گەرمترین

بە هۆی یاساکانی ئەمریکاوە، گووگڵ پشتگیریکردنی سیستەمی Android و زۆرینەی خزمەتگوزارییەکانی خۆی لە مۆبایلەکانی هواوەی وەستاند

 

هواوەی لەماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سزا سەختەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەوە بە تۆمەتی سیخوڕی کردن لەسەر ڕاژە ئەمریکییەکان، هەروەها ترەمپ داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هواوەی و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی چینی بوەستێنن. بەم بۆنەیەوە، گووگڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیای ئەمریکی یاساکەی پەیڕەو کرد و مۆبایلەکانی هواوەی بێبەش کرد لە وەشانە نوێیەکانی سیستەمی ئەندرۆید.

بە پێی پێگەی Reuters، گووگڵ لە ئەم ساتەوە گشت جۆرە پشتگیرییەکی سیستەمی ئەندرۆیدی لە سەرجەم مۆبایلەکانی هواوەی وەستاند. بەمەش هواوەی ناتوانێت سوود لە وەشانەکانی داهاتووی سیستەمەکە و پڕۆژەی سەرچاوە کراوەی ئەندرۆید (Android Open Source Project) وەربگرێت. لە ڕاستیدا ئەمە واتای ئەوەیە هیچ نوێکاریەکی تری ئاسایشی ئەندرۆید بۆ ئامێری نوێ و کۆنی هواوەی بەردەست نابێت، بە لەخۆگرتنی نوێترینەکانیش، واتە P30 و P30 Pro و Mate 20 Pro و زیاتریش…

هەر بە هۆی وەستاندنی پشتگیری ئەندرۆیدەوە، هواوەی چیدیکە ناتوانێت سوود لە ئەپ و خزمەتگوزارییە فەرمییەکانی کۆمپانیای گووگڵ وەربگرێت، گرنگترین ئەو ئەپ و خزمەتگوزارییانەش بریتین لە کۆگای Google Play و ئەپی Gmail. هەروەها گووگڵ گشت پشتگیرییەکی تەکنەلۆژی و هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای هواوەی چینی پچڕاند. بە چوونی کۆمپانیای هواوەی بۆ لیستی ڕەشی ئەمریکا، ڕەنگە کۆمپانیاکە پشت بە ئەپە لایەنە سێیەمەکان و خزمەتگوزارییە جیاوازەکانی دیکە ببەستێت. وە تاوەکو ئێستاش هیچ گرەنتییەک لە لایەن هواوەییەوە بوونی نییە بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکان لە خاوەنەکانیان (بە تایبەتی خاوەنەکانی مۆبایلی هواوەی P30 Pro).

بێگومان ئەگەر چیرۆکەکە ڕاست و دروست بێت، ئەوا زەبر و زەلەیەکی مەترسیدارە بەر هواوەی دەکەوێت. ئەمە لە کاتێکدا هواوەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەمێکە بۆ دۆخی لەم شێوەیە ئامادەکاریان کردووە، ئیتر چی ڕوودەدات جارێ ناڕوونە. هەروەک کۆمپانیای ئۆنەر، کە بەشێکە لە هواوەی، خۆی ئامادەکردووە بۆ ڕاگەیاندنی ئۆنەر ٢٠ لە ٢١ی ٥ لە لەندەن، بەڵام ڕوون نییە چی ڕوودەدات.

ئەوەی تا ئەم خولەکە هەیە، هواوەی دژی ئەم بڕیارەیە کە لە لایەن ئۆفیسی پیشەسازی و ئاسایشی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکاوە دراوە. هەروەک وا پێناچێت هواوەی لە بەرامبەر ئەم کارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستەوەستان بێت، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆ هەبوو کە دەگوترا کۆمپانیای هواوەی کار لەسەر درووستکردنی سیستەمێکی وەگەڕخەری تایبەت بە خۆی دەکات و چیدیکە پشت بە سیستەمی ئەندرۆیدی گووگڵ نابەستێت. بێگومان ئەمە تاکە بژاردەی کۆمپانیاکەیە بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەم تەنگژەیە لە ئێستادا.

20 ئایار، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
821