ئای ئۆ ئێس
11, حوزهیران 2019
ئەپڵ وەشانی iOS 12.3.2 ـی بە چارەسەرکردنی کێشەیەکەوە بە تەنها بۆ بەکارهێنەرانی iPhone 8 Plus بەردەستکرد

لە دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر بەردەستکردنی وەشانی iOS 12.3.1، ئەپڵ وەشانی iOS 12.3.2 ـی بە چارەسەرکردنی کێشەیەکەوە بەردەستکرد، بەڵام بە تەنها بۆ بەکارهێنەرانی ئامێری iPhone 8 Plus.
وەشانی iOS 12.3.2 وەشانێکی چارەسەرکەرە و بە تەنها ڕەوانەی بەکارهێنەرانی iPhone 8 Plus کراوە. وەشانە نوێیەکە چارەسەری کێشەی دۆخی پۆرترەیت (Portrait mode) ـی لە ئەپی Camera ـدا کردووە کە ڕووبەڕووی ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی iPhone 8 Plus ببووەوە، کێشەکە ببووە هۆی لە کار خستنی هەستەوەری قوڵی لە کاتی چرکاندنی وێنەدا، بەمەش بەشێک لە وێنەکە لێڵ نەدەبوو و لەو کاتەدا دۆخەکە بێسوود بە دیار دەکەوت.
ئێستا وەشانەکە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی iPhone 8 Plus بەردەستە و دەتوانیت بە یارمەتی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە وەشانەکە دابگریت:
- کردنەوەی ئەپی Settings
- کردنەوەی بەشی General
- کردنەوەی بەشی Software Update
- کرتە کردن لە Download and install
تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:
- پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە 50% زیاتر بێت.
- پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.