ئای ئۆ ئێس

چۆنیەتی ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی بەشداریکردن لە ئەپ و خزمەتگوزاریەکانی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید و ماک

هەروەک لە بابەتێکی پێشووماندا باسمان لێوە کردبوو کۆمپانیای ئەپڵ هەستاوە بە ئاسانترکردنی بەڕێوەبردن و ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی بەشداریکردنەکانمان لە ئەپ و خزمەتگوزاریەکان لە iOS 12.1.4ـدا (لە وەشانی iOS 12.1.4ـدا ئەپڵ تایبەتمەندیەکی گرنگی بۆ بەکارهێنەران بەردەستکردووە) بێگومان ئەمەش بە مەبەستی زیاتر ئاگاداربوونی بەکارهێنەرانە لەو خزمەتگوزاریانەی بەشداری تێدا دەکەن، بەڵام لەوانەیە زۆرێکتان ئاشنا نەبن بە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم کارە، هەر بۆیە ئێمەش ئەم بابەتەمان بۆ ئێوەی خوێنەر تەرخان کردووە و تیایدا بە شێوازێکی سادە باسمان لێوە کردووە.

چۆنیەتی ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی بەشداریکردنی ئەپەکانی ئای ئۆ ئێس:-

پاش کردنەوەی کۆگای ئەپ ستۆر بچۆرە بەشی پڕۆفایل لە سەرەوە لە لای ڕاست، پاشان Manage Subscription دابگرە

پاش ئەم کارە دەبینیت بەشێکت بۆ دەکرێتەوە تیایدا سەرجەم ئەو ئەپانەی بەشداریت تێدا کردووە پیشانت دەدات و تۆش بە هەڵبژاردنی یەکێک لە ئەپەکان و پاشان داگرتنی Cancel Subscription نوێبوونەوەی بەشداریکردن لەو ئەپەدا ڕادەگریت

ڕێگایەکی دیکە بۆ ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی بەشداریکردن لە ئەپەکانی ئای ئۆ ئێس:-

سەرەتا ئەپی ڕێکخستنەکان بکەرەوە پاشان بچۆرە بەشی iTunes & App Store

پاشان هەژماری Apple IDـەکەت دابگرە، لێرەدا پەنجەرەیەکت بۆ دەکرێتەوە تیایدا View Apple ID هەڵببژێرە پاش ئەم کارە پێویستە ژمارەی نهێنی یان پەنجەمۆرەکەت داخڵ بکەیت

پاشان پەڕەیەکی دیکەت بۆ دەکرێتەوە تیایدا بەشی Subscription دابگرە

ئێستا پەڕەیەکت بۆ دەکرێتەوە تیایدا سەرجەم ئەو ئەپانەی بەشداریت تێدا کردوون دەبینیت و ئەگەر یەکێک لەو ئەپانەش هەڵببژێریت پاشان Cancel Subscription دابگریت ئەوا نوێبوونەوەی بەشداریکردن لەو ئەپە ڕادەگریت

ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی بەشداریکردن لە ئامێرەکانی ماک:-

نەرمەکاڵای iTunes بکەرەوە پاشان لە هەڵبژاردەکانی سەرەوە بەشی هەژمار Account هەڵببژێرە پاشان View My Account دابگرە

ئێستا پەنجەرەیەکت بۆ دەکرێتەوە تیایدا تێبینی بوونی دوو بۆشایی دەکەیت، لە بۆشایی یەکەمدا ئیمەیڵی هەژماری Apple IDـەکەت بنووسە و لە بۆشایی دووەمیشدا تێپەڕە وشەکەت بنووسە پاشان Sign In دابگرە

پاشان پەڕەی نەرمەکاڵاکە بەرەو خوارەوە ڕابکێشە هەتاوەکو دەگەیتە بەشی Settings ڕێکخستنەکان پاشان بەڕێوەبردن Manage دابگرە

ئێستا دەبینیت سەرجەم ئەو ئەپانەی بەشداریت تێدا کردوون لێرەدا دەردەکەون، بۆ ئەوەی نوێبوونەوەی بەشداریکردن ڕابگریت یەکێک لە ئەپەکان هەڵببژێرە پاشان وشەی Edit دابگرە

پاشان هەندێک دەچیتە خوارەوە و تێبینی بوونی هەڵبژاردەی Cancel Subscription دەکەیت، بە داگرتنی ڕاستەوخۆ نوێبوونەوەی بەشدارکردن لەو ئەپە ڕادەگیرێت

چۆنیەتی ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی خۆکارانە لە ئەپەکانی ئەندرۆید:-

لە سیستمی ئەندرۆیدیشدا ئەگەر بەشداری بکەیت لە خزمەتگوزاریەک یاخود ئەپێک پاشان هەڵبژاردەی خۆکارانەی دووبارە نوێکردنەوەی خزمەتگوزاریەکە هەڵببژێریت، ئەوا ڕاستەوخۆ و بەشێوەی مانگانە بێت یاخود ساڵانە بەشداریکردن لە خزمەتگوزاریەکە نوێ دەبێتەوە و بۆ ڕێگریکردن لەمەش پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکەیت.

سەرەتا ئەپی گووگڵ پلەی بکەرەوە پاشان سێ هێڵی لای چەپی بەشی سەرەوە دابگرە

پاشان بەشداریکردنەکانم My Subscription دابگرە

ئێستا لێرەدا تێبینی بوونی سەرجەم ئەو ئەپانە دەکەیت کە بەشداریت تێدا کردوون بە هەڵبژاردنی یەکێکیان پاشان داگرتنی بەڕێوەبردن Manage

دوو هەڵبژاردەت بۆ بەردەست دەبێت، یەکەمیان بۆ نوێکردنەوەی زانیاری هەژمارەکەتە و دووەمیشیان بۆ ڕێگریکردنە لە نوێبوونەوەی ئەو خزمەتگوزاریەی بەشداریت تێدا کردووە.

19 شوبات، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
802