ماک

مایکرۆسۆفت پشتگیری کردنی وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بۆ سیستەمی macOS ڕاگەیاند (نوێکراوە)

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی گەشەپێدەری Build ـی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە دوێنێدا. کۆمپانیاکە چەندین ڕاگەیاندراوی هەبوو. یەکێک لەو ڕاگەیاندراوانە، پشتگیری کردنی وێبگەڕی Microsoft Edge بوو لە سیستەمی macOS. ئەمەش لە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 16 ساڵ بەسەر بەردەستنەکردنی هیچ وێبگەڕێکەوە بۆ macOS لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە.

لە سەرەتاکانی مانگی ڕابردوودا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت یەکەمین وەشانی تاقیکاری لە وێبگەڕی Microsoft Edge ـی داڕێژراو لەسەر وێبگەڕی Chromium بەردەستکرد بۆ گەشەپێدەران و تاقیکارە گشتییەکان. هەروەک ئاماژەی پێ دراوە، وێبگەڕەکە لەسەر پڕۆژەی سەرچاوە کراوەی Chromium ـی گووگڵەوە دووبارە داڕێژراوەتەوە. لە ئێستادا وەشانە تاقیکارییەکەی وێبگەڕەکە تەنها بۆ سیستەمی Windows 10 بەردەستە. بەڵام دوێنێ، مایکرۆسۆفت بەڵێنی دا لە داهاتوویەکی نزیکدا وەشانە تاقیکاری و فەرمییەکانی وێبگەڕەکە بۆ سیستەمی macOS ـیش بەردەست بکات.

لە ساڵانی نێوان 1998 تاوەکو 2003، کۆمپانیای ئەپڵ وێبگەڕی Internet Explorer ـی مایکرۆسۆفتی وەکو وێبگەڕی بنەڕەتی لە سیستەمی macOS ـدا بەکارهێنا. تا ئەو کاتەی کە ئەپڵ وێبگەڕی Safari ـی لە وەشانی Mac OS X Panther بەردەستکرد، چیدیکە پشتی بە وێبگەڕەکەی مایکرۆسۆفت نەبەست وەکو وێبگەڕێکی بنەڕەتی. ئەمەش وای کرد لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا مایکرۆسۆفت هیچ وێبگەڕێکی بۆ سیستەمی macOS بەردەست نەکات.

نوێکراوە: ئێستا بەردەستە بۆ داگرتن

کرتە بکە بۆ داگرتنی جۆری Canary لە وێبگەڕەکە بۆ macOS

کرتە بکە بۆ داگرتنی جۆری Dev وێبگەڕەکە بۆ macOS

7 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
517