سامسۆنگ
7, كانونی دووهم 2019
سامسۆنگ کۆگای iTunes و پشتگیری AirPlay بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی زیاد دەکات

سامسۆنگ جێگایەکی دیاری هەیە لە نێو بازاڕی تەلەفزیۆنە زیرەکەکان و تەلەفزیۆن بە گشتی، دەیەوێت بە زیاد کردنی کۆگای iTunes و پشتگیری AirPlay(پەخشکەری بێ وایەری ئەپڵ) هێندەی تر چێژ ببەخشێتە بەکارهێنەرانی تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی خۆی.
بە پێی ڕاگەیەندراوی فەرمی کۆمپانیای سامسۆنگ کۆمپانیاکە کۆگای iTunes و پشتگیری AirPlay 2.0 بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ـی زیاد دەکات، بە زیاد کردنی کۆگای iTunes بەکارهێنەرانی تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی دەتوانن چێژ وەربگرن لە هەزاران فیلم و دراما جیهانییەکان بە ڕوونی 4K HDR لە ١٠٠ وڵاتی جیاواز و دەسەڵاتی کڕینی فیلم و درامایەکانی نێو کۆگاکەیان هەبێت. هەروەها بە زیاد کردنی پشتگیری AirPlay بەکارهێنەرانی تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی سامسۆنگ لە ١٩٠ وڵاتی جیاوازەوە دەتوانن وێنە و ڤیدیۆ و میوزیک و پۆدکاستەکان لە ئامێرەکانی ئەپڵەوە بگوێزنەوە سەر تەلەفزیۆنە زیرەکەکانیان.
بێگومان سامسۆنگ ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندی ئەپڵ کارەکە ئەنجام بدات، هەر بۆیە Eddy Cue جێگری سەرۆکی بەشی نەرمەکاڵای ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکان لە ئەپڵ لێدوانی لەسەر بابەتەکە داوە؛
چاوەڕوان دەکەین بە زیاد کردنی iTunes و AirPlay ئەزمونی زیاتر بخەینە بەردەست بەکارهێنەران لەسەر تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی سامسۆنگ لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەها بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد و ماکەکان دەتوانن ڕێگایەکیان هەبێت بۆ پەخشکردنی شتە دڵخوازەکانیان بۆ سەر گەروەترین ڕوونما لە ماڵەکانیاندا.
کۆگای iTunes و پشتگیری AirPlay 2.0 بۆ تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی مۆدێلەکانی QLED 4K و QLED 8K و UHD و UHD ـی ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ـی سامسۆنگ لە بەهاری ئەمساڵدا زیاد دەکرێت. زیاد کردنەکە لە ڕێگای ڕەوانە کردنی وەشانەوە دەبێت بۆ مۆدێلە ئاماژەپێدراوەکان.
سەرچاوە :
- The Verge
- Samsung Newsroom U.S.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.