ئەپڵ 20, ته‌مموز 2018

ئایا ماکبووک پڕۆ نوێیەکان کێشەی گەرمبوونیان هەیە؟

 

ساڵانێکە ماکبووک پڕۆی ١٥ ئینج یەکێکە لە تەنکترین و کەشخەترینی ئەو لاپتۆپە بەهێزانەی بەکەڵک کەسە پیشەگەرەکانی وەک وێنەگران و گرافیک دیزاینەران و ئەو کەسانە دێت کە کاری ڤیدیۆ دەکەن، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەپڵ ماکبووک پڕۆی ١٣ ئینج و ١٥ ئینجی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێوە ڕاگەیاند(کرتە بکە بۆ خوێندنەوە دەربارەیان).

وەک چاوەڕێ دەکرا ماکبووک پڕۆ ١٥ ئینجە نوێیەکە توانای ئەوەی نییە ئەو پڕۆسێسەرە Core i9ە کە لە بەرزترین ئاستیدا بەردەستە وەک پێویست ساردبکاتەوە و سوود لە تواناکانی وەربگرێت، بێگومان ئەمە چاوەڕوانکراوبوو چونکە ماکبووکە نوێیەکە زۆر تەنکە و ئەو پڕۆسێسەرە ئێجگار بەهێزە و ساردکرنەوەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانکراو نەبوو ئەوەبوو دۆخەکە ئێجگار بەو شێوەیەی ئێستا خراپبێت! بەپێی کۆمەڵێک ڤیدیۆی یوتیوبەرە بەناوبانگەکان لاپتۆپەکە نەک تەنها ناتوانێت خێرایی توربۆی پڕۆسێسەرەکە بهێڵێتەوە(کە ئەمە ئاساییە) بەڵکوو ناتوانێت خێرایی بنچینەییشی بهێڵێتەوە و بەهۆی ئەوەی ناتوانێت وەک پێویست ساردی بکاتەوە پڕۆسێسەرەکە لەوەش هێواشتر کار پێدەکات لە کاتی کاری قورس و ماوە درێژی وەک ڕێندەری ڤیدیۆ(کە ئەمەیان ئاسایی نییە!)

بەپێی ڤیدیۆیەکی یوتیوبەری بەناوبانگ دەیڤ لی ماکبووکە نوێیەکە بە پڕۆسێسەری Core i9 لە ڕێندەرێکی دیاریکراوی پڕۆگرامی Premiere Pro ٣٩ خولەکی خایاندووە بۆ تەواو کردنی کارەکە و بەرزترین جۆری ماکبووک پڕۆ ١٥ی ٢٠١٧ تەنها ٣٥ خولەکی خایاندووە! هاوکات لاپتۆپی Gigabyte Aero 15Xی نوێ تەنها ٧ خولەکی خایاندووە، هاوکات ماکبووکە نوێیەکە لەناو بەفرگر(فریزەر) بەهۆی ئەوەی گەرم نەبووە کارەکەی لە تەنها ٢٧ خولەک تەواوکردووە!

شایەنی باسیشە کە بەپێی هەڵسەنگاندنی ماڵپەڕی بەناوبانگی Notebookcheck تەنانەت جۆری Core i7ی لاپتۆپەکەش کێشەی بەرچاوی ساردکردنەوە و خێرایی هەیە! جێی سەرنجیشە کە ئەپڵ نەرمەکاڵای لاپتۆپەکەی بە شێوەیەک داڕشتووە کە زۆرترین کات و بە زۆرترین توانا کار بە پانکەکانی لاپتۆپەکە ناکات تاوەکوو لاپتۆپەکە بەپێی توانا بێدەنگ کار بکات و دەتوانێت لە داهاتوودا لە ڕێگای نوێکردنەوەوە ئەو ڕەفتارەی پانکەکان بگۆڕێت ئەگەر بە گونجاوی بزانێت، لە ئێستاشدا پڕۆگرامی تایبەت هەیە تاوەکوو خۆت ئەو کارە بکەیت و زیاتر کار بە پانکەکان بکەیت بۆ ساردکرنەوە و بەدەست هێنانی خێرایی زیاتر.

بۆچوونتان چییە لەسەر ئەم کێشەیە؟

بۆچونی تۆ