بابەتی گرینگ
19, ئایار 2016
فەیسبووک سەرقاڵی تاقیکردنەوەی تایبەتمەندیەکی تازەیە بۆ کۆمێنتەکان.
بێگومان ماوەیەکی زۆرە تایبەتمەندی دانانی وێنە لە کۆمێنتەکان بۆ فەیسبووک زیادکراوە و ڕێژەیەکی زۆری بەکارهێنەران سودی خۆیانی لێدەبێنن. بەڵام وادیارە ئێستا فەیسبووک سەرقاڵی تاقیکردنەوەی دانانی ڤیدیۆییە لە کۆمێنتەکان و لە ئێستادا بۆ کۆمەڵێک بەکارهێنەر بەردەست بووە. بەڵام پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا ئەم تایبەتمەندییە وەکو تایبەتمەندی دانانی وێنە پێویستە بۆ کۆمێنتەکان؟ بەڕای خۆم بەو ئەندازیە پێویست نییە وەکو ئەوەی بۆ وێنە پێویستە چونکە وێنە هەمیشە قەبارەی بچوکە و بەخێرایی لە کۆمێنتەکان دادەنێریت ئەمە لەکاتێکدایە ڤیدیۆ هەمیشە قەبارەی گەورەترە و کاتێکی دەوێت تا بەرزدەبێتەوە لە کۆمێنت دادەنرێت.
بەگوێرەی ئەوەی لە وێنەکانت بڵاوکراوەتەوە دانانی ڤیدیۆ هەر لە ڕێگەی ئەو وێنۆچکە واتە ئایکۆنەوە دەبێت کە لەپێشتر وێنەی پێ لەکۆمێنت دادەنرا و دەتوانیت لەمەودوا ڤیدیۆشی پێ لە کۆمێنت دابنێیت. و جێگای ئاماژەیە کە هەنگاوەکانی فەیسبووک بەرەو زیادکردنی ڤیدیۆ لەسەر تۆڕەکەی چڕتر بوونەتەوە کە بەگوێرەی سەرچاوەکان تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کاتژمێر لەسەر فەیسبووک سەیری ڤیدیۆ کراوە و ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە بەڕاستی ڤیدیۆ بۆتە جێگای بایەخی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە و هەر لەبەر ئەوەشە فەیسبووک دەیەوێت ئەم تایبەتمەندییە زیادبکات.
سەرچاوە venturebeat
بەڕای تۆ هەنگاوێکی باشە یان نا؟ بۆچی؟ بە کۆمێنت لە خوارەوە سەرەنجی خۆت بنوسە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!