10
گەرمترین 29, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

ترەمپ سزاکان لەسەر کۆمپانیای هواوەی لادەبات و ڕێگە دەدات کۆمپانیا ئەمریکییەکان مامەڵە لەگەڵ هواوەیدا بکەنەوە

لە دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای توندی خستە سەر کۆمپانیای هواوەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ دەستی بە وتووێژ کرد لەگەڵ سەرۆکی چیندا و ڕایگەیاند کە سزاکان لەسەر کۆمپانیای هواوەی لادەبات.

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی G20 لە ئەمڕۆدا و لە وڵاتی ژاپۆن، دۆناڵد ترەمپ چاوی بە سەرۆکی وڵاتی چین Xi Jinping کەوت. ترەمپ ڕایگەیاند کە هەردوو وڵاتەکە دەگەڕێنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بازرگانی. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئەمریکا سزای فرۆشتنی بەرهەمەکانی هواوەی لە وڵاتەکەیدا لا دەبات و ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات کە مامەڵەی فرۆشتن و بازرگانی لەگەڵ هواوەیدا ئەنجام بدەن.

بەڵام ترەمپ ئاماژەی بە کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوانیان نەکرد. هەر بۆیە ڕوون نییە کە بە دیاریکراوی لە چ کاتێکدا ڕوودەدات. بەڵام سەر ئەنجام لێدوانەکەی ترەمپ بە دڵنیاییەوە بوو. بە پێی پێگەی The Washington Post، ترەمپ بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە دەست دەکات بە وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا تاوەکو گوشار لەسەر هواوەی کەم بکەنەوە و سزاکەی لەسەر لابدەن. بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە بە نافەرمی ماوەتەوە.

دیارترین سزا کە لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە سەپێندرا بەسەر هواوەی لە ماوەی ڕابردوودا، وەستاندنی پشتگیری سیستەمی ئەندرۆید و بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ بوو لە لایەن گووگڵەوە. بەڵام وا دیارە کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەست بە بازرگانی ئاسایی خۆیان دەکەنەوە لەگەڵ هواوەیدا.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ