10
ئەپڵ 15, كانونی دووه‌م 2019

چەند وێنەیەکی دزەپێکراو دیزاین و تایبەتمەندییەکانی نەوەی نوێی iPad Mini ئاشکرا دەکەن

لە ماوەی پێشوودا ڕامانگەیاند کە کۆمپانیای ئەپڵ بەنیازە بە ٢ ئایپادی نرخ هەرزانەوە هەوادارانی لە خۆی ئاشت بکاتەوە و یەکێکیان نەوەی پێنجەمی زنجیرەی مینی دەبێت، زۆری نەبرد و وێنەی نەوە نوێیەکەی زنجیرەی مینی دزەی پێکرا.

کەسێک بە ناوی Mr.white لە تویتەردا چەند وێنەیەکی نەوە نوێیەکەی مینی بڵاوکردۆتەوە کە پێکدێن لە وێنەی پشتەوە و ناوەوەی ئامێرەکە، وێنەکان دەری دەخەن کە دیزاینی نەوە نوێیەکەی زنجیرەی مینی هەمان دیزاینی مینی ٤ ـە و هیچ گۆڕانکارییەکی دیار ئەنجام نەدراوە، هەروەها دەردەکەوێت کە ئایپادەکە خاوەن دەرچەی بیستۆک دەبێت و دووگمەی کۆنتڕۆڵکەری دەنگ لە لایەکانی بوونی دەبێت و خاوەن ٢ بڵندگۆ دەبێت لە خوارەوە و دەرچەی بارگاویکەری لە جۆری Lightning دەبێت، بەڵام بە داخەوە ئەمەشیان وەکو نەوەکانی پێشووی زنجیرەی مینی خاوەن فلاشی ڕووناکی جۆری LED نابێت.

بە پێی وێنەکە ڕەنگە ئاڵتوونیەکەی ئایپادە نوێیەکە ئاڵتونی سێبەردار دەبێت کە ئەپڵ لە دواین بەرهەمەکانیدا بەکاری هێناوە، پێشبینی دەکرێت نەوە نوێیەکەی زنجیرەی مینی هاوشێوەی نەوەی پێش خۆی توانای خوێندنەوەی سیمکارتی هەبێت و پشتگیری لە LTE بکات.

پێشبینی دەکرێت لە مانگی ٣ ـی ئەمساڵدا لە بۆنەیەکی تایبەتدا ئەپڵ نەوە نوێیەکەی زنجیرەی مینی لەگەڵ ئایپادێکی دیکەی قەبارە ١٠ ئینجیدا نمایش بکات.

بۆ وەبیرهێنانەوە؛ لە ئێستادا ئەپڵ بەردەوامە لە فرۆشتنی ئایپاد مینی ٤ بە نرخی ٣٩٩ دۆلار و بژاردەی بیرگەی ناوەکی ١٢٨ گێگابایتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ