ئەپڵ
8, حوزهیران 2015
OS X El Captain لەلایەن ئەپڵەوە ڕاگەیاندرا.
ئەمڕۆ ئەپڵ لە کۆنگرەی ساڵانەی خۆی بەناوی WWDC15 چەندین شتی نوێی ڕاگەیاند. وەکو کۆنگرەکانی پێشوتری تیشکی سەرەکی خستە سەر هەردوو سیستەمە کارگێریەکەی، هەر یەک لە ئای ئۆ ئێس و ئۆ ئێس ئێکس. لەسەرەتاوە دەستکرا بە تیشک خستنە سەر سیستەمی کارگێری ڕوومێز ناسراو بە ئۆ ئێس ئێکس و وەشانێکی نوێی بەناوی ئی ئێل کاپتن لێ ڕاگەیاندرا و ئەم وەشانەش چەندان نوێکاری و چاکسازی بنچینەیی تێداکراون.
فەرموو ئەمانەی خوارەوە دیارترین نوێکارییەکانن:
١- جوڵەی دەستی (Gestures)ی نوێ بۆ ئەنجامدانی کرداری خێرا بۆ نمونە سڕینەوەی ئیمەیڵێک لە ئەپی مەیل
٢- لەگەڵ سایتە جێگیرکراوەکان (Pinned Sites) لە سەفاری لەمەودوا هەمیشە بەنوێکراوەیی و لە تابێکدا بەردەست دەبن!
٣- لەمەودوا گەڕانی سپۆتلایت بۆ شوێنی زیاتر بە ئەنجامی زیاترەوە دەگەڕێ و ئەمە جگە لەوەی بۆ کەش و هەوا و ئەنجامی یارییە وەرزشییەکانیش دەگەڕێ
٤- Spaces Barـەکان ئاسانترکراون بۆ ئەوەی ڕوومێزی(دێسکتۆپی) زیاتر دروست بکەیت و بەمەش بۆشایی زیاترت بۆ بەردەست دەبێت بۆ کارکردن.
٥- Split View واتە دیمەنی لێکجیاکراوە کە هەڵدەستێت بە دانانی دوو ئەپ لەتەنیش یەک لەسەر شاشەی ماکەکەت بە سود وەرگرتن لە تەواوی پێکسڵەکانی شاشەکە.
٦- وەشانی ئی ئێل کاپتن وای کردووە زۆربەی ڕووەکانی سیستەمەکە چوست و چالاکتر و خێراتربێت لە کارکردنی:
٧- مێتەڵ کە تەکنەلۆژیایەکی ناوکی گرافیکیە و ڕێگەت پێدەدات بە دەست پێگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە GPU، بەم زووانە بە وەشانی ئی ئێل کاپتن دەگات.
دەربارەی وەشاندنی ئی ئێل کاپتن ئەوا ئەمڕۆ بۆ گەشەپێدەران بەردەست دەبێـت و وەشانی ئەزموونی گشتی لە مانگی داهاتوو و وەشانی کۆتایشی دەچێت پایزی ئەمساڵ.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!