تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 10, ئایار 2019

فەیسبووک تایبەتمەندییەکی نوێی تایبەت بە یادی لەدایکبوون زیادکرد

لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە نێو کۆمەڵگاکەماندا وا باو بوو کە لە ڕۆژی لەدایکبوونی هاوڕێیان و کەسە خۆشەویستەکانماندا، بە کورتەنامە یاخود کارتی فیزیایی پیرۆزباییان لێ بکەین. فەیسبووک ئەم کردارەی بۆ کردینە ئەلکترۆنی و لەمەودوا دەتوانیت بە شێوەیەکی جیاواز پیرۆزبایی لە هاوڕێکانت بکەیت.

فەیسبووک لە بە کۆمەڵایەتی کردنی زیاتری تۆڕەکەیدایەتی. لە هەنگاوێکی نوێدا، کۆمپانیاکە تایبەتمەندییەکی تایبەتی بۆ یادی لەدایکبوون زیادکرد، ئەویش دەربڕینی پیرۆزباییە بە شێوەی کارت لە ستۆری. تایبەتمەندییە نوێیەکەی فەیسبووک ڕێگەت پێ دەدات پیرۆزبایی لە هاوڕێ نزیکەکانت بکەیت و پیرۆزباییەکە لە ستۆرییەکاندا بڵاو بکەیتەوە، هەروەها دەتوانیت پیرۆزباییەکە لە ستۆری خۆتدا بڵاو بکەیتەوە.

کاتێک هاوڕێیەکت پیرۆزباییەکەی لە ستۆرییەکەت بڵاوکردەوە، بەشەکە دەبێت بە ناوی “Your Birthday Story”، هەروەها ناوی ئەو هاوڕێیەشت دەنووسرێت کە پیرۆزباییەکەی لە ستۆرییەکەت بڵاو کردۆتەوە. هەروەک چۆن ستۆری ئاسایی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەمێنێتەوە، پیرۆزباییەکانی لەدایکبوونیش بە هەمان شێوەن.

ناتوانیت ئەم پیرۆزباییە بۆ سەرجەم هاوڕێکانت ئەنجام بدەیت کە لە ڕۆژێکدا یادی لەدایکبوونیانە، بەڵکو تەنها دەتوانیت بۆ ئەو هاوڕێیانەت بە ئەنجام بگەیەنیت کە پەیوەندییەکی زۆرتان لەگەڵ یەکتردا هەیە و زیاتر ئاشنای یەکترن.

لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بەردەستە و بەمنزیکانە بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ