10
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 1, حوزه‌یران 2017 2 بۆچوون

بەبێ هۆکار هەژماری فەیسبووکەکەم ناچالاککرا!

دوێنی شەو دەوروبەری کاتژمێر ١١ لەپەیوەندیەکی دەنگی مێسنجەردابووم لەنەکاو لەکاتی پەیوەندیەکە پێویستم بەوەبوو لەنێو گفتوگۆی یەکێک لەهاوڕێیان بەڵگەیەک دەربکەم کەچی بینیم مێسنجەر دەیویست پەیوەست ببێت بە ئینتەرنێت و بەڵام نەدەبوو و کەچی منیش لەهەمان کاتدا لە پەیوەندی دابووم و ئەم دۆخەم بەلاوە سەیربوو. ئیتر گوێم پێ نەدا و بەردەوام بووم لە پەیوەندیەکە و لەکاتی پەیوەندیەکەش لەسەر کۆمپیوتەربووم و لەگەڵ پەیوەندیەکە لەسەر کۆمپیوتەر هەوڵی ئەوەمدا بچمە ناو فەیسبووکەکەم کەچی بینیم ناچێت ژوورەوە و داوا دەکات وێنەیەکی خۆم بەرزبکەمەوە کە بەڕوونی دەموچاوم نیشان بدات. منیش باشبوو لەسەر کۆمپیوتەربووم و ڕاستەوخۆ وێنەیەکی خۆمم بەرزکردەوە و پەیامێک دەرکەوت و سوپاسگوزاری تێدابوو و داوای دەکرد چاوەڕێ بکەم تا پێداچوونەوە دەکرێت و منیش وتم ئاساییە. کەچی دوای کەمێکی تر هەوڵێکی چونە ژوورەوەم دا و ئەو پەیامەی پێشتر نەما و پەیامێکی تر دەرکەوت کە تێیدا نوسراوە هەژمارەکەت ناچالاککراوە و ئەگەر هەر پرسیارێکت هەیە یان شتێکی پەیوەندیدار بەوە، دەتوانیت سەردانی پەڕی پرسیارە دووبارەبووەکانمان بکەیت لەم بەستەرەوە.

منیش بەستەرەکەم کردەوە و دیارە ڕوونکردنەوە هەیە و نوسراوە ئێمە هەژماری فەیسبووک ناچالاک دەکەین ئەگەر شوێن مەرجەکانی فەیسبووک نەکەون، بۆ نمونە ئەمانەی خوارەوە:

  • بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کە لەگەڵ مەرجەکانی فەیسبووک نەیەتەوە
  • ناوێکی ساختە بەکاربهێنیت
  • خۆنیشاندان وەکو کەسێکی تر
  • بەردەوامبوون لەسەر کردارێک کە لەسەر فەیسبووک ڕێگەپێدراونییە بەپشت بەستن بە سەرپێچیکردنی ستاندەردەکانی کۆمەڵگای فەیسبووک.
  • پەیوەندی کردن بە کەسانی ترەوە بەمەبەستی بێزرکردن و ڕیکلام و ژوانگرتن و یان هەر شتێکی تر کە ڕێگە پێدراونییە!

سەبارەت بەم چەند خاڵە من گومانم نییە کە بۆ ئەم شتانە من هەرگیز نەمهێشتووە بە بڵاوکراوەکانم لەسەر دەمنامەی فەیسبووکەکەم سەرپێچی ئەو یاسا و ستاندەرد و مەرجانەی فەیسبووک بکەم کە دایناوە. بۆ نمونە من ناوی ساختەم بەکارنەهێناوە و بەهیچ شێوەیەکیش وەکو کەسێکی تر خۆم نیشان نەداوە یان هەر جۆرەکارێکی تر کە بوبێتە هۆی بێزارکردنی بەرامبەر و بەکارهێنەرانی فەیسبووک. تەنانەت فەیسبووک بە دورودرێژ ستاندەرد و مەرجی هەیە لەم بەستەرەوە، من پێم وانییە سەرپێچی دانەیەکیم کردبێت و بەڵکو بەپێچەوانەوە زۆر بەجوانیش پابەندیان بووم.

پێموایە ئەم کارەی فەیسبووک بەبێ هۆیە و چونکە ئەگەر هەرکەسێکی سەیری دەمنامەی فەیسبووکەکەی منی کردبێت پێشتر، دەزانێت چۆن و چەند بەجوانی ڕێکخراوە لەڕووی زانیارییەوە و گشت زانیارییەکانم وەکو خۆی و بەبێ ساختەیی و ئەملاوئەولا نوسیوە و تۆمارکردووە. ئیتر نازانم بەپێی چ یاسایەک و چ ڕێسایەک فەیسبووک ئەم کارە بەرامبەر بەبەکارهێنەرانی دەکات. هەرکاتێکیش کەسێک سەرپێچی کرد تۆ ئاگاداری بکەوە بە ئیمەیڵ یان ئەو ژمارە تەلەفۆنەی لەسەر هەژمارەکە تۆمارکراوە. من نە ئاگاداری پێشەکی و نە هیچ شتێکم پێ نە گەیشت و لەخۆیەوە بێ یەک و دوو هەژمارەکەم لەکارخراوە و ئیتر نازانم وەکو کابرا لێم دەکەنە چیرۆکی مێشەکە یان کاتییە و وەکو ئیشە بەردەوامە کاڵ و فەریکەکانیان داوای ناسنامە و نازانم چی و چی دەکەن. ئینجا دەشنوسن کە ناسنامەکەت ئەپڵۆدکرد ئەوا ئێمە بەزوویی و بەهەمیشەیی لە ڕاژەکارەکانمان واتە سێرڤەرەکانمان ئەو ناسنامەیە دەسڕینەوە. چۆن باوەڕتان پێ بکەم؟!

ئەم کارەی بەرامبەر من کراوە، من تەنها نیم و بەرامبەر بەهەزارانی تریش کراوە و لەوەیە هەندێکی بەهۆکارەوە بێت و هەندێکیشی وەکو من بەبێ هۆکاربێت. من پێموایە ئەمە پێشلکردنی مافی بەکارهێنەرانییەتی چونکە بەڕاستی ناکرێت بەبێ ئاگاداری پێشەکی تۆ کاری لەم شێوەیە بەرامبەر بە بەکارهێنەرانت بکەیت. بۆ نمونە، من لەوەتەی ٢٠١٠ـەوە تا ئەمڕۆ دەمنامەی فەیسبووکەکەم بریتییە بووە لە هێڵی ژیانم و زۆربەی یاردەوەری و زانیارییەکانم لەوێ بڵاوکردووەتەوە و ناکرێت هەر ئاوا بە ئاسایی و سانایی هەژمار ناچالاک بکەن. ئەمە ناداتپەروەرییە، بەڕاستی.

بەداخەوە چەندجارێکیش لەوەتەی دوێنێوە داوای پێداچوونەوەم بەم بڕیارەی فەیسبووک کردووە لەڕێگەی فۆڕمی تایبەتی خۆیانەوە کەچی بەهیچ شێوەیەک وەڵامیان نییە و پێشم وایە باکیان نییە بەم شتانە و بۆی هەیە بەگوێرەی ئارەزووی خۆیان وەڵامبدەنەوە، ئەمە هەرچەندە کەس نازانێت کە ئایا مرۆڤی ڕاستییە یان ئیتر بەرنامەیەکی خۆکارانەیە وەڵامی بەکارهێنەران دەداتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی تێبینی ئەوەشم هەیە کە ئایا ئەو ڕاگرتنی هەژمارە خۆکارانەیە یان ئەوەتا بەشێوەیەکی دروست پێداچوونەوە دەکرێت لەلایەن کارمەندانی فەیسبووک خۆیانەوە. ئەمە تا ئێستا ڕوون نییە و کەس نازانێت چۆنە و چۆن گاڵتە بە ئێمەی بەکارهێنەر دەکەن.

بەداخەوە کە لەسەر ئەم جیهانە جەنجاڵەی ئینتەرنێت هیچ شتێکی پارێزراو نەماوە و تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە ئارەزووی خۆی داوای شتی کەسی و تایبەتیت لێ دەکات و دەبێت پێشی بدەیت بەپێچەوانەوە لەسەر تۆڕەکە ناچالاک دەکرێیت. ئەوەی من سەرم لێی سوڕماوە نەبوونی شتانێکی فەرمییە لەم تۆڕە و تۆ ناتوانیت بەهیچ شێوەیەک ئیمەیڵێکی دروست و ڕێک بدۆزیتەوە و بە وردی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ کارمەندانی فەیسبووک بکەیت، بەداخەوەیەکی تر ئەوەیە وڵاتە بێ کەسەکەی ئێمەش – عێراق – کەس بە سفری پاش فاریزەیش نایخوێنێتەوە و هیچ شتێکی فەرمی نییە تا بتوانیت لەنزیکەوە داوای خۆت پێشکەش بکەیت.

ئەم وتانەی من نوسیومن ئەوە ئەوە دەگەیەنێت لەسەر ئینتەرنێت بابەتی تایبەتی و کەسی چ بایەخێکی نییە و بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە بە شتە تایبەتییەکانمان دەکرێت و گاڵتەشمان پێ دەکرێت لەبەرامبەری.

لەکۆتایدا، هیوادارم کە ئەم جۆرە کارانەی فەیسبووک وهاوشێوەکانیان بریتی نەبێت لەگاڵتە پێکردن و بێزارکردنی بەکارهێنەرانیان. وە هیواداریشم ئەو دۆخەی من کاتی بێت و هەژمارەکەم بۆ بگڕێتەوە، بەپێچەوانەوە لەوەیە ئەستەم بێت جارێکی تر وەکو جاران بتوانم فەیسبووک بەکاربهێنمەوە.

بۆچوونەکان
  • Dlakam dlakam

    براکەم من لە فەیسبوک شارەزام گەر حەز ئەکەی پاسۆرد ئیمێڵتم بەرێ بۆت چاک ئەکەمەوە و ئەیەمەوە دەست خۆت

  • Paewand hasan

    برام پێم وایە بێ هۆکار نییە زۆر جار بەهۆی ڕیپۆرتەوەیە

بۆچونی تۆ