مۆبایل و تابلێت
28, كانونی یهكهم 2018
فرۆشی مۆبایلەکانی Honor بە ڕێژەی 27% زیادی کردووە

بەپێی بڵاوکراوەیەکی سەرۆکی ئۆنەر کە لقێکە لە هواوەی، ڕەوانەکردنی مۆبایلی زیرەک بۆ بازاڕەکانی جیهان لە لایەن کۆمپانیاکە لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە بەراورد بە ٩ مانگی سەرەتای پار ٪٢٧.١ زیادی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ڕەوانەکردنی مۆبایلی زیرەک بۆ بازاڕەکانی جیهان بە گشتی ٪٣.١ کەمی کردووە!

ئەمە لە کاتێکدایە کە نەک تەنها لقی ئۆنەر بەڵکو هواوەی بە گشتی توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و ئەمساڵ بۆ یەکەمجار توانی زیاد لە ٢٠٠ ملیۆن مۆبایل ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات! تەنانەت پێشبینی دەکرێت هواوەی توانیبێتی بەم ژمارە گەورەیە پێش ئەپڵ بکەوێتەوە و پلەی دووەمی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکانی گرتبێت، ناچارین نزیکەی مانگێکی دیکە چاوەڕێ بکەین بۆ دەرچوونی ئاماری ورد و یەکلایی بوونەوەی ئەو پرسە.
هاوکات نوێترین مۆبایلی کۆمپانیاکە کە Honor V20ە لە چین نمایش کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی مانگی داهاتوو لە بازاڕەکانی دەرەوەی چین بەردەست دەبێت(کرتە بکە بۆ خوێندنەوە دەربارەی).
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.