ئەپڵ

ئەپڵ مانگی داهاتوو یەکەمین خزمەتگوزاری ڤیدیۆیی خۆی بە بەژداری چەند ئەستێرەیەکی هۆڵیود ڕادەگەیەنێت

کۆمپانیای ئەپڵ لە پلانیدایە یەکەمین خزمەتگوزاری ڤیدیۆیی خۆی هاوشێوەی Netflix و ئۆفەری بەژداربوونی مانگانە بۆ خزمەتگوزاری Apple News ڕابگەیەنێت، خزمەتگوزارییە ڤیدیۆییەکە دەبێتە یەکەمین خزمەتگوزاری دیجیتاڵی نوێی کۆمپانیاکە لە دوای ساڵی 2015 ـەوە.

پێگەی Bloomberg ئاشکرای کرد کە ئەپڵ لە پلانیدایە خزمەتگوزاری ڤیدیۆیی و ئۆفەری بەژداربوونی مانگانەی Apple News لە بۆنەیەکی تایبەتدا و لە ڕێکەوتی 25 ـی مانگی داهاتوو ڕابگەیەنێت. بۆنەکە بە بەژداری چەند ئەستێرەیەکی هۆڵیود دەبێت کە لە نێویاندا ئەم بەڕێزانە بوونیان دەبێت؛ Jennifer Aniston ، Reese Witherspoon ، Jennifer Garner ، director JJ Abrams.

خزمەتگوزارییە ڤیدیۆییە نوێیەکەی ئەپڵ هاوشێوەی خزمەتگوزارییەکانی Prime و Netflix و ئەوانی دیکە دەبێت و تایبەت دەبێت بە فیلم و زنجیرە جیهانییەکان و نمایشە تەلەفزیۆنییەکان. هەروەها وا پێشبینی دەکرێت خزمەتگوزارییەکە لە نێو ئەپی TV ـی سیستەمەکانی ئەپڵدا یەک بخرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پڕوپاگەندەیەک دەربارەی نرخی بەژداربوونی مانگانەی خزمەتگوزارییە ڤیدیۆییەکەی ئەپڵ لە ئارادا نییە و ڕەنگە بۆ ڕکابەریکردنی Netflix و ئەوانی دیکە بە خۆڕایی بۆ بەکارهێنەرانی بەردەست بکات.

لە پێشوودا ئەپڵ خزمەتگوزاری Apple News ـی ڕاگەیاندبوو، بەڵام کۆمپانیاکە نایەوێت چیدیکە خزمەتگوزارییەکە بە خۆڕایی بهێڵێتەوە و دەیەوێت ئۆفەری بەژداربوونی مانگانەی بۆ زیاد بکات کە پێشبینی دەکرێت نرخی بەژداربوونی مانگانەی خزمەتگوزارییەکە لە 10$ تێپەڕ نەکات.

خزمەتگوزارییەکان بوونە فریادڕەسی کۆمپانیاکە لە پەیداکردنی داهاتتدا، لە دوای ئەوەی فرۆشی ئایفۆنە نوێیەکانی جێگای چاوەڕوانی کۆمپانیاکە نەبوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەپڵ دەیەوێت بە بەردەستکردنی خزمەتگوزاری نوێوە داهاتی زیاتر و زیاتر بەرز بکاتەوە.

هەروەک ئاماژەی پێ دراوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ لە بۆنەیەکی تایبەتدا و لە ڕێکەوتی 25 ـی مانگی داهاتوودا و لە یەک کاتدا خزمەتگوزاری ڤیدیۆیی و ئۆفەری بەژداربوونی مانگانەی Apple News ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە:

14 شوبات، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
346