ئەندرۆید

5 هۆکار بۆ ئەوەی گالەکسی S9 نەکڕیت

وەک لە بابەتێکی دیکەمدا باسم لە پێنج خاڵی گرنگ کردبوو کە وات لێدەکات مۆبایلە نوێکەی سامسۆنگ کە گالەکسی S9 یە بکڕیت، لەم بابەتەشدا باسی تایبەتمەندییەکانی دیکە دەکەین کە لەوانەیە وات لێبکات جارێکی دیکە بیر بکەیتەوە پێش ئەوەی بڕیاری کڕینی S9 بدەیت.

١- بوونی تایبەتمەندی ئەنیمی ئاڕ لە مۆبایلەکەدا کە لە مۆبایلی ئایفۆن ١٠ـدا ناوبراوە بە ئەنیمۆجی و پێشتر بوونی هەبووە، و ئەمەی سامسۆنگ پێویستی بە گەشەپێدانی زۆر زیاتر هەیە، و تایبەتمەندی ناسینەوەی دەموچاوی مۆبایلەکەش بەو ڕادەیە سەرکەوتوو نییە لە چاو ئایفۆن ١٠ـدا.

٢- بیکسبی لەوانەیە لە ئێستادا سوودێکی ئەوتۆی نەبێت بە تایبەت بۆ خەڵکی کوردستان چونکە بەشێکی تایبەتمەندییەکانی بۆ خەڵکی نەتەوە و زمانەکانی دیکە و کەرەستەکانی کە لێرە بەردەست نین بوونی هەیە. و شوێنی دووگمەی بیکسبی بەشێوەیەکی باش سەرکەوتوو نییە، چونکە لە تەنیشتی دووگمەی دابەزاندنی دەنگی مۆبایلەکەدایە و لەوانەیە زۆربەی جار سەرت لێ بشێوێنێت ئەمەش پێویستی بە ڕاهاتنێکی دوور مەودا هەیە. و لەوانەیە گوگڵ ئەسیستانت “یاریدەدەری دەنگی گوگڵ” بەکارهێنانێکی باشتری هەبێت.

٣- نرخی مۆبایلەکەش خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگی ئەم باسەیە، و S9 نرخی زۆرە و پێویستت بە گیرفانێکی پڕ هەیە بۆ کڕینی و نرخی S9 کە بریتییە لە ٧٤٩ دۆلار، چونکە نرخی مۆبایلی وەن پڵەس 5T نرخی لە نزیکەی ٥٠٠ دۆلار دایە و تایبەتمەندییەکانی ئێجگار لە S9ـەوە نزیکە. هەروەها مۆبایلی Motorola Moto G5 Plus کە نرخی نزیکەی ٢٠٠ دۆلارە و تایبەتمەندییەکانی بەشێوەیەکی باش نزیکی گالەکسی S9ـیە جگە پڕۆسێسەر و ڕوونما و چەند بەشێکی دیکەی مۆبایلەکە.

٤- هێواشی سامسۆنگ لە کاتی ناردنی وەشانە نوێکاندا بۆ مۆبایلەکانی، و ئەگەر بتەوێت خاوەنی مۆبایلێک بیت کار بکات بە دواین وەشانی ساڵانەی ئەندرۆید ئەوا گالەکسییەکە هەڵبژاردەیەکی باش نابێت و هەمیشە لە چاوەڕوانی گەشتنی وەشانی نوێدا دەبیت و وزەی باشی چاوەڕوانی دەوێت.

٥- تایبەتمەندی زۆر نزیکی مۆبایلەکە لە گالەکسی S8ـەوە:*هەمان قەبارەی ڕوونما و لە هەر ئینچێکیشدا هەمان ژمارەی پێکسڵەکانی S9ـی هەیە. هەمان توانای پاتری و بەرگەگرتنی ئاو تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی مۆبایلە نوێیەکەیە لەگەڵ وەشانی پێش خۆی کە گالەکسی S8 بوو. ئایا باشترکردنی کامێرا و هەستەوەری پەنجەمۆر دەبنە هۆکاری ئەوەی وات لێبکەن ئەم مۆبایلە نوێیە بکڕیت؟ بڕیار لای تۆی خوێنەرە و سەرنجی خۆت لە لێدوان بنوسە.

8 ئازار، 2018
ئاڤاتار
نوسەر و بەڕێوەبەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانم لە کەی ئای تی ئێن، لە بواری تەکنیکی پێگەکان و بەڕێوەبردنی پەیج و هەژمارەکانی دیکەدا کاردەکەم، خوێندكاری قۆناغی سێیەمی زانستی كۆمپیوتەرم. شارەزایی پەیداکردنی زیاتر لە بواری سۆشیاڵ میدیادا خولیای منە و لەم پێگەیەوە دەمانەوێت ئێوە ئاشنا بکەین بە جیهانە جوانەکەی تەکنەلۆژیا.
234