بابەتی گرینگ 6, تشرینی یه‌كه‌م 2016

مۆبایلی گرانبەها و بارودۆخی قەیراناوی ئێستای کوردستان

opinion4

فێرخوازی بەڕێز… ئەی بەکارهێنەری مۆبایلە هۆشمەندەکان… پێویستە وریا بیت چی دەکڕیت وە پێویستە بشزانی چۆن بەکاری دەهێنی، وە گرنگ نیە چی دەکڕیت گرنگ ئەوەیە بزانیت چۆن بەکاری بهێنیت، بێگومان هەر لە ئایفۆن ٤ـەوە تا دەگاتە ئایفۆنی ٧ هەموویان هەر یەک بابەتن ئەوەی بە ئایفۆن ٤ـەکە دەکرێت بە ئایفۆن ٧ـەکەش دەکرێت من کە باسی بەکارهێنان دەکەم کورد وەک نموونە دێنمەوە چونکە بەکارهێنانی کورد زۆر جیاوازترە لە بیانییەک کە سوود لە ٩٠%ـی تایبەتمەندییەکانی ئایفۆنەکەی وەردەگرێت کە تێیدا هەیە، کوردە نازدارەکەی خۆمان تەنها بۆ وێنە و ڤیدیۆ و کۆمەڵیک یاری و پەیوەندی کردن نەبێت ئەگەر نا بە قەدەر یەک تۆزقاڵە زەڕەش سوود لەو مۆبایلە نابینێت، لەوانەیە هەندێکتان لەگەڵم نەبن بەڵام قسەکەم ڕاست و درووست لەسەر ٨٠%ـی تاکی کورد پەیڕەو دەکرێت و دەچەسپێت.

با واز لە ئایفۆن بێنین بێگومان بۆ سامسۆنگ و ئێچ تی سی و سۆنی و هواوەی و نێکسەس و تەواوی مۆبایلەکانی تر هەر وایە تەنها هەندێک خاڵی جیاوازیان هەیە لە بەکارهێنان ئەویش لە ڕووی سیستەمە وەگەڕخەرەکەیەتی کە ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێسی ئەپڵە.

ئەی هەواداری تەکنەلۆژیا و مۆبایلی هۆشمەند تا کەی هەر کۆمپانیای ئەپڵ و سامسۆنگ؟ هەرگیز بیرت لەو نرخە خەیاڵیانە کردۆتەوە؟ ئەی هەرگیز بیرت لەو جۆرایەتی و کوالێتییە خراپانەیان کردۆتەوە؟ باشە بۆچی سامسۆنگ یان ئەپڵ بکڕین بە نرخی سەرووی ٧٠٠$ لە کاتێکدا چەندان کۆمپانیای تر هەن کە مۆبایلی هۆشمەندیان هەیە لە ڕووی تایبەتمەندییەوە هیچی لەوانە جیاواز نیە و نرخیشیان لە خوار ٥٠٠$ـە؟ تا ئێستا هەستان بەوە کردووە یان لە خۆتان برسیوە کە ئەپڵ و سامسۆنگ وەک گسکی کارەبایی تەنها پارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانیان وەردەگرن و زۆر جار بەرهەمی ئەو تۆش پێشکەش ناکەن؟

ئایفۆنی نوێ و زنجیرەی ئێسی نوێ لە سامسۆنگ نمایش کران سامسۆنگی نوێ کە نۆت ٧ـه هەر زوو گەیشتە بازاڕەکانی کوردستان و زۆرێک لە کەسەکان بێ گوێدانە نرخ و باشی جۆر سەدان دۆلاریان بە نۆت ٧ـدا بەڵام هەر زوو تەقینی باتری ئەم مۆبایلە خەمی دا کڕیاران و هەوادارانی ئەم مۆبایلە و کۆمپانیای سامسۆنگیش لەگەڵ خەرج کردنی ئەو هەموو ملیۆن دۆلارە بۆ ڕیکلامی ئەم مۆبایلە تەنها فریای ئەوە کەوت مۆبایلەکانی لە بازاڕ بکێشێتەوە و دووبارە پێیدا بچێتەوە بەڵام دووبارە ناردنەوەی بۆ نێو بازاڕەکان دووبارە مۆبایلی نۆت ٧ باترییەکەی تووشی گەرمی دەبوو بە هەمان شێوە کڕیارانی تووشی شۆک و ترس کرد، هێشتا ئایفۆنی نوێش نەهاتبووە کۆمەڵێک کەس ئامادە بوون هەزار دۆلار زیاتر بدەن تەنها لەبەر ئەوەی چەند ڕۆژێک پێش خەڵك ئەم ئایفۆنە بگرنە دەست ئەم گرتنە دەستەش تەنها چەند ڕۆژێکی خایاند، هەر چەند ڕۆژێک دوای گەیشتنی ئەم جۆرە ئایفۆنەش بەدەر نەبوو لە کێشە وەک بڵێی ئایفۆنی ٧ و نۆتی ٧ لە یەک کارگە درووست کرابن، کێشەی بیستۆک و بوونی دەنگ لە پڕۆسێسەری ئایفۆنی ٧ پڵەس بە هەمان شێوە کڕیارانی تووشی ترس و دڵ تەنگی کرد.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش کۆمپانیای گوگڵ نوێترین مۆبایلەکانی خۆی بە ناوی پیکسڵ نمایش کرد بەڵام نرخەکەی هیچی وای فەرق نیە لەگەڵ ئایفۆن و سامسۆنگ لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەرزی هەبوو بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی تریشی تێدا نەبوو کە لە مۆبایلەکانی تردا بوونی هەیە و نرخیان هەرزانە.

بازاڕەکانی کوردستان لە خراپ ترین ئاستی دایە بە هۆی سەختی گوزەرانی خەڵک و ئەو قەیرانە داراییە بار گرانیەکی زۆری لەسەر خەڵکی بە گشتی درووست کردووە، بازاڕەکانی کوردستان ڕێک وەک بازاڕەکانی وڵاتی هیندی لێ هاتووە خەڵک ووردە ووردە لەوە تێدەگات و لەوە تێگەیشتووە کە مۆبایلی تایبەتمەندی بەرز و نرخی هەرزان بۆ ئەوان باشترین جۆرە ئیتر دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە باوی مۆبایلی ٧٠٠$ـی و ٨٠٠$ـی نەماوە بەو پێیەی خەڵک گیرفانی بەتاڵە و موچەی نیە ئیتر بازاڕ بازاڕی ئەو مۆبایلانەیە کە نرخیان لە ٤٠٠$ ڕەت نادات و تایبەتمەندیان بەرزە.

ماوەتەوە بڵێین ئەپڵ و سامسۆنگ وەک حکومەتە خراپەکانیان لێ هاتووە بێ گوێدانە گیرفانی خەڵک و بازاڕە جیهانیەکان و کەم بوونەوەی خواست لەسەر مۆبایلە هۆشمەندەکان هێشتا دەیانەوێت زۆرترین پارە لە خەڵك بکێشنەوە و خەڵک ووشک بکەنەوە لە کاتێکدا دەیان مۆبایلی چینی ماڕکەی جیهانی بە تایبەتمەندی بەرز و نرخی گونجاو لە بازاڕەکان هەن بەڵام خەڵک هێشتا ئامادەن ئەپڵ و سامسۆنگ بکڕن! خۆ ئەگەر بڵێن چینی خراپە نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە بەشێکی زۆری سامسۆنگ و تەواوی مۆبایل و بەرهەمەکانی ئەپڵ لە وڵاتی چین درووست دەکرێت.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم کۆمپانیا چینیەکان بە تایبەت ئەوانەی لە بواری بەرهەمهێینانی مۆبایل کار دەکەن وەک ئۆپۆ و شاومی و ڤیڤۆ و وەن پڵەس و چەندانی تر لە چەند ساڵی داهاتوو تەنگ بە هەر یەک لە کۆمپانیاکانی گوگڵ و ئەپڵ و سامسۆنگ هەڵدەچنن چونکە بە ناچاری وایان لێ دەکەن یان نرخی مۆبایلەکانیان هەرزان بکەن یان پڕ فرۆشی مۆبایلی کۆمپانیا چینیەکان لە بازاڕەکان وەڵامێک دەبێت بۆیان کە دەبێت لەوە تێ بگەن کە کڕیاران مۆبایلی تایبەتمەندی بەرز و نرخ مامناوەندیان دەوێت و وەڵامێکی تریش دەبێت بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنن بە قۆرخکارییەکانی کۆمپانیای ئەپڵ و سامسۆنگ و گوگڵ لە بازاڕی مۆبایلە هۆشمەندەکان.

بۆچونی تۆ