کۆمپیوتەر
7, كانونی دووهم 2019
کۆمپانیای Acer نەوەیەکی نوێ لە لاپتۆپی Swift 7 بە تەنکییەکی زیاتر و کێشێکی کەمترەوە نمایش دەکات

ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای ئەیسەر لاپتۆپی Swift 7 ـی لە کۆنگرەی CES 2018 نمایش کرد، بۆ ئەمساڵیش کۆمپانیاکە دەیەوێت لە هەمان کۆنگرەدا پەردە لەسەر نەوەیەکی نوێی لاپتۆپی Swift 7 بە تەنکییەکی زیاتر و کێشێکی کەمترەوە لابدات.
نەوە نوێیەکەی لاپتۆپی Swift 7 قەبارەی ١٤ ئینج دەبێت و ڕوونمایەکەی لەمس دەبێت، چوارچێوەی ڕوونمای لاپتۆپەکە زۆر کەم کراوەتەوە و لێوارەکانی تیژن و کێشی تەنها ١.٩٦ پاوەن دەبێت، هەروەها ئەستووری لاپتۆپەکە تەنها ٩.٩٥ میلیمەتر دەبێت بەمەش دەبێتە یەکێک لە تەنکترین لاپتۆپەکانی جیهان. :no_upscale()/cdn.vox-cdn.com/uploads/chorus_asset/file/13668012/Swift7_04.jpg)
نەوە نوێیەکەی Swift 7 پڕۆسێسەری نەوەی هەشتەمی ئینتێڵ Core i7 ـی لەسەر جێگیر دەبێت، خاوەنی ڕامێک دەبێت بە فراوانی ٨ گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکی لە جۆری SSD بە فراوانی ٢٥٦ گێگابایت. 
لاپتۆپەکە خاوەن دوو دەرچەی USB-C دەبێت لە ڕاستەوە و پشتگیری لە Thunderbolt 3 دەکەن، هەروەها خاوەن دەرچەیەکی بیستۆک دەبێت لە لای چەپەوە. تەختەکلیلی لاپتۆپەکە خاوەن ڕووناکی دەبێت لە ژێرەوە و لاپتۆپەکە خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆری Windows Hello دەبێت لەسەر دووگمەی هەڵکردن. لەگەڵ ئەوەشدا باتری لاپتۆپەکە بەرگەی ١٠ کاتژمێر کارکردنی بەردەوام دەگرێت.:no_upscale()/cdn.vox-cdn.com/uploads/chorus_asset/file/13668013/Swift7_03.jpg)
وا چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکە لە کۆنگرەی چەند ڕۆژی داهاتووی CES 2019 ـەدا لاپتۆپەکە نمایش بکات، لە پاشان و لە مانگی ٤ ـی ئەمساڵەوە لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و چین و لە مانگی ٥ ـیشدا لە باکوری ئەمریکا بە نرخی ١٧٠٠$ بەردەستی بکات.
سەرچاوە :
- The Verge
- Engadget
- Windows Central
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.