ئەپڵ

چەند کۆدێکی نێو وەشانی تاقیکاری iOS 12.2 بەردەستکردنی ئایپادە نوێیەکان و حەوتەمین نەوەی ئایپۆد تەچ پشتڕاست دەکاتەوە

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەپڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 12.2 ـی بۆ گەشەپێدەرانی ئایفۆن و ئاپیادەکان بەردەستکرد، دوا بە دوای ئەوە ئەمڕۆ چەند کۆدێکی نێو وەشانە تاقیکارییەکە پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ئەمساڵدا 2 ئایپادی نوێ و حەوتەمین نەوەی ئامێری ئایپۆد تەچ نمایش دەکرێن.

لە جریوەیەکدا لە تویتەر Steve Troughton-Smith ئاشکرای دەکات چەند کۆدێکی لە یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 12.2 ـدا بەرچاو کەوتووە کە تایبەتن بە 2 ئایپادە نوێیەکەی ئەمساڵ بە 4 ژمارەی مۆدێلی جیاوازەوە لەگەڵ کۆدێکی تایبەت بە حەوتەمین نەوەی ئامێری ئایپۆد تەچ.

وەکو لە وێنەکاندا دیارە وا دەردەکەوێت هەر 2 ئایپادە نوێیەکە خاوەن بژاردەی وایفای و بە سیمکارت بن، بەڵام وا چاوەڕوان ناکرێت هیچ کام لە ئایپادە نوێیەکان خاوەن ناسێنەرەوەی دەموچاو Face iD بن. دەربارەی ئایپۆدە نوێیەکە، ئەویش خاوەن ژمارەیەکی مۆدێلی تایبەت بە خۆیەتی و وا چاوەڕوان ناکرێت خاوەن هیچ کام لە هەستەوەرەکانی پەنجەمۆر یاخود ناسێنەرەوەی دەموچاو بێت.

دواین نەوەی ئایپۆد تەچ لە ساڵی 2015 ـەدا نمایشکرا و شەشەمین نەوەی ئامێرەکە بوو، تاوەکو ماوەی پێشوو پڕوپاگەندەکان وایان دەگوت کە چیدیکە نەوەیەکی نوێ لە ئامێری ئایپۆد تەچ نابینین، بەڵام پڕوپاگەندەکان گۆڕان بەوەی کە ئەپڵ نەوەی حەوتەم لە ئامێرەکە بەردەست دەکات و کۆدەکانی یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 12.2 ـیش بەردەستکردنی نەوەی حەوتەم لە ئامێرەکە پشتڕاست دەکاتەوە.

بە پێی ئەوەی کە وەشانی فەرمی داهاتووی iOS 12.2 پشتگیری لە 2 ئایپادە نوێیەکە و نەوە نوێیەکەی ئایپۆد تەچ لەخۆ دەگرێت، وا چاوەڕوان دەکرێت نمایشکردنی ئامێرە نوێیەکان لە لایەن ئەپڵەوە زۆر نەخایەنێت و لە مانگی 3 ـی ئەمساڵدا نمایش بکرێن.

سەرچاوە :

MacRumors

26 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
425