت، سازدانەکەت بەشێوەیەک بێت کەخۆت لە گەورە و بچووکى نیشاندانى زانییاریەکانت ئاگاداربیت.

چۆن زانییاریەکانم بپارێزم؟

شێوازى پاراستن لە فەیسبوک دا چەندین جار هاتۆتە پێش پەستانى وڵاتانى دیموکراتخواز لەسەر پارێزگاریکردنى مافى تاکە کەس، هەمیشە ڕێگربوون لەئاست زییادە ڕەوى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بۆنموونە پەرلەمانى ئەوروپا جەخت لە مافەکانى پاراستن و ڕێگرى لەخراپ بەکارهێنانى زانییاریەکان دەکاتەوە، لێرە دا چەند ڕێنماییەک پێویست و گرینگن بۆ ئەو کەسانەى دەیانەوێت پارێزگارى لە زانیاریە تایبەتیەکان بکرێت:

١ـ زانیارى تەواو سەبارەت بە ژیاننامەکەت مەنووسە، بۆ نموونە بەروارى لەدایک بوون، پلەکانى خوێندن، شوێنى نیشتە جێبوون، …..هتد، تەنها ئەو زانییاریانە بدە کە کردنەوەى هەژمارەکەداوایی دەکات.

٢ـ ناونیشانى پۆستى ئەلیکتڕۆنى مەدە کە هەمیشە بەکارى دەهێنیت، بەڵکو ناونیشانى ترت بدە کە سەرەکى نەبێت لەلات.

٣ـ وێنەى زۆر تایبەت دامەنێ. بەپێى یاساکانى زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆیان هەیە وێنە کان بۆ کارى تایبەتى خۆیان و بەدواداچوونەکانیان بەکارى دەهێنن.

٤ـ هەموو کەسێک زیاد مەکە لە لیستەکەتدا، تا نەزانێت کێیە.

٥ـ تایبەتمندییەکان بەشێوەیەک ساز بدە کە هەموو کەسێک نەتوانێت زانییاریە کانت ببینێت، بەڵکو تەنها ئەوانەى کە خۆت دەتەوێن.

٦ـ گەر لە شوێنە گشتییەکان ئینتێرنێتت بەکارهێنا، باشتر وایە لە بەر پاراستنى هەژمارەکەت نەچیتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

٧ـ ئەو وێنانەى کە ناوى تۆیان لەسەرە باش بیان پارێزە، بۆ ئەوەى تەنها خۆت بتوانین وێنە کان ببینیت.

  سەرچاوە پەرتووکی پێناسە و ڕاڤەی زاراوەکانی کۆمپیوتەر نوسراوی ئاراس نوری ئەحمەد

بۆچونی تۆ