ئەپ و نەرمەکاڵا

ڕەنگە بە بەردەستکردنی چەند ئەپێک لە وەشانی نوێی macOS ـدا، ئەپڵ کۆتایی بە ئەپی iTunes بهێنێت

دەگمەنە یەکێک لە ئێمە بۆ ڕۆژێک ئەپی بەڕێوەبەری تایبەت بە ڕەنگاڵەکان (iTunes) ـی بەکار نەهێنابێت یاخود ئاشنای نەبووبێت. بەڵام ڕەنگە ئەپڵ لە ئێستاوە کار لەسەر کۆتایی هێنانی ئەپەکە بکات، ئەویش بە بەردەستکردنی چەند ئەپێک بۆ چەند بەشێکی نێو iTunes لە وەشانی نوێی macOS ـدا.

پێگەی 9to5Mac لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە وەشانی نوێی macOS 10.15 خاوەنی ئەپە نوێیەکانی Music و Podcasts و Books دەبن، ئەمە لە کاتێکدا هەر 3 خزمەتگوزارییەکە لە ناوخۆی ئەپی iTunes ـدا بوونیان هەیە. هەروەها پێگەکە ئاشکرای کردووە ئەپی تایبەت بە کتێبە ئەلکترۆنییەکانی Books لە وەشانە نوێیەکەی macOS ـدا خاوەن ڕووکارێکی جیاوازتر دەبێت وەک لە ئەپی Books ـی iOS. هەروەها ئەپەکە خاوەن بەشەکانی کتێبخانە و کۆگای کتێب و کتێبە ئەلکترۆنییەکان دەبێت.

دەربارەی ئەپە نوێیەکانی Music و Podcasts، وا پێشبینی دەکرێت ئەپڵ تەکنەلۆژیای Marzipan بەکاربهێنێت بۆ درووستکردنیان بۆ وەشانی نوێی macOS 10.15 و خاوەن ڕووکارێکی جیاواز بن. تەکنەلۆژیاکە تایبەتە بە گواستنەوەی ئەپی خوازراو لە ئایپادەوە بۆ macOS بە بەکارهێنانی کەمترین کۆد. بەڵام ڕوون نییە ئایا ئەپڵ تەکنەلۆژیاکە بۆ درووستکردنی ئەپی Books ـیش بەکار دەهێنێت یاخود نا.

دەربارەی لە ناو چوونی یەکجاری ئەپی iTunes ـیش، ڕوون نییە ئاخۆ ئەپڵ بە یەکجاری کۆتایی بە ئەپەکە دەهێنێت یاخود دەیهێڵێتەوە. بەڵام ئەگەر کۆتایی پێ نەهێنێت، ئەوکات بە تەنها بۆ هاودەمی (Sync) ـکردنی زانیارییەکانی ئامێرەکانی ئەپڵ بەکاردێت.

وا بڕیارە لە کۆنگرەی گەشەپێدەرانی جیهانی WWDC ـی چەند مانگی داهاتوودا وەشانە نوێیەکانی هەریەکە لە سیستەمەکانی iOS 13 و macOS 10.15 و watchOS 6 و tvOS 13 لە لایەن ئەپڵەوە ڕابگەیەندرێن.

سەرچاوە :

9to5Mac

12 نیسان، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
424