ئەپ و نەرمەکاڵا

ئەپڵ لە پلانیدایە ئەپەکانی Find My iPhone و Find My Friends بکات بە یەک ئەپ

ئەپڵ کار لەسەر یەکخستنی هەردوو ئەپەکانی Find My iPhone و Find My Friends دەکات و دەیەوێت بیانکات بە یەک ئەپ.

پێگەی 9to5Mac چەند وردەکارییەکی دزەپێکراوی دەست کەوتووە لە لایەن گەشەپێدەرانی کۆمپانیاکەوە سەبارەت بە پڕۆژەیەکی نوێی کۆمپانیاکە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت کە ئەپڵ دەیەوێت ئەپەکانی Find My iPhone و Find My Friends بکات بە یەک ئەپ و کۆتاییان پێ بهێنێت. ڕەنگە ناوی ئەپەکە GreenTorch بێت و گشت تایبەتمەندییەکانی ئەپەکانی Find My iPhone و Find My Friends لە خۆ بگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتەکە بێت، ئەپە نوێیەکە ڕێگەت پێ دەدات شوێنی ئامێرەکانت بزانیت لە کاتێکدا ئەگەر پەیوەستی وایفای یاخود ئینتەرنێتیش نەبووبێتن. هەروەها هاوشێوەی ئەپی Find My iPhone، کردارەکانی حاڵەتی ونبوون (Lost mode) و کارپێکردنی دەنگ لە نێو ئەپە نوێیەکەدا بوونیان دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەپە نوێیەکە بەردەوام دەبێت لە ڕێپێدان بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئامێری AirPods.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگ و نوێیەکانی ئەپەکە، ڕێگەت پێ دەدات کە ئامێرێکی بێجگە لە ئەپڵ پەیوەست بکەیت بە هەژماری ئایکڵۆدەکەتەوە، تاوەکو بتوانیت شوێنی ئامێرەکە بزانیت. لە کاتێکدایە کە لە ئەپی Find My iPhone ـدا ڕێگەت پێ نادات هیچ ئامێرێکی بێجگە لە ئەپڵ بدۆزیتەوە.

دەربارەی تایبەتمەندییە نوێیەکانی Find My Friends لە ئەپە نوێیەکەدا، کردارەکانی ئەپە نوێیەکە هاوشێوەی ئەپی ئێستای Find My Friends دەبێت. ئەپە نوێیەکە ڕێگەت پێدەدات شوێنەکەت لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتدا هاوبەشی پێ بکەیت و داواکاری بۆ هاوڕێکانت بنێریت بە مەبەستی هاوبەشیپێکردنی شوێنەکانیان لەگەڵتدا. هەروەها ڕێگەت پێ دەدات کە ئاگادارکەرەوەت بە دەست بگات کاتێک هاوڕێیەکت شوێنێکی دیاریکراو بە جێ دەهێڵێت.

هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئەپە نوێیەکە بوونی نییە. بەڵام پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەی WWDC ـی ئەمساڵدا یاخود لەگەڵ بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکان لە مانگی 9 ـدا بەردەست بکرێت. بەمەش کۆتایی بە ئەپەکانی Find My iPhone و Find My Friends دێن و دەبن بە یەک ئەپ.

سەرچاوە :
19 نیسان، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
517