تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لەم ڕۆژانەدا کە لە فەیسبووک ئەمانەت بینی چی بکەیت باشە؟

لەم ڕۆژانەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت فەیسبووک تەنراوە بەو بابەتە بێ بنچینە و هەڵخەڵەتێنەرانەی کە زۆرمانی بێزارکردووە. لەبەرئەوە نامەوێت زۆر بچمە ناوەڕۆک و کڕۆکی ئەو بابەتە و تەنها دەمەوێت لیستێک لەو بابەتە ساختانە بە ئێوە ئاشنا بکەم تا ئێوە کە شتێکی لەو شێوەیەتان بینی خۆتان بەدوور بگرن و خزم و هاوڕێ و دۆستانتانی لێ ئاگاداربکەنەوە. لە خوارەوە ئەوەی بۆم کرابێت باسم کردووە و بفەرموون خوێنەربن.

١- داوای کردبوو فڵان نوسینە وەکو BFF یان هەر شتێکی تر لە کۆمێنت بنوسە و ئەگەر سەوز یان سور یان پڕتەقاڵی بوو ئەوا فەیسبووکەکەت چالاکە. ئەمە جگە لە نەشارەزایی و خەڵک سەرقاڵ کردن و فێڵ لەخەڵک کردن و خەڵک لە خۆ کۆکردنەوە و پەڕ پەڕێنە بە خەڵک هیچی تر نییە! شەرم و شورییە و بێ ئیشییە ئەو کەسەی ئەم جۆرە شتانە بڵاودەکاتەوە.

٢- ئەگەر نوسرابوو ١٠ کۆمێنت یان ٢٠ یان ٥٠ بکە و وەنەوشە و نازانم لێگزز و ئەمانەت بۆ دەردەچێت ئەوا وابزانم ئەم کەسە پارەی زۆرە بۆیە تڕومبێلەکانی کوردستانی هەموو بەخشییەوە لەڕێگەی کۆمێنتەوە. بۆ خاتری خوای گەورە ئەمانە فلسێک نییە لە گیرفانیان ئینجا نۆرەی بەخشینەوەی وەنەوشە و لێگززە! خۆتان بەدووربگرن و برەو بەو بابەتە بێ بنچینانە مەدەن!

٣- نوسرابوو ئەم بەرنامەیە یان ئەپڵیکەیشنە پێت دەڵێت کێ سەردانی پڕۆفایلی کردوویت چ لەسەر فەیسبووک چ لەسەر ئینستەگرام ئەوا درۆیەکی شاخدارە و هیچ بنچینە و بنەمایەکی نییە و خۆتیان لێ بەدووربگرە چونکە ساختەن و گوماناوین. وە هەروەها زۆربەی ئەو ئەپانە بۆ ئەوەیە خەڵکی ببێتە نێچیریان و هاک بکرێن.

٤- نوسرابوو ٥ کۆمێنت یان ١٠ کۆمێنت بنوسە و ئەو ئەپڵیکەیشنە یان بەرنامەیە یان شتەت بۆ دەنێرم ئەوە درۆیە و ساختەیە و ساختەچین ئەوانەی ئەوە دەکەن!

٥- داوای کردبوو بنوسە فڵان شتە وەکو کۆبرا یان دەیناسۆڕ ئەوا دێتە سەر شاشەی مۆبایلەکەت ئەوا ئەوانەی ئەوە دەکەن لە ساختەچیەتی تێپەڕیون! مایەیی شەرمەزارین ئەم جۆرە کەسانە! تۆزێک بەخۆداچوونەوەیان پێویستە! میللەتی داواماویشم ئێوەش پێیان مەخەڵەتین و کاتی خۆتانیان پێ بە فیرۆمەدەن!

٦- سەردێری هەواڵەکان باق و بریق و تەنها بۆ ئەوە بوو ماڵپەڕەکەی بکەیەوە ئەوا مەیکەوە و شایەنی ئەوە نیین چونکە ئەگەر هەر دەزگایەک و ماڵپەڕێک بەڕاستی خاوەن ڕەوشتی ڕۆژنامەنوسی و میدیایی بن ئەوا گاڵتە بەخۆیان و خوێنەرانیان ناکەن. دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم مەیانکەنەوە و سزای ئەم جۆرە بەناو ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆن و ماڵپەڕ و دەزگایانە بدەن.

٧- ڤیدیۆیەک یان وێنەیەک بڵاوکرایەوە و جێگەی گومان بوو ڕاستەوخۆ باوەڕی پێ مەکە و کۆمێنت بنوسیت و هەرچی قسەی ناشیرین هەیە بینوسیت. بەڵکو لەڕاستی و دروستی شتەکە بکۆڵەوە پێش ئەوەی خۆت توشی هەڵە بکەیت و بە قسەکانت خۆت گوناهبار بکەیت و دڵی خەڵکی لەخۆت بهێشێنیت.

٨- پەڕێک کەلوپەلێک دەفرۆشێت و هەرچی قسەی باق و بریق و پێداهەڵدان هەیە بۆ بەرهەمەکەی دەکات ئەوا ڕاست باوەڕ مەکە و بیکڕیت بەڵکو سەیرێکی کۆمێنتەکانی پۆستەکە بکە و بزانە خەڵکی چی دەڵێن دەربارەی و ئینجا بڕێکیش لە ئینتەرنێت بۆی بگەڕێ و پرسیاریش لە هاوڕێ و دۆستان بکە بەڵکە کڕیبێتیان بزانە ڕا و بۆچوونیان چۆنە ئینجا هەنگاو بنێ و بیکڕە.

٩- نوسرابوو فێری ئینگلیزی ببە بە گرەنتی بە ماوەی مانگێگ یان دوو مانگ یان زیاتر ئەوا مایەیی پێکەنینە چونکە زمان پڕۆسەیە و بە ڕۆژێک و مانگێک و دوو مانگ نابیتە بەڕیتانی و ئەمریکییەک بەڵکو تەنها سەرەتایەک لە زمانەکە و کلیلێکت دەست دەکەوێت تا بتوانیت بەردەوام بیت لە گەشەپێدان و باشترکردنی زمانەکەت لەداهاتوودا!

١٠- ئەگەر پەیامێکت پێ گەیشت وابزانم بەناوی مارک زووکەربێرگ دروستکراوە و داوای لێکردبوویت بینێریت بۆ ١٨ و نازانم چەند کەسێک ئەگەرنا فەیسبووکەکەت دەوەستێت و ناچالاک دەبێت ئەوا ئەمە ساختەیە و هیچ پەیوەندی بە مارک زووکەربێرگ نییە و تەنها بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکە.

١١- ئەگەر پەیامێکت پێ گەیشت و داوای لێکردبوویت بینێریت بۆ چەند کەس هەواڵێکی خۆشت پێدەگات، ئەگەرنا بەپێچەوانەوە نازانم چی و چیت بەسەردێت و گوناهبار دەبێت. ئەوا ئەوەش هیچ بنچینە و بنەمایەکی نییە و خەڵک سەرقاڵکردنە.

ئیتر ئەمانەی سەرەوە هەندێکن لەو شتە سەیر و سەرمەرە و ساختانە کە فەیسبووکیان تەنییوە. بەهیوای ئەوەی خۆتان بەدووربگرن. ئەگەر شتێکم بیرچووە تۆش لە کۆمێنت بینوسە تا ئەوانی تریش سود وەرگرن. بەهیوای بڵاوکردنەوەی بابەتەکە.

15 نیسان، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا وەرگێرم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
715