ئێڵ جی
8, كانونی دووهم 2019
کۆمپانیای LG پشتگیری AirPlay بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی زیاد دەکات

هاوشێوەی کۆمپانیای سامسۆنگ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند بەمزووانە پشتگیری AirPlay بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانیان زیاد دەکات، کۆمپانیای LG ـیش کار لەسەر زیاد کردنی پەخشکەرە بێوایەرەکەی ئەپڵ دەکات بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی.
دوێنی (٧ ـی کانوونی دووەم) کۆمپانیای LG لە کۆنگرەی CES 2019 ڕایگەیاند کە لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵدا کار دەکەن بۆ زیاد کردنی پشتگیری AirPlay 2.0(پەخشکەری بێ وایەری ئەپڵ) و HomeKit بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی ئەمساڵی، کە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ماکەکان دەدات وێنە و ڤیدیۆ و دەنگەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر تەلەفزیۆنە زیرەکەکانیان لە جۆری LG و لە ڕێگای خزمەتگوزاری دەنگی Siri کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆنەکانیان بکەن، هەروەها لە ڕێگای HomeKit ـی ئامێرەکانیانەوە تەلەفزیۆنەیان کار پێبکەن و بیکوژێننەوە.
کۆمپانیاکە لە جریوەیەکیدا لە تویتەر دووبارە جەختی لەسەر کارە هاوبەشەکەیان لەگەڵ ئەپڵدا کردۆتەوە.
هەروەک ئاماژەی پێدراوە، زیاد کردنی پشتگیرییەکە تەنها تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی ئەمساڵی LG دەگرێتەوە و بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکە کۆنەکان زیاد ناکرێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.