10
هەواڵ 23, شوبات 2019

لە پێش نمایشکردنیدا، وێنە و ناوی مۆبایلە چەماوەییەکەی هواوەی دزەی پێکرا

چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل Mobile World Congress 2019 لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا. لە پێشوودا ئاماژەمان پێکردبوو هواوەی ئاشکرای کرد کە مۆبایلی چەماوە و کارکردوو بە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە کۆنگرەی MWC 2019 ـدا نمایش دەکات. لە پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە و نمایشکردنی مۆبایلەکە، وێنە و ناوی مۆبایلەکە ئاشکرا بوو.

جریوەیەکی وێنەیی لە تویتەرەوە لە لایەن @gimme2pm ـەوە بڵاو کراوەتەوە کە پێکهاتووە لە پۆستەرێکی بانگەشەیی بۆ مۆبایلە چەماوەکەی هواوەی و کۆمەڵە کارمەندێک سەرقاڵی هەڵواسینی پۆستەرەکەن، لەسەر پۆستەرەکەدا ناو و وێنەی مۆبایلە چەماوەییەکەی هواوەی لەسەر هەیە. بە پێی بانگەشەکە بێت، مۆبایلەکەی هواوەی ناوی Mate X ـە و وەکو لەسەر پۆستەرەکەدا هاتووە شێوەی مۆبایلە چەماوەکەی هواوەی ئاشکرا بووە.

لە بەشێکی پۆستەرەکەدا درووشمی مۆبایلە چەماوەکەی هواوەی دەردەکەوێت و درووشمەکە لە ژێر ناوی “خێراترین مۆبایلی چەماوەیی 5G لە جیهاندا” دەبێت.

بە گشتی دزەپێکردنی زانیاری و وردەکارییەکان لەسەر مۆبایلە چەماوەییەکان زۆر کەمن و بگرە هەر بوونیان نییە، هەر بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەک لەسەر مۆبایلە چەماوەییەکەی هواوەی لەبەر دەستتدا نییە.

وا بڕیارە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل Mobile World Congress 2019 لە ڕێکەوتی 25 ـی ئەم مانگەدا دەست پێبکات و 3 ڕۆژ بخایەنێت. وا چاوەڕوان دەکرێت هاوشانی هواوەی، شاومیش یەکەمین مۆبایلی چەماوەیی خۆی لە کۆنگرەکەدا نمایش بکات. ئەمە بێجگە لە نمایشکردنی چەندان مۆبایلی جیاوازی دیکە لە لایەن کۆمپانیاکانی دیکەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ