کۆنگرەی ساڵانەی (Adobe MAX 2026) لە شاری مەیامی بەڕێوەچوو، کە تێیدا کۆمپانیای ئەدۆبی کۆمەڵێک ئامراز و تایبەتمەندی نوێی نمایش کرد کە بەتەواوی پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن. ئەمساڵ تیشکی سەرەکی خرایە سەر خێراکردنی پرۆسەی کارکردن و پێدانی کۆنتڕۆڵی زیاتر بە دیزاینەران و ئێدتەرەکاکن.
١. بریکاری داهێنەری ئەدۆبی (Adobe Creative Agent)
ئەدۆبی سیستەمێکی نوێی ژیریی دەستکردی هێناوەتە ناو بەرنامەکانی (Photoshop, Illustrator, Premiere). ئەم “بریکارە” تەنها فەرمان جێبەجێ ناکات، بەڵکو وەک هاوبەشێک لە پرۆسەی کارکردندا کاردەکات. بۆ نموونە، دەتوانێت دیزاینی پۆستەرێک بەپێی قەبارەی پلاتفۆرمە جیاوازەکان بگۆڕێت و دەقەکانیش وەربگێڕێتە سەر چەندین زمان لە یەک کاتدا، کە کاتێکی زۆری دیزاینەران دەگەڕێنێتەوە.
٢. نوێکارییە سەرسوڕهێنەرەکاکنی Premiere Pro
بۆ مۆنتێرەکان، ئەدۆبی کۆمەڵێک ئامرازی خەیاڵی زیادکردووە:
-
ئامرازی Generative Media: ئێستا دەتوانیت ڕاستەوخۆ لەناو تایملاینی پریمیێردا بە نووسینی دەق، ڤیدیۆ یان کاریگەری دەنگی (Sound Effects) دروست بکەیت، بێ ئەوەی بچیتە دەرەوەی بەرنامەکە.
-
جیاکردنەوەی دەنگە تێکەڵەکان (Separate Crosstalk): ئەگەر دوو کەس پێکەوە قسە بکەن، پریمیێر دەتوانێت دەنگی هەر یەکێکیان بخاتە سەر تراکێکی جیاواز (Track) بۆ ئەوەی بتوانیت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵیان بکەیت و دەنگی یەکێکیان کز یان بێدەنگ بکەیت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەوی تریان هەبێت.
-
دۆخی ڕەنگی نوێ (Color Mode): ئامرازێکی نوێی زیرەکە بۆ ڕێکخستنی ڕەنگەکان، بۆ نموونە لادانی ڕەنگەکان (Hue/Saturation Shift) کە بەشێوەیەکی زۆر ئاسان ڕەنگەکانت بۆ دەگۆڕێت و کارلێکی ڕاستەوخۆت پێ نیشان دەدات.
٣. ئیلسترەیتەر و فۆتۆشۆپ: ئاسانکاری بێسنوور
-
لە بیرۆکەوە بۆ ڤێکتەر (Concept to Vector): تەنها بە نووسینی وەسفێک، ئیلسترەیتەر وێنەیەکی ڤێکتەری زۆر پاک و وردت بۆ دروست دەکات کە دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت دەستکاری بکەیت.
-
دەقی داینامیکی و بەڕێوەبردنی فۆنت: ئامرازێکی نوێ بۆ گەڕان بەدوای فۆنتەکاندا لەناو خودی بەرنامەکەدا جێگیرکراوە. هەروەها نووسینەکان بەشێوەیەکی داینامیکی خۆیان لەگەڵ قەبارە و شێوەی چوارچێوەکاندا دەگونجێنن (وەک دروستکردنی نووسینی بازنەیی تەنها بە یەک کلیک).
-
تێکەڵکردنی شێوەکان (Fluid Combine): یەکگرتنی چەند شێوەیەکی ڤێکتەری زۆر ئاسانتر کراوە بۆ کێشانی لۆگۆ و وێنەی ئاڵۆز.
٤. پڕۆژە تاقیکارییەکان (Adobe Sneaks)
وەک هەمیشە، بەشی “Sneaks” کە ئەمساڵ لەلایەن ئەکتەر تێری کرووز (Terry Crews)ـەوە پێشکەش کرا، تەرخان کرابوو بۆ ئەو پڕۆژانەی لە تاقیگەکاندا پەرەیان پێدەدرێت و داهاتووی تەکنەلۆژیا نیشان دەدەن و دەکرێت لە داهاتوو لە ئەپەکانی ئەدۆبی جێگیربکرێن:
-
Project Hands On: ڕووکارێکی زیرەکە کە ڕێگەت پێدەدات بە ماوس یان دەست ڕاستەوخۆ شتەکانی ناو وێنەیەک بگریت، بیانجووڵێنیت یان قەبارەیان بگۆڕیت.
-
Project Deep Brush: ئامرازێکی بۆیەکردنە کە لە شێوەی 3D و ڕووناکی ناو وێنەکە تێدەگات. بۆیە کاتێک ڕەنگێک دەدەیت لە ڕوویەکی ناڕێک، ڕەنگەکە بەتەواوی لەگەڵ سێبەر و چرچولۆچییەکاندا دەگونجێت.
-
Project Sight Span: ئامرازێکە کە وێنەیەکی ئاسایی (2D) دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی سێ دووری (3D) کە دەتوانیت تێیدا بگەڕێیت و گۆشەی کامێراکە بگۆڕیت!
-
Project Scene Sweep: لە کاتی مۆنتاژدا، ئەگەر دەستکاری ڕەنگ یان شێوەی کارەکتەرێک بکەیت، ئەم ئامرازە زیرەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەمان گۆڕانکاری بەسەر کارەکتەرەکەدا جێبەجێ دەکات لە هەموو گۆشە و ڤیدیۆکانی تری ناو پرۆژەکەدا.
-
Project Rinse Repeat: بەکارهێنانی هەمان زنجیرە دەستکارییەکان (Edits) لەسەر چەندین بەشی وێنەیەک یان وێنەی جیاواز بەشێوەیەکی زیرەک.
لەم لینکە هەموو پڕۆژەکان بە نمونەوە داندراون. کرتە بکە.
٥. هەماهەنگییە ستراتیژییەکان و پێشکەوتنی زیاتر
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا ئەدۆبی ڕایگەیاند کە بووەتە “هاوبەشی فەرمی بۆ داهێنانی ژیریی دەستکرد” لەگەڵ کۆمپانیای دیزنی (Disney) بۆ یارمەتیدانی دروستکردنی کارەکتەر و چیرۆکەکان. هەروەها هاوبەشییەکانی لەگەڵ گووگڵ (بۆ تێکەڵکردنی ئامرازەکانی ئەدۆبی لەگەڵ Workspace و Gemini) و هەروەها مایکڕۆسۆفت (بۆ باشترکردنی بەرنامەکان لەسەر کۆمپیوتەرەکانی ویندۆز بە پڕۆسێسەری Arm) بەرفراوانتر کردووە.