10
ئەپ و نەرمەکاڵا 30, نیسان 2019 بۆچوون

بەمزووانە ئەپی مێسنجەر بۆ کۆمپیوتەرەکان بەردەست دەکرێت

ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک کۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە ژێر ناوی F8 لە شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئەنجامدا، تێیدا چەندین ڕاگەیاندنی دەربارەی خزمەتگوزارییەکان و پلانەکانی ئاشکراکرد. یەکێک لەو ڕاگەیاندنانە، ڕاگەیاندنی ئەپی مێسنجەر بوو بۆ کۆمپیوتەرەکان.

فەیسبووک دەیەوێت دووبارە ئاوڕ لە گەشەپێدانی نەرمەکاڵاکان بۆ کۆمپیوتەرەکان بداتەوە، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە بەمنزیکانە ئەپی فەیسبووک مێسنجەر بۆ هەردوو سیستەمی macOS و Windows بەردەست دەکرێت. هەرچەندە ژمارەی بەکارهێنەرانی مۆبایلەکان لە چاو کۆمپیوتەرەکان ئێجگار زیاترن، بەڵام هەندێک کەس هەن کە ڕۆژانە بە هۆی کارکردنەوە چەندین کاتژمێر بە کۆمپیوتەرەوە خەریک دەبن، ئامانجی بەردەستکردنی ئەپەکە بۆ کۆمپیوتەرەکانیش هەر ئەمەیە و کۆمپانیاکە دەیەوێت بەکارهێنەرە هەمیشەییەکانی کۆمپیوتەر پەنا نەبەنە مۆبایلەکانیان یاخود پەڕەی خزمەتگوزارییەکە لە وێب بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نامەکان.

ئەپەکەی مێسنجەر بۆ کۆمپیوتەرەکان خاوەن تایبەتمەندییەکانی پەیوەندی دەنگی و پەیوەندی ڤیدیۆیی بە کۆمەڵ و چەندان تایبەتمەندی دیکەی هاوشێوەی ئەپەکە لە مۆبایل دەبێت. بەمەش دەبێتە جێگرەوەیەکی تەواو بنەڕەتی و خێرا بۆ پەڕەی وێبی خزمەتگوزارییەکە (Messenger.com).

ئەپی مێسنجەر بۆ کۆمپیوتەرەکان لە ئێستادا لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و وا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی سیستەمی macOS و Windows بەردەست بکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ