تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
21, ئاب 2018
ئینستەگرام ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی پەیامی دەنگی

ئاشکرایە کە هەر یەک لە وەستئەپ و فەیسبووک و مێسنجەر و ئینستەگرام لەلایەن مارک زووکەربێرگەوە خاوەنداریەتی دەکرێن. هەریەکەیان لە ئێستادا خاوەن تایبەتمەندی جیا جیان و لە هەندێک تایبەتمەندیش هاوبەشن. بۆ نمونە، لە تایبەتمەندی چیرۆکەکان گشتیان هاوبەشن بەڵام لە بوونی پەیامی دەنگیدا ئینستەگرام بێ بەشە. خۆشبەختانە و بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ ئینستەگرام سەرقاڵی کارکردن و خۆ ئامادەکردنە بۆ زیادکردنی پەیامی دەنگی بۆ بەشی پەیامەکانی ئەو تۆڕە واتە بەشی Direct.
بەکارهێنەرێکی ئەم تۆڕە بەناوی Jane Manchun Wong ئاشکرای دەکات کە ئینستەگرام سەرقاڵی تاقیکردنەوەی ئەم تایبەتمەندییە و پێدەچێت لە ئامادەکاریدا بێت تا بۆ هەمووان بەردەستی بکات. لە ڕاسیتدا، ئەم تایبەتمەندییە ماوەیەکی زۆرە لە وەستئەپ و مێسنجەر بوونی هەیە کە تایبەتمەندیەکی بەسوودە و لە ڕێگەیەوە بە ئاسانی دەتوانیت بە خولەکێک کەمتر پەیامەکانت بگەیەنیت. پێدەچێت بە هەمان شێوەش و بەبێ گۆڕانکاری پەیامی دەنگیش بە ئینستەگرام بگات بەڵام لە ئێستادا ڕوون نییە کەی بەردەست دەبێت.

سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!