ئەپڵ

ئەپڵ iPad Air و iPad Mini ـی نوێی بە پشتگیری لە Apple Pencil ـەوە ڕاگەیاند

هەر وەک پڕوپاگەندەکان لە پێشوودا ئاماژەیان پێ دابوو، ئەمڕۆ ئەپڵ 2 ئایپادی نوێی ڕاگەیاند کە توانای پشتگیری کردنیان هەیە لە پێنووسی Apple Pencil.

یەکێک لە ئایپادە نوێیەکان iPad Air ـە کە بە نەوەی پێنجەمی زنجیرەی Air هەژمار دەکرێت. خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 10.5 ئینجە لە جۆری Retina و تەنکترە لە چاو نەوەی پێش خۆی، پڕۆسێسەری A12 Bionic ـی لەسەر جێگیرە و بە بژاردەی بیرگەی قەبارە 64 و 256 گێگابایت بەردەست دەکرێت. خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرە لەسەر دوگمەی هۆم و دەرچەی بارگاویکردنەوەی لە جۆری Lightning ـە و خاوەن دەرچەی بیستۆکیشە. بە ڕێژەی 70٪ خێراترە و گرافیکی باشترە و بە ڕێژەی 20٪ قەبارەی گەورەترە لە نەوەی پێش خۆی، هەروەها ڕوونماکەی توانای نیشاندانی نیو ملیۆن ڕەنگی هەیە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تۆنی ڕاستەقینە (True Tone). پشتگیری لە پێنووسی Apple Pencil و تەختەکلیلی زیرەک دەکات. نرخی لە 499$ ـەوە دەستپێدەکات و بە ڕەنگەکانی ئاڵتونی و زیوی خۆڵەمێشییەوە بەردەست دەکرێت.

ئایپادە نوێیەکەی دیکە لە زنجیرەی iPad Mini ـە، خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 7.9 ئینج لە جۆری Retina و پڕۆسێسەری A12 Bionic ـی لەسەر جێگیرە، بە بژاردەی بیرگەی قەبارە 64 و 256 گێگابایت بەردەست دەکرێت. بە هەمان شێوە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرە لەسەر دوگمەی هۆم و دەرچەی بارگاویکردنەوەی لە جۆری Lightning ـە و خاوەن دەرچەی بیستۆکیشە. پشتگیری لە پێنووسی Apple Pencil دەکات. نرخی لە 399$ ـەوە دەستپێدەکات و بە ڕەنگەکانی ئاڵتونی و زیوی خۆڵەمێشییەوە بەردەست دەکرێت.

ئایپادە نوێیەکان بە بژاردەی بە سیمکارتیشەوە بەردەست دەکرێن، بەڵام پێویستە 130$ زیاتر بدەیت. لە ئەمڕۆوە دەست بە فرۆشتنیان دەکرێت بە شێوەی داواکاری کڕینی پێشوەختە و لە هەفتەی داهاتووەوە لە کۆگا فەرمییەکانی ئەپڵ بەردەست دەکرێن و دەگەیەندرێن بە دەستی کڕیارە پێشوەختەکان. دەتوانیت لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵەوە داواکاری پێشوەختە ئەنجام بدەیت.

سەرچاوە :

18 ئازار، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
936