ئەپڵ

داهاتی خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ بە ڕێژەی %19 لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیادیان کردووە

لەگەڵ ئەوەی ئەپڵ داهاتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی بڵاو کردەوە، داهاتی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکەش ئاشکرا بوون و بەرزبوونەوەیەکی زۆریان بە خۆیانەوە بینیوە.

خزمەتگوزارییەکانی وەک iTunes و App Store و Apple Music و Apple Pay و AppleCare و Apple News لە ئەمساڵدا توانیویانە دەستێکی باشیان هەبێت لەو 84.3 ملیار دۆلارەی کە ئەپڵ لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە دەستی هێناوە و بڕی 10.9 ملیار دۆلاریان بە دەست هێناوە بۆ ئەپڵ. خزمەتگوزارییەکانی Apple Music و Apple Pay و iTunes توانیویانە ژمارەیەکی نوێ تۆمار بکەن لە پەیداکردنی داهاتتدا، هەروەها کۆگای App Store توانیبووی ژمارەیەکی ناوازە لە ڕۆژەکانی پشووی کۆتایی ساڵ و کریسمس تۆمار بکات لە پەیداکردنی داهاتتدا.

لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە ڕێگای خزمەتگوزاری Apple Pay ـییەوە 1.8 ملیار مامەڵەی ئاڵوگۆڕی پارە ئەنجام دراوە، کە ئەمەش 2 هێندەی چارەکی پێشووتر بووە. هەروەها ژمارەی بەژداربووانی چالاکی مانگانەی خزمەتگوزاری Apple News ـیش گەیشتۆتە 85 ملیۆن بەژداربووی چالاک.

هەرچی دەربارەی خزمەتگوزاری Apple Music ـیشە، لە ڕکابەریکردنی خزمەتگوزاری Spotify بەردەوامە و ژمارەی بەژداربووەکانی گەیشتە 50 ملیۆن بەژداربوو. لە ئێستادا ئەپڵ 360 ملیۆن بەژداربووی هەیە لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیدا، سەرەڕای ئەوەش بەڕێوەبەری دارایی ئەپڵ Luca Maestri پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2020 ژمارەی بەژداربووانی خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ بگاتە نیو ملیار بەژداربوو.

پڕوپاگەندەکان دەڵێن ئەپڵ سەرقاڵی درووستکردنی خزمەتگوزارییەکی تایبەت بە یاریکردنە لەگەڵ زیادکردنی بەژداربوونی مانگانەی بۆ خوێندنەوەی ڕۆژنامەکان لە نێو Apple News، بێگومان ئەمانەش دەبنە سەرچاوەیەکی دیکەی نوێی ئەپڵ بۆ زۆرکردنی داهات.

سەرچاوە:
31 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
244