گووگڵ 18, تشرینی یه‌كه‌م 2018

لە دوای بڕیارەکەی یەکێتی ئەورپا، گووگڵ لەبەرامبەر بەکارهێنانی ئەپەکانی پارە لە کۆمپانیاکان وەردەگرێت

بۆ یەکەمجار کۆمپانیای گووگڵ هەڵدەستێت بە گۆڕینی سیاسەتی تایبەتی خۆی لە هەمبەر بەکارهێنانی ئەپەکانی لە کیشوەری ئەوروپادا، کە دانانی بڕە پارەیەکە بۆ بەکارهێنانی گووگڵ پلەی و هەندێک لە ئەپەکانی تری گووگڵ لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی مۆبایل کە بە سیستەمی ئەندرۆید کاردەکەن.

لە ڕاستیدا، ئەم بڕیارە لە دوای سەپاندنی سزای ٥ بلیۆن دۆلار دێت لەلایەن یەکیەتی ئەوروپاوە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی بازاڕی ئەندرۆید، کە داوا لە گووگڵ کرا بە لادانی کڕۆم و ئەپەکانی گەڕان لە سیستەمی ئەندرۆید چونکە دانانی ئەم ئەپانە بە نایاسایی دادەنرێن. لەبەرئەوە لەمەودوا کۆمپانیای بەرهەمهێنەرەکان لە ئەوروپا دەبێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ کرێ بدەن بە گووگڵ، بۆ نمونە، گووگڵ پلەی کە بە سەرەکیترین ئەپی سیستەمی ئەندرۆید دێتە هەژمار، بەڵام بە گشتی سیستەمی ئەندرۆید بە خۆڕایی و بە سەرچاوە کراوەیی دەمێنێتەوە.

بە کورتی:

  • ئەندرۆید، کە بە فەرمی بە AOSP واتە Android Open Source Project ناسراوە، خۆڕاییە.
  • گووگڵ پلەی و زۆربەی ئەپەکانی تری گووگڵ، وەکو جیمەیڵ و گووگڵ ماپس و یوتیوب لە یەک بوخچەدا بە بەرامبەر بە پارە ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدرێت بەکاریان بهێنن.
  • گووگڵ کڕۆم، لەگەڵ ئەپی Google Search دەبێت، دەتوانرێت لەگەڵ ئەمەی سەرەوە زیاد بکرێت بە خۆڕایی.

شایەنی باسە، لە ئێستادا ڕوون نییە گووگڵ لەبەرامبەر بەکارهێنانی ئەپ و خزمەتگوزارییەکانی چەند لە کۆمپانیاکان وەردەگرێت، بەڵام هیچ گوومان لەوەدا نییە کە کۆمپانیاکان لە کیشوەری ئەوروپا دەبێت پارە بە گووگڵ بدەن لە بەرامبەر بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ لە مۆبایلەکانیاندا.

پرسیارەکە ئەوەیە، دەبێت مۆبایلە ئەندرۆیدەکان بەبێ ئەپ و خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ چۆن بن؟ ڕات چییە؟

سەرچاوە :
تاگەکان google
بۆچونی تۆ