بابەتی گرینگ 18, ئه‌یلول 2016

بیروڕا: ببورە ئەپڵ ئەمجارە نیگەرانت کردم!

opinion

لەماوەی ڕابردوودا و لەگەڵ تێکەڵبوونی زیاترم لەگەڵ بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ هەر لە ماکبووک و ئایماکەوە تا ئایپاد و ئایفۆن و ئایپۆد، ئەپڵ بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری لێ کردووم کە دان بەوە بنێم کە لەگەڵ هاتنی هەر نەوەیەکی نوێی بەرهەمەکانی، بڵێم بەڵێ ئەپڵی بەڕێز داهێنانت کردووە و دەستت خۆش بێت! ئەوەتا ئەمجارە نەوەیەکی نوێی ئایفۆنی ڕاگەیاند بەڵام ئەوەی ئەمجارە بینیم لە  نەوەی نوێی ئایفۆن، دەتوانم بڵێم شتێکی وەها نەبوو کە شایەنی باس بێت و وەکو ئەوەی لەنەوەکانی تر ئەنجامیدا. ئەمە جگە لەوەی کە لەلایەن میدیاکانەوە بەتەواوی وێنەی ئایفۆن ٧ گەورەکرا!

گومان لەوەدا نییە، لەنەوەکانی ڕابردووی ئایفۆن هەمیشە لەدوای هاتنی دوو نەوەی نوێ، نەوەی دواتری ئایفۆن گۆڕانکاری لە شێوەیدا بە شێوەیەک کراوە بەکارهێنەر بە ئاسانی هەستی پێ دەکرد بەڵام لەگەڵ هاتنی ئایفۆن ٧ من توشی سەرسوڕمانی هاتم! گوتم ئەپڵ چیت کرد؟ کوا داهێنان؟ جۆنی ئایڤ لەکوێی؟ خۆ بیرۆکە نایابەکانت هەر ماون بۆ لەم نەوەیە بەکارت نەهێنان؟ ئیتر چیم دیت؟ ئایفۆن ٧ و ٧ پڵەس بەهەمان دیزایینی نەوەی پێشوو! تەنها هێڵێکی سپی کە ئەنتێنای وایەرلێسە لابراوە و لە ئێستادا لەسەرەوەی مۆبایلەکە یەک هێڵ و لەخوارەوە یەک هێڵ هەیە کە لە ئایفۆن شەش و شەش ئێس دوو هێڵ بوو لەسەرە و خوارەوەی مۆیایلەکە.

دەی هەر لە میانەی کۆنگرەکە کە بینەری بووم، بە تامەزۆرییەوە چاوەڕێ بووم شتێک ببینم جێگەی ئەوە لەدڵم بگرێتەوە سەبارەت بە دیزایینەکەی دروستبووبوو! ئیتر فیل شیلەر دەستی کرد بە باسکردنی تایبەتمەندییەکان و یەکێک لەو تایبەتمەندییانە کاک جاک (Headphone Jack) خوا حافیزی لێمانکرد و فیل شیلەریش وشەی Courage بەکاردێنێت دەربارەی ئەو لابردنە و بەمن دەڵێ ئەمە بوێرییە! دەی دەی  شیلەرگیان بەچی دەڵێی بوێری بەوە دەڵێی بوێری کە لەگەڵ ئایفۆن حەوت کەیبڵێکی زیادت داناوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەگەر ویستی بیستۆک (هێدفۆنە) کۆنەکان بەکاربێنێ ئەو کەیبڵە بەکاربێنێت! لابردنت لەچی و دانانی کەیبڵی زیادەت لەچی! زۆر بوێرن جا بۆ.

لەگەڵ خوا حافیزی کاک جاک دەبێت لەمەودوا لەشوێنی شەحنکردنەوەی مۆبایلەکەت بیستۆک بەکاربێنیت و ئەگەر ویستت شەحنی ئایفۆنەکەت بکەیت نابێت بیستۆک بەکاربێنیت و ئەگەر ویستت بیستۆک بەکاربێنیت نابێت مۆبایلەکەت شەحن بکەیت! بەڵام گوایە چارەسەر هەیە و دەبێت چی بێت؟ ئەپڵ بیستۆکی وایەرلێسی ڕاگەیاند کە لەوەیە کەمێک بەدیزایینەکەی سەرسام بم هەرچەندە هەر ئێیەرپۆدەکەی پێشووترە بەڵام بێ وایەر، تا ئێرە کێشە نییە. بەڵام ئەوەی کێشەیە نرخەکەیەتی کە بەلامەوە سەیربوو و بەکارهێنەری ئاسایی ناتوانێت بیکڕێت کە ڕایگەیاند ١٥٩ دۆلارە! کاک جاکت نەهێشت و ئێستاش بیستۆکی بێ وایەر بەو نرخە بە ئێمە دەفرۆشیت.

ئەمجار ئەپڵ داهێنانی کردوو، دوو کامێرای لەپشتی ئایفۆن ٧ پڵەس داناوە، ئەپڵ گیان بۆ وا لەکاروانی خەبات وەدوا کەوتوویت! کۆمپانیاکانی تر لێ بوونەوە، ئێوە تازە بە تازە جوت کامێرا دەخەنە سەر ئامێرەکانتان و لەوەشە پێی بڵێن داهێنان! من دەترسم چیتر قسە باق و بریقەکانتان کارێ نەکات وەکو پێشتر، چونکە وەرەس بووین لە وتەی دووبارەی وەکو بۆنمونە ئەمە باشترین ئایفۆنە تا ئێستا دروستمان کردبێت! خۆ گاڵتە ناکەیت تیم کووک گیان.

بەوە سەرسوڕمانیان لەلای خەڵکی دروستکردووە کە دوو ڕەنگی نوێیان بۆ ڕەنگەکانی ئایفۆن زیادکردووە! چ ڕەنگێکن؟ ڕەنگی ڕەشی قەترانی و ڕەشی ئاسایی! بەڵام سەیرتر لەسەیر لەلای من ئەوەیە ئەو ڕەشە قەترانییە لە ئایفۆن ٣ جی بەکارهاتبوو بەڵام جیاوازی ئەوەیە ئەو  ئەلەمنیۆم نەبوو و پلاستیک بوو!

ئەپڵ وتی ئایفۆن ٧ ستاندەردی IP67 هەیە کە واتای وایە ئایفۆنی ئەمجارە بەرگەی ئاوبەرکەوتن و کەوتنە ناو ئاوەوە دەگرێ تا مەترێک و هەروەها دژە تۆزیشە! نازانم بڵێم چی ئەوە وایە لەنەوەکانی پێشتری ئایفۆن نەبوو بەڵام داهێنان نییە و شتێکی ئاساییە لە جیهانی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا.

تەنها یەک شت بەلامەوە سەرەنج ڕاکێش بوو ئەویش گۆرینی دوگمەی سەرەکی لە دوگمەیەکی ئاساییەوە بۆ دوگمەیەکی لەمسی کە چەند ئەرکێکی پێ سپێردراوە، لەوانە کاتێک بەشێوەی ئاسایی پەنجەی پێ دەکێشی کارێک دەکات و کاتێک وەکو شاشەی 3D Touch کەمێک هێز بەکاردێنیت کارێکی تر دەکات. تەنها ئەوە بەلامەوە تازەیە!

لەکۆتاییدا دەڵێم ئەپڵ نیگەرانت کردم چونکە من وەکو هاندەرێک و بەکارهێنەرێکی سەرسەختی بەرهەمەکانت چاوەڕوانی شۆڕشێکی تر بووم لەبواری دیزاییندا و شتێکی نوێم بەدی نەکرد ببێتە هۆکار کە ئەمجارە بەزووی ئایفۆن ٧ بخەمە دەستمەوە. ببورە ئەپڵ لەوەیە ڕوو لە مۆبایلێکی تر بکەم یان بەدرەنگەوە ئەو نەوە نوێیەش تاقی بکەمەوە و بیخەمە دەستمەوە.

ئەمانەی خوارەوەش هەندێک وێنەی خەندە ئامێزن وەکو ڕەخنە دەربارەی بەرهەمە نوێکانی ئەمجارەی ئەپڵ:

cr0lv-fweaeerf-jpg-large cr0olwuwgaaqehr-jpg-large cr1rx8gxeaey0oy cr1yvnowcaelnr9-jpg-large crypuu2xgaed2wu

بۆچوونەکان
  • Hagy

    دەستەکانت خۆشبێت بەڕاستی ڕاستییەکەت دەرخست
    بیکە بە گالاکسی مامەگوڵ
    ئایفۆن لە چاو گالاکسیا لە مقەبایەکی داخراو هیچی تر نیە

بۆچونی تۆ