ئەپڵ
14, كانونی دووهم 2019
سەرچاوەیەک: دەستکرا بە بەرهەمهێنانی بارگاویکەری بێوایەری AirPower (نوێکراوە)

ئەپڵ لە ساڵی ٢٠١٧ ـەدا لەگەڵ ئامێرەکانی ئایفۆن ئێکس و ئایفۆن ٨، بارگاویکەری بێوایەری AirPower ـیشی نمایشکرد، بەڵام لەو کاتەوە ئامێرەکە نەخراوەتەوە بازاڕەوە و هیچ هەواڵێکی فەرمی لە لایەن ئەپڵیشەوە دەربارەی کاتی بەردەستکردنی ئامێرەکە نەخرابووە ڕوو، سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکات کە لە لایەن کۆمپانیایەکەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی ئامێری AirPower بۆ ئەپڵ.
هەژماری ChargerLAB لە تویتەر وێنەی گفتوگۆی کارمەندێکی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری چینی Luxshare Precision ـی لە WeChat بڵاوکردۆتەوە و کارمەندەکە ئاماژە دەدات بەوەی کە ئامێری AirPower بەمنزیکانە بەردەست دەکرێت و کۆمپانیای Luxshare دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی ئامێرەکە.
دووبارە هەمان سەرچاوە وێنەی گفتوگۆیەکی بڵاوە پێکردووە کە لە لایەن فەرمانبەرێکی کۆمپانیای Pegatron بووە (کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری ئامێرەکانی ئەپڵە لە ئاسیا) و فەرمانبەرەکە ئاماژە بە جۆری کۆیلی کارەبای نێو ئامێرەکە دەدات و ئاشکرای دەکات ئامێرەکە خاوەنی ٣ کۆیل دەبێت و کۆیلێکیان پێکدێت لە ٨ چین و دوانەکەی تر پێکدێن ٧ لە چین.
هەندێک سەرچاوە لە ڕابردوودا هۆکاری دواکەوتنی بەردەستکردنی ئامێرەکەی ئەپڵیان بۆ هەبوونی کێشەی کارەبایی دەگەڕاندەوە لە ئامێرەکەدا، Steve Troughton-Smith لە جریوەیەکدا ئاماژە دەدات کە گوێبیستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئامێرەکە بووە.
https://twitter.com/stroughtonsmith/status/1079868533889290240
کۆمپانیای چینی Luxshare Precision بەرهەمهێنەری ئامێرەکانی AirPods و کەیبڵە USB-C ـییەکانی ئەپڵە. بەپێی سەرچاوەکە بێت، لەمساڵدا ئامێرە پشتگوێ خراوەکەی ئەپڵ بەردەست دەکرێت، بەڵام هیچ کام لە سەرچاوەکان لە پێشوودا ئاماژەیان بە نرخی بارگاویکەرە بێوایەرەکەی ئەپڵ نەداوە و پێشبینی ناکرێت نرخی ئامێرەکە لە خوار ١٠٠ دۆلارەوە بێت.
نوێکراوە(٢٠١٩/١/١٦): ئەپڵ ئاماژەی دا بە پشتگیری کردنی بەرگە پاترییە زیرەکە نوێیەکانی لە ئامێری AirPower. ئەمەش هەواڵەکە پشتڕاست دەکاتەوە و کاتی بەردەستکردنی بارگاویکەرە بێوایەرەکەی ئەپڵ نزیک بۆتەوە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.