هەواڵ
31, ئایار 2019
مەیزوو مۆبایلی Meizu 16Xsـی بە سێ کامێرا و پەنجەمۆری ژێر ڕوونماوە ڕاگەیاند

وەک چاوەڕوان دەکرا مەیزوو ئەمڕۆ 30/5/2019 مۆبایلی Meizu 16Xsـی بە فەرمی ڕاگەیاند. مۆبایلەکە لە جۆری ئاست مامناوەندە بەڵام نرخێکی زۆر گونجاوی هەیە و تایبەتمەندییەکانیشی بێگومان گونجاون بۆ نرخێکی لەو شێوەیە، Meizu 16Xs لە ڕووکاری پێشەوە خاوەنی ڕوونمایەکی AMOLEDـە و ڕێژەی لە سەدا 90%ـی بەشی پێشەوەی مۆبایلەکەی داگیرکردووە و هەستەوەری پەنجەمۆریش لە ژێر ڕوونماکەدا بەردەستکراوە، بێگومان هیچ نۆچێکیش بوونی نییە لە مۆبایلەکە و کامێرای پێشەوەش لە بەشی سەرەوەی جێگیرکراوە.
لە ڕووکاری پشتەوەش خاوەنی سێ کامێرایە بە ڕوونی 48+8+5 مێگاپێکسڵ و لەم بارەیەوە مەیزوو دەڵێت کامێرای پشتەوە دۆخی Super Night Viewـی تێدا بەردەستکراوە لە ڕێگایەوە بەکارهێنەر دەتوانێت 8 وێنە تێکەڵ بکات هەتاوەکو وێنەیەکی جۆرایەتی بەرز دروست ببێت، هەروەها شایەنی ئاماژە پێدانە کۆمپانیای مەیزوو ڕێکەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای سامسۆنگدا ئەنجامداوە هەتاوەکو ڕوونمایەک بەردەست بکات لەم مۆبایلە کە هاوڕێی چاو بێت و کەمترین زیانی هەبێت بۆ بەکارهێنەر.
لە بارەی تایبەتمەندییەکانی دیکەشیەوە ئەوا کاردەکات بە پڕۆسێسەرێک لە جۆری Snapdragon 675 و خاوەنی پاتریەکە بە توانستی 4000 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرا دەکات بە خێرایی 24 وات، جگە لەمەش Meizu 16Xs پێشووتر سیستمی ئەندرۆید پای 9.0ـی لەسەر جێگیرکراوە بە ڕووکاری خێرای FlymeOS 7.
گرنگترین تایبەتمەندییەکان:-
- ڕوونما: لە جۆری AMOLED و بە ڕوونی 1080×2232 پێکسڵ و بە قەبارەی 6.2 ئینج و بە دووری 18:5:9
- پڕۆسێسەر: هەشت ناوکی لە جۆری Snapdragon 675
- پڕۆسێسەری گرافیک: Adreno 612
- سیستمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید پای 9.0 بە ڕووکاری FlymeOS 7
- کامێرای پێشەوە: 16 مێگاپێکسڵ
- کامێرای پشتەوە: سێ کامێرا بە ڕوونی 48+8+5 مێگاپێکسڵ و پشتگیری لە دۆخی Super Night View دەکات
- ڕام: 6 گێگابایت
- بیرگە: 64 یان 128 گێگابایت و پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی ناکات
- توانستی پاتری: 4000 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرا دەکات بە خێرایی 24 وات
- پاراستن: هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما
- ڕەنگ: ڕەش و سپی و شین
- نرخ: 245 دۆلار بۆ جۆری 6/64 گێگابایت و 289 دۆلار بۆ جۆری 6/128 گێگابایت
- بەرواری بەردەستبوون: 10/6/2019
سەرچاوە:
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.