10
بابەتی گرینگ 21, ته‌مموز 2016

ژمارەی بەکارهێنەرانی مانگانەی مێسنجەری فەیسبووک گەیشتە یەک بلیۆن

Kitn-Messengerلە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا فەیسبووک پاڵەپەستۆی بەردەوامی دەخستە سەر بەکارهێنەران بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری مێسنجەر (Messenger) ـی سەر بە کۆمپانیای فەیسبووک بەکار بهێنن، بەمەش بەکارهێنەران ناچاربوون ئەو خزمەتگوزارییە بەکاربێنن، چونکە فەیسبووک بە بێ ئەم خزمەتگوزارییە ڕێگای بە بەکارهێنەر نەدەدا کە پەیام بگۆڕێتەوە لەگەڵ بەکارهێنەری تر. کۆمپانیای فەیسبووک لە بەرواری ٩\٨\٢٠١١ یەکەم وەشانی تاقیکاری و سەرەتایی ئەم خزمەتگوزارییەی ڕاگەیاند، بەڵام ئەو کات شێوەیەکی زۆر سادەی هەبوو. دوای ئەوە فەیسبووک هەڵسا بە گەشەپێدانێکی خێرای ئەم خزمەتگوزارییە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران زیاتر سوودی لێ ببینن، ئەمەش لەڕێگای گۆڕینی شێوە و ڕووکاری ئەم خزمەتگوزارییە و هەروەها زیادکردنی چەندەها کەلوپەلی جۆراوجۆر. مێسنجەر لە ماوەی تەمەنیدا خاوەنی سێ لۆگۆ بووە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

KITN-LOGOS

لە ئێستادا بەکارهێنەران لەو خزمەتگوزارییەدا، مانگانە ١٧ بلیۆن وێنە دەنێرن و هەروەها ١ بلیۆن پەیامی نووسینەکی ئاڵوگۆڕ دەکرێت لەنێوان بەکارهێنەراندا، ڕۆژانە ٣٨٠ ملیۆن لکێنەر (Stickers) و ٢٢ ملیۆن وێنەی جوڵاو دەنێردرێت، هەروەها ڕێژەی %١٠ ی سەرجەم پەیوەندیکردنەکان لەڕێگای مێسنجەرەوە ئەنجام دەدرێن، ئەم خزمەتگوزارییەش ٢٣ هەزار گەشەپێدەر لەخۆ دەگرێت کە لە کۆمپانیای فەیسبووک خۆیان تۆمار کردووە. David Marcus ی بەرپرسی بەشی مێسنجەر لە فەیسبووک، بۆ پێگەی Tech Crunch لەبارەی گەیشتنیان بە یەک بلیۆن بەکارهێنەری چالاکی مانگانە دەڵێت:“ئەمە خۆشی و ئاهەنگی گشت لایەکە و هەموومان خۆشحاڵین بە گەیشتنمان بەو ئاستە، بەڵام ئێمە هێشتا بەرپرسیارییەتیەکی زیاترمان لەسەرە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە خەڵک بگەیەنین، ئامانجمان دروستکردنی شتێکە بۆ خەڵک بە ڕێگایەکی ڕاست بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات لە ژیانی ڕۆژانەیاندا”.

تیمی خزمەتگوزاری مێسنجەر
تیمی خزمەتگوزاری مێسنجەر
هێلکاری گەشەکردنی بەکارهێنانی مێسنجەر
هێلکاری گەشەکردنی بەکارهێنانی مێسنجەر
  • قۆناغەکانی خزمەتگوزاری مێسنجەر:
  • Beluga

لە ساڵی ٢٠١٠، خەڵک ئارەزووی دەکرد ڕوو لە ئینتەرنێت بکات بۆ گەیاندنی پەیامەکانی لەنێوان هاوڕێیەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کاتە زیاتر کورتە پەیام (SMS) گرنگی پێ دەدرا و خێراتر بوو، بۆیە وازیان لەوە هێنا. دواتر لە هەمان ساڵدا کۆبوونەوەیەک بۆ پێشخستنی بواری تەکنەلۆژی لە جیهان ئەنجامدرا، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا کە ئەپێک بە ناوی GroupMe دروست بکرێت بۆ مۆبایلە هۆشمەندەکان. ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەپەکە زۆر سادە و لەسەرخۆ بوو. مانگی تەمموزی هەمان ساڵ، ئەپێکی تر بە ناوی Beluga دروستکرا و بۆ مۆبایلە هۆشمەندەکان بڵاو کرایەوە، ئەم ئەپە دەنگۆیەکی زۆری هەبوو وە خەڵکێکی زۆر ڕوویان کردە بەکارهێنانی، بەڵام دوای ئەوە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١١ فەیسبووک دەستی بەسەر ئەو ئەپەدا گرت لەپێناو هێشتنەوەی قازانجەکانی خۆی، جگە لەمەش سوودێکی زۆری لەم ئەپە وەرگرتوو هەر ئەمەشیان بووە هۆی دروستکردنی خزمەتگوزاری مێسنجەر لەلایەن فەیسبووکەوە.

وێنەی ئەپی Beluga
وێنەی ئەپی Beluga
  • بڵاوکردنەوەی یەکەم وەشانی مێسنجەر:

دوای ئەوەی فەیسبووک دەستی بەسەر ئەپی Beluga گرت، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو ئەپەی بە ناوی Lucy Zhang برد بۆ لای خۆی و لە خزمەتگوزاری مێسنجەر دایمەزراند بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینێت، بەپێی وتەی ژانگ، ئەوان نزیکەی سێ تا چوار مانگ کاریان لەسەر مێسنجەر کردووە بۆ ئەوەی یەکەم وەشانی ئەو خزمەتگوزارییە بڵاو بکەنەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، لەو کاتەدا تەنها شەش کەس کاریان لەسەر ئەو خزمەتگوزارییە کردووە و دروستیان کردووە. لەکۆتاییدا و لە مانگی تەمموزی ٢٠١١ یەکەم وەشانی مێسنجەر بڵاوکرایەوە و گونجاو بوو بۆ بەکارهێنان لەسەر لاپتۆپ و مۆبایلە هۆشمەندەکان.

وێنەی یەکەم وەشانی مێسنجەر
وێنەی یەکەم وەشانی مێسنجەر
  • گەشەپێدانی زیاتر بە مێسنجەر:

ماوەیەکی کەم دوای ڕاگەیاندنی مێسنجەر، فەیسبووک پلان و ستراتیژییەکی وەهای داڕشت کە مێسنجەر زۆر زیاتر پێشبخات، لە سەرەتادا مێسنجەر بە فەیسبووک نەبەسترابوو، واتا مەرج نەبوو هەژماری فەیسبووکت هەبێت بۆ بەکارهێنانی، بەڵام لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣ فەیسبووک دەستی کرد بە دانانی مەرج بۆ بەکارهێنانی ئەم خزمەتگوزارییە، وە مەرجی سەرەکی بەکارهێنانیشی بریتیبوو لە هەبوونی هەژمارێکی فەیسبووک، واتا گەر هەژماری فەیسبووکت نەبوایە ئەوا نەتدەتوانی بەکاری بهێنیت. مێسنجەر هاوکاری دەکردی و گەر هاوڕێت نەبوایە لە هەژمارەکەت ئەوا خۆی بەدوای ئەو ژمارانەدا دەگەڕا کە لای خۆت پاشەکەوتت کردوون و لە هەمان کاتدا هەژماری فەیسبووکیان هەیە، ئەمەش بۆ کارئاسانی و پەیوەندی زیاتر. لە سەرەتادا مێسنجەر تەنها تایبەت بوو بە پەیامی نووسینەکی، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم فەیسبووک هەنگاوێکی گەورەی ڕاگەیاند ئەویش بریتی بوو لە زیاد کردنی پەیوەندی دەنگی ڕاستەوخۆ بە پشت بەستن بە ئینتەرنێت. هەروەها هەر لە نێوان ئەم هەنگاوانەدا، فەیسبووک ڕووکاری سەرەکی مێسنجەری گۆڕی بۆ شێوەیەکی جوانتر و ئاسانتر.

گۆڕینی ڕووکار و شێوەی مێسنجەر
گۆڕینی ڕووکار و شێوەی مێسنجەر
  • زۆرکردن لە بەکارهێنەران بۆ دابەزاندنی مێسنجەر-گەشەدانی زیاتر بە خزمەتگوزارییەکە:

فەیسبووک لە مانگی نیسانی ٢٠١٤ ڕایگەیاند کە ژمارەی بەکارهێنەرانی مانگانەی مێسنجەر گەیشتۆتە ٢٠٠ ملیۆن، ئەمەش وای لە فەیسبووک کرد کە زیاتر مێسنجەر پێشبخات. یەکەمین هەنگاویش، سڕینەوەی چاتی ڕاستەوخۆی فەیسبووک بوو لەناو ئەپەکەی، لە جێگای ئەمەش، فەیسبووک داوای لە بەکارهێنەران دەکرد کە مێسنجەر دابەزێنن و سوود لەو ببینن، چونکە تایبەتمەندی زیاتر لەخۆ دەگرێت. لەسەرەتادا بەکارهێنەرانی فەیسبووک زۆر ناڕازی بوون و بێزار ببون لەوەی بەردەوام ئەو پەیامە لەلایان دەردەکەوت، بەشێوەیەک ناڕازی بوونەکەیان گەیشتبووە ئەو ئاستەی، کە لە سەرەتادا بۆ هەڵسەنگاندنەکەی تەنها یەک ئەستێرەیان دابووە ئەپی مێسنجەر لە کۆگای App Store! بەڵام دوای ڕاگەیاندنی کۆمەڵێکی گەورە و نوێ لە تایبەتمەندی زۆر سەرنجڕاکێش و جیاواز، ئیدی خەڵکیش ڕوویان کردە بەکارهێنانی مێسنجەر و تەنانەت لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ ژمارەی بەکارهێنەران گەیشتە ٥٠٠ ملیۆن!

messenger-forced-migration

فەیسبووک لە زنجیرەی گەشەپێدانەکانی بەردەوام بوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤ دووبارە کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێی ڕاگەیاند کە زیاتر سەرنجی بەکارهێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. یەکێک لەوانە پیشاندانی دۆخەکانی (دەنێردرێت Sending -نێردرا Sent -گەیشت Delivered) بۆ پەیامەکان، ئەمەش بۆ ئەوەی بەکارهێنەر ئاگاداربێت ئایا ئەو پەیامەی کە بۆ بەرامبەر ناردوویەتی گەیشتووە و بینیویەتی یاخود نا.

sending-sent-delivered

بەڵام دووبارە گۆڕانکاری لەو شێوەیە کردوو لە ئێستاشدا فەیسبووک کردوویەتی بەشێوەی بازنەیی بێ ئەوەی نووسینی لەگەڵ بێت، هەریەکەیان دروشمێکی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بیناسێتەوە.

  • زیادکردنی پەیوەندی ڤیدیۆیی و چەند شتێکی تر:

قۆناغی هەرە گەورەی نوێکارییەکانی مێسنجەر، لە ساڵی پار و لەمساڵدا ئەنجامدران. نوێکارییەک کە بەدڵی هەموو بەکارهێنەران بوو، وای لێیان کرد کە زیاتر و زیاتر بچن بەلای مێسنجەرەوە، گەورەترین تایبەتمەندی کە فەیسبووک زیادی کرد بۆ مێسنجەر، بریتی بوو لە پەیوەندی ڤیدیۆیی. لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە ئیدی مێسنجەر هەر تەنها ئەپێکی ئاڵوگۆڕکردنی پەیام نەبوو، بەڵکو بوو بە ئەپێکی جیهانی و هەموو کارێک لەڕێگایەوە ئەنجام دەدرا، پەیامی نووسینەکی، پەیامی دەنگی، پەیوەندی ڤیدیۆیی، ئەمانە بوونە نوێکارییەکی زۆر گەورە بۆ جیهانی تەکنەلۆژیا و ژیانی خەڵک بە گشتی. فەیسبووک بەمانەش نەوەستا! دوای هەموو ئەمانەش فەیسبووک هەڵسا بە کارکردن لەگەڵ چەند پێگەیەک ئەویش بۆ زیادکردنی وێنەی جوڵاو و ئیمۆجی و لکێنەرەکان، دوای ماوەیەکی کەمیش، فەیسبووک وێنەی جوڵاوی بۆ پەیامەکان زیادکرد و پشتگیری دەکرد، هەروەها هەڵسا بە زیادکردنی کۆمەڵێک ئیمۆجی و لکێنەر (Sticker) ـی نوێ بۆ مێسنجەر، کە ئەمانە زیاتر خزمەتگوزارییەکەیان بەرەو پێشبرد و بردیان بەرەو لوتکە.

screen-shot-2015-03-25-at-11-15-52-am

how-turn-facebook-messenger-emoji-update-new-emoticon-disable-company-adds-1500-new

سەرچاوە: Tech Crunch

 

تاگەکان فەیسبووک
بۆچونی تۆ