ئای ئۆ ئێس

کێشەیەکی تەواو هەستیار لە وەشانی iOS 12.1.3 ـدا دۆزرایەوە + چارەسەری کاتی (نوێکراوە)

لە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەپڵ وەشانی iOS 12.1.3 ـی بۆ گشت بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپادەکان بەردەست کرد، یەکەمین کێشە لە وەشانەکەدا دۆزرایەوە، کێشە جێی ئاماژە پێدانە و تەواو هەستیارە.

پێگەی 9to5Mac کێشەیەکی لە وەشانی iOS 12.1.3 ـدا بەدی کرد، کێشەکە لە ئەپی پەیوەندیکردنی دەنگی و ڤیدیۆیی FaceTime ـدایە. کێشەی نێو ئەپە بنەڕەتییەکەی وەشانەکە بریتییە لە گوێبیست بوونی دەنگی ئامێری بەرامبەر لە کاتی پەیوەندی کردن و بە بێ ئەوەی وەڵام بداتەوە، بە مانایەکی دیکە دەتوانیت گوێت لە دەنگی چواردەوری ئەو کەسە ببێت کە پەیوەندی پێوە دەکەیت لە کاتی زەنگ لێدان و پێش ئەوەی وەڵام پەیوەندییەکەت بداتەوە، هەروەها گوێبیست بوونی دەنگی چواردەوری کەسەکە بەردەوامی دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی کە وەڵام دەداتەوە.

پێگەکە کێشەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، تاقیکردنەوەکە لە ڕێگای ئایفۆن X و ئایفۆن XR کراوە و بە ئایفۆن X پەیوەندی کراوە بە ئایفۆن XR ـەکەوە، هەروەها پێش وەڵامدانەوەی ئایفۆن XR ـەکە ناوی خاوەنەکەی بە جۆرێک نیشان داوە کە پەیوەستی پەیوەندییەکە بووە و وەڵامی داوەتەوە، لە ڕاستیشدا بەو جۆرە نییە و پێچەوانەیە. هەروەها بە هەمان شێوە کێشەکە لە ئەپی FaceTime ـی دوا وەشانی ماک ئۆ ئێسیشدا بوونی هەیە کاتێک لە ئایفۆنەوە پەیوەندی بە ماک دەکەیت.

هەروەها جریوەیەکی ڤیدیۆیی لە تویتەر لە لایەن کەسێکی دیکەوە کێشەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و وەکو دەردەکەوێت کێشەکە گشت بەکارهێنەرانی وەشانەکەی گرتۆتەوە.

ئەپڵ کاردانەوەی بەرامبەر کێشەکە هەبووە و ڕایگەیاندووە درکیان بە کێشەکە کردووە و لە هەفتەی داهاتوودا لە ڕێگای ڕەوانەکردنی وەشانی نوێ و چارەسەرکەرەوە کێشەکە بنەبڕ دەکەن.

تاوەکو هەفتەی داهاتوو ئەپڵ وەشانەکە ڕەوانە دەکات و کێشەکە چارەسەر دەکات، دەتوانیت بەم شێوەیە FaceTime ناچالاک بکەیت بۆ ئەوەی بە دوور بیت لە کێشەکە:

لە ئایفۆن:

  • کردنەوەی ئەپی Settings
  • کردنەوەی بەشی FaceTime
  • کوژاندنەوەی دوگمەی FaceTime

لە ماک:

  • کردنەوەی ئەپی FaceTime
  • چوونە سەر شریتی لیستەکان و کرتە کردن لە FaceTime
  • کرتە کردن لە Turn off FaceTime

نوێکراوە(30/1/2019): ئەپڵ بە شێوەیەکی کاتی پەیوەندیکردنی بە کۆمەڵی لە ئەپی FaceTime ـدا ناچالاک کرد.

سەرچاوە :

9to5Mac

29 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
432