مایکرۆسۆفت

بە فەرمی وێبگەڕی Microsoft Edge ـی داڕێژراو لەسەر وێبگەڕی Chromium بەردەستە بۆ داگرتن بە شێوەی تاقیکاری

لە دوای چەند مانگێک بە سەرقاڵبوون بە داڕشتنەوەی وێبگەڕی Microsoft Edge لەسەر وێبگەڕی سەرچاوە کراوەی Chromium لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە، کۆمپانیاکە بە فەرمی وێبگەڕە داڕێژراوەکەی بۆ گەشەپێدەران و تاقیکارە گشتییەکان بەردەست کرد.

پێشووتر دەمانزانی گۆڕانکارییەکان لە وێبگەڕی داڕێژراوەی Microsoft Edge ـدا چین، بە هۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەند وێنەیەکی نێو وێبگەڕەکە دزەیان کردبوو. بە فەرمی مایکرۆسۆفت وێبگەڕەکەی بە شێوەی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەران و تاقیکارە گشتییەکان بەردەست کرد. لە کاتی بەکارهێنانی وێبگەڕە داڕێژراوەکەدا، هەست دەکەیت کە وێبگەڕی Google Chrome بەکار دەهێنیت، ئێستا وێبگەڕەکە پشتگیری لە زیادکراوەکانی Chrome دەکات.

هاوکات ئێستا وێبگەڕە داڕێژراوەکە پشتگیری لە هاودەمی کردن (Sync) ـی بەدڵبووەکان و مێژوو و پاشگر و نیشانکەرەکان دەکات. هەروەها ئەندازیارانی هەردوو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و گووگڵ بە یەکەوە کار لەسەر باشترکردنی پڕۆژەی Chromium دەکەن، ئەمەش مانای باشتربوونی هەردوو وێبگەڕی Microsoft Edge و Google Chrome دەگەیەنێت لە داهاتوودا و لە ویندۆزدا.

وێبگەڕی داڕێژراوەی Microsoft Edge لە ئێستادا بۆ سیستەمی Windows 10 بەردەستە، بەڵام کۆمپانیاکە بەڵێن دەدات لە داهاتوویەکی نزیکدا پشتگیری هەر یەکە لە سیستەمەکانی Windows 8 و Windows 7 و تەنانەت macOS ـیش بۆ وێبگەڕە داڕیژراوە تاقیکارییەکە زیاد بکات. ئەمە یەکەمین وەشانی تاقیکاری وێبگەڕە داڕێژراوەکەیە، بۆیە گونجاوی زیاتری پێوە دیارە بۆ گەشەپێدەران، بەڵام مایکرۆسۆفت وەشانی تاقیکاری بۆ ئەو کەسانەش بەردەست کردووە کە خوازیارن وێبگەڕە داڕێژراوەکە تاقیبکەنەوە.

دەربارەی ڕێکەوتی بەردەستکردنی وێبگەڕە داڕێژراوەکە بە شێوەی گشتی، تاوەکو ئەم ساتە لە لایەن کۆمپانیاکەوە ئاشکرا نەکراوە.

کرتە لێرە بکە بۆ داگرتنی وێبگەڕی داڕێژراوەی Microsoft Edge بە شێوەی تاقیکاری (بە تەنها بۆ Windows 10)

سەرچاوە :
9 نیسان، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
589