10
ئەپڵ 24, كانونی یه‌كه‌م 2018

ساڵی داهاتوو ئەپڵ بە 2 ئایپادی نرخ هەرزانەوە هەوادارانی لە خۆی ئاشت دەکاتەوە

ئایپاد پڕۆ نوێیەکانی ئەمساڵی ئەپڵ بە هۆی بەرزی نرخیانەوە جێگای ڕەزامەندی هەوادارانی نەبوون، بە جۆرێک کە نرخی جۆرێکی ئایپاد پڕۆیە نوێیەکان دەگەیشتە سەروو ١.٨٠٠ دۆلار. هەر بۆیە ئەپڵ دەیەوێت بە بەردەستکردنی ٢ ئایپادی نرخ هەرزان هەوادارانی لە خۆی ئاشت بکاتەوە.

بەپێی چەند ڕاپۆرتێک بێت ئەپڵ لە خۆئامادە کردنایە بۆ بەردەستکردنی ٢ جۆری نوێی ئایپاد لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ـەدا، کە دانەیەکیان لە زنجیرەی مینی دەبێت و ئەوی تریش ئایپاد ١٠ ئینج دەبێت.

هەر وەک ئاماژەی پێ دراوە، نەوە نوێیەکەی زنجیرەی مینی کە نەوەی پێنجەم دەبێت نرخێکی کەم بە خۆیەوە دەبینێت و خاوەن پڕۆسێسەرێکی نوێ و بەهێز دەبێت، لەگەڵ جۆرێکی ڕوونمای نرخ هەرزان.

شایەنی ئاماژەپێدانە دواین نەوەی زنجیرەی مینی لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ـەدا نمایشکرا، بەڵام ئەپڵ لە مانگی ٣ـی ساڵی ڕابردوو نرخی ئایپادەکەی کەم کردەوە بۆ ٣٩٩$ لەگەڵ ڕاگەیاندنی بیرگەیەکی نوێ بە فراوانی ١٢٨ گێگابایت لێی.

هەرچی دەربارەی ئایپادە نوێیەکەی تر لە ئایپاد ١٠ ئینجە. ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە نرخی ئایپادەکە کەمێک بەرزتر دەبێت لە چاو نەوە نوێیەکەی زنجیرەی مینی، بەو هۆیەی کە تایبەتمەندییەکانی نزیک دەبێت لە ئایپاد پڕۆ. هەروەها خاوەنی ڕوونمایەکی فراوان دەبێت.

ئەوەی کە وا دەکات نرخی ئایپادە نوێیەکان هەرزان بێت جۆریەتی ڕوونماکانیانە، هەر بۆیە ئاماژە دراوە کە ئەپڵ ئەرکی درووستکردنی ڕوونما بۆ ٢ ئایپادە نوێیەکە دەداتە کۆمپانیایەکی چینی بە ناوی BOE.

دەربارەی کاتی نمایشکردنی ئایپادە نوێیەکان، پێشبینی دەکرێت لە مانگی ٣ـی ساڵی ٢٠١٩ ـەدا لە کۆنگرەیەکدا نمایش بکرێن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ