هواوەی 1, شوبات 2019

هواوەی یەکەمین مۆبایلی چەماوە و 5G لە کۆنگرەی MWC ـدا نمایش دەکات

کەمتر لە مانگێکمان ماوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی مۆبایلی جیهانی Mobile World Congress لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا، وەکو ساڵانی پێشوو ئەمساڵیش کۆنگرەکە دەبێتە جێگای نمایشکردنی مۆبایلە خاوەن تەکنەلۆژیا نوێیەکان. هەر سەبارەت بە کۆنگرەکە ئاشکرا بوو کە یەکێک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای هواوەی مۆبایلی چەماوە و کارکردوو بە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەبێت.

لە پێشوودا گوێبیستی پڕوپاگەندەکان بووین کە دەیانگوت نزیکەی ساڵێکە کۆمپانیای سامسۆنگ کار لەسەر درووستکردنی یەکەمین مۆبایلی چەماوە دەکات و لە ئەمساڵدا نمایشی دەکات، بەڵام کۆمپانیای Royole پێش سامسۆنگ کەوت و یەکەمین مۆبایلی ڕوونما چەماوەی لە کۆنگرەی CES 2019 ـەدا نمایشکرد، کۆمپانیای هواوەیش دەیەوێت بێتە نێو ڕکابەرییەکەوە و هاوشێوەی کۆمپانیای Royole بە پێش سامسۆنگ بکەوێت بۆ نمایشکردنی مۆبایلی چەماوە.

ئەمڕۆ جریوەیەک لە لایەن هەژماری فەرمی هواوەیەوە لە تویتەر کرا، تێیدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆمپانیاکە لە کۆنگرەی MWC ـدا یەکەمین مۆبایلی ڕوونما چەماوە و کارکردوو بە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G نمایش دەکات، هەروەها لە وێنەی جریوەیەکدا ئاماژە بە کۆنگرەی MWC و ڕێکەوتی نمایشکردنی مۆبایلە چەماوەکە دراوە.

کۆنگرەی مۆبایلی جیهانی Mobile World Congress لە 25 ـی ئەم مانگەدا لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا دەست پێدەکات و 3 ڕۆژ دەخایەنێت و لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە کۆمپانیاکان مۆبایلە نوێیەکانیان تێیدا نمایش دەکەن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ